پوتین : چاپکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە کاریگەری لەسەر تەواوی ئابووری جیھانی دەبێت

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند، ئابووری جیھانی لە لێکەوتەکانی پەتاکە رزگاری بووە، بەڵام مەترسییەکانی ھەڵاوسان ھێشتا بەردەوامە و گوتی: "چاپکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بەمەبەستی پڕكردنەوەى کورتھێنانی بوودجە، کاریگەریی لەسەر تەواوی ئابووری جیھانی دەبێت".

ڤلادیمیر پوتین لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لەگەڵ بەرپرسە رووسییەکان ئەنجامیدا، ھەڵسەنگاندنی بۆ بابەتە ھەنووکەییەکانی پەیوەست بە ئابووری وڵاتەکە ئەنجامدا.

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەکرد کە ھەڵاوسان لە ئەمریکا سەدا پێنجی تێپەراندووە و گوتی: "ماوەی دوو ساڵە بوودجەی ئەمریکا سەدا 15 کورتدەھێنێت. باشە ئەم کورتھێنانی بوودجەیە چۆن پردەکرێتەوە؟ بە چاپکردنی دراو. ئەمەش دەبێتە ھۆکاری ھەڵاوسان. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ئابووری ئەمریکا و دۆلار وەکو دراوی یەدەگ، ئەوە چاپکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بەمەبەستی پرکردنەوەی کورتھێنانی بوودجە کاریگەری لەسەر تەواوی ئابووری جیھان دەبێت".

ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە پێویستە چەند راوێژکارییەک لەسەر چۆنێتی بووژانەوەی ئابووری رووسیا لەژێر کاریگەرییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین و گوتی: "دەتوانین ئەوە ببینین کە بووژانەوەی ئابووری جیھان بەشێوەیەکی گشتی بەردەوامە، بەڵام لە ھەمان کاتدا پەیوەندییەکانی ئەم پرۆسەیە لەگەڵ مەترسییەکانی ھەڵاوسانیش بەردەوامە".

سەرۆکی رووسیا ئەوەیشی خستەڕوو کە ھەڵاوسان لە رووسیادا لە ئاستێکی گرنگدا نییە بەڵام ھێشتا لەسەرووی ئەو ئاستەیە کە ئامانجیانە و گوتی: "حکوومەت و بانکی ناوەندی رووسیا، ھەنگاوی ئابووری و رێکاری سێکتەری لەبەرامبەر ئەم ھەڵاوسانە دەنێت. زۆر گرنگە سەرجەم ئەو ھەنگاوانەی کە دەینێین رێکخراو و ھاوسەنگ بێت".