Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 08:23

فه‌رمانده‌یی هێزه‌کانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی کوردستانی پووچه‌ڵ کرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

 

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوارساڵه‌ی داستانی پردێی ساڵی 2017 بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داستانه‌كه‌ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌‌.

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات: رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هێزه چه‌كداره‌كانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراقی لە سەروبەندی ڕووداوه‌كانی دوای 16ی ئۆکتۆبەردا بە چاوساغی و ڕێنیشاندەری گرووپێکی (خیانەتکاری هەرزە و کالفام) ھێرشیان کردە سەر کوردستان بە ئامانجی نەھێشتنی کیانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی کوردستانیان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: لە ساتەوەختی ھێرشکردنی حه‌شد و سوپای عێراق بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لەو کاتەدا چەند ھێز و فەرماندەییەکی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکیان پاراستنی ھێلی پێشەوە بوو، یه‌كێك له‌وانیش ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ بوون.

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: یەکەکانمان بە سەرکردایەتی فەرماندە سیھاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی/١ ڕۆلێکی یەکلاکەرەوەیان ھەبوو بە سەرکەوتن بەسەر دوژمن لە ڕێگای ڕاگرتن و تێکشکاندنی ھێرش و بێدەنگکردنی تۆپخانە و چەکی قورس و لاوازکردنی ورەی دوژمن، لە بەرامبەریشدا بەرزڕاگرتنی ورەی پێشمەرگە و تێکشکاندنی ئالیات و گه‌یاندنی زیانێكی زۆری گیانی لەناو دوژمندا کە بە کوژران و برینداربوونی سەدان چەکدار مەزەندە دەکرا.

فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ 20ی ئۆكتۆبه‌ر توانرا سەرکەوتنێکی گەورە بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌دەست بهێنرێت و خەونی گڵاوی دوژمنانیش پوچەڵ بکرێتەوە.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌ی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا هاتووه‌ كه‌ لە چوارەم ساڵیادی داستانە پڕ شکۆیەکانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، دەبینین بکەرە سەرەکییەکانی ئەو خیانەتە لە دوژمن و چاوساغەکانیان لە کوێن و گەلی کورد و کیانەکەی لە کوێن، نەمری بۆ شەھیدانی گیان پاکی نیشتمان و سڵاو بۆ خۆڕاگری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.