لە مەڕاسیمێکدا بنکەی تەندروستی ئازادی له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌وه‌

ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی ئەیلوولی 2021 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بنکەی تەندروستی ئازادی.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، بڕی 2 ملیار و 154 ملیۆن دینار بۆ بنیاتنانەوە و فراوانکردنی بنکەکە تەرخانکرد و ئەمڕۆش بنکەکە لە مەڕاسیمێکدا کرایەوە.

ڕاشیگەیاند، هەوڵدەدەین لە داهاتووشدا چەندین پسپۆڕ و کەسانی شارەزا، هەروەها ئامێر و پێداویستی دیکەش بۆ بنکەکە دابین بکەین.

سەبارەت بە کارتی ڤاکسین سامان بەرزنجی ئاشکرای دەکات، ئەو کارتەی لەکاتی وەرگرتنی ڤاکسین دەدرێت بە هاووڵاتییان کارتێکی پشتڕاستکراوە نییە، بەڵکوو تەنها بۆ دیاریکردنی ماوەی نێوان وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینەکانە، تەنها کارتی ئەلیکترۆنی ڤاکسین کارتێکی متمانە پێکراو و باوەڕپێکراوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان.

گوتیشی، کۆمەڵێک کەس لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی ساختەکردنی کارتی ڤاکسینەوە، هەر کەسێک هەوڵی کارێکی لەم شێوەیە بدات ڕووبەڕووی ڕێککاری یاسایی دەبێتەوە.

سامان بەرزنجی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە داواکردنی نرخێکی زۆر لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتییەکانەوە ڕایگەیاند لیژنەی بەدواداچوون و پشکنین کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات، تا ئێستا زیاتر لە 450 هەزار دۆلار گەڕێندراوەتەوە بۆ هاووڵاتییان، ڕاشیگەیاند، هەر هاووڵاتیێک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانەوە بڕێکی زۆری لێ سەندرابێت و لەوە زیاتر بێت کە بۆیان دیاریکراوە پەیوەندیمان پێوە بکات بۆی دەگەڕێنینەوە.