هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رێوه‌چوونی مۆندیال بۆ هه‌ردوو ساڵ جارێك به‌رده‌واممه‌


یه‌كێتی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی فیفا له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی بۆ بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانی ڕكابه‌ریه‌كانی مۆندیال بۆ هه‌ر دوو ساڵ جارێك به‌رده‌واممه.
ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی فیفا له‌ ڕاپرسیه‌كدا له‌ تۆڕی ئینته‌رنێت بۆچوونی هانده‌رانی تۆپی پێی له‌مباره‌وه‌ وه‌رگرتووه، له‌ ڕاپرسیه‌كه‌دا 23 هه‌زار كه‌س له‌23 وڵات به‌شداریان كردووه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زۆربه‌ی به‌شداربووان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان یاریه‌كانی جامی جیهان هه‌ر دوو ساڵ جارێك سازبكرێت له‌بری ئه‌وه‌ی چوار ساڵ جارێك به‌ڕێوه‌بچێت.
 واش بڕیاره‌ فیفا ڕاپرسیه‌كی به‌رفراوانتر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامبدات كه‌ تیایدا بۆچوونی سه‌د هه‌زار كه‌س له‌ سه‌د وڵاتی جیا وه‌ربگرێت.
به‌م دواییه‌ش زۆربه‌ی یه‌كێتیه‌كانی تۆپی پێی وڵاتانی جیهان و كه‌سایه‌تیه‌ وه‌رزشیه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانی یاریه‌كانی جامی جیهان بۆ هه‌ر دوو ساڵ جارێك‌ ده‌ربڕی، هاوكات هه‌ردوو یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكای باشوور هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌یان له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی مۆندیال كرد ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت.