Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 14:06

 ئەحمەد شەماڵ ئەو هونەرمەندەی بەهەژاری ژیاو بەهەژاریش سەری نایەوە ؟!

1922 - 1997
کوردستان TV
100%

یەكێك لەو بوارانەی كەمەبەستمە ئاماژەی پێبدەم بواری ( هونەر ) ە ، بەتایبەت هونەری موزیك و گۆرانی كە چەندین هونەرمەندی خۆڕسك لەمەیدانی هونەردا سەریان هەڵداوە و كاریگەریان هەبووە لەسەر سلێمانی بەتایبەتی و چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بەگشتی .

شاری سلێمانی ،  ئەو شارەی لەسەرەتای بنیاتنانیەوە ڕوخساری شارێكی شارستانی لە خۆگرتووە ، و لەماوەی ئەو تەمەنە كەمەیدا سلێمانی بۆتە لانكەی چەندین شۆڕەسواری بواری ڕۆشنبیری ، ڕامیاری ، ئەدەبی و فەرهەنگی و هونەری كەهەریەكەیان جێ‌ پەنجەیان لەڕابردوو  و ئێستای ئەو شارەدا دیارە .11

هەروەها شاری سلێمانی بۆتە جێگەی حەوانەوەو برەودان و گەشەپێدانی لایەنی هونەری زۆر له‌هونەرمەندانی پارچەكانی تری كوردستان.

یەكێك لەو هونەرمەندە خۆڕسك و دەنگخۆش و كەم وێنانەی بواری هونەری گۆرانی كوردی بەتایبەت هونەری گۆرانی میللی ، هونەرمەند ( ئەحەی خولە سنەیی ) یە كەبە ( ئەحمەد شەماڵ ) لەنێو هاوڕێ‌ و نێوەندی هونەریدا زیاتر ناسراوە ،

كاتێك گوێ‌ بیستی دەنگی ئەم هونەرمەندە دەبین ، بێ‌ ئەوەی هەست بكەین ڕاستەوخۆ دەنگە پڕ بەسۆزەكەی پەلكێشمان دەكات بەرەو گەرماوی ( سورەت ) وگەڕەكە دێرینەكانی وەك ( چوارباخ ، سەرشەقام ، سەركارێز ، شیوی قازی و جولەكان و هاوینە هەوارەكانی دەوروبەری شاری سلێمانی )

ئەحمەد شەماڵ دەنگی بەسۆزی هونەرمەندێك كە هەمیشە ڕەش بین بووە بەرامبەر بەژیان ، هۆكاری ئەو ڕەشبینیەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە پڕ نابەرابەری  و چەرمەسەری و نەهامەتی و نەدارییەی كە هەمیشە بەرۆكی هونەرمەندی گرتبوو، لەژیانیدا هونەرمەند زۆر ناڕەحەتی و تاڵی چەشتووە ، كاتێك گوێ‌ لەگۆرانیەكانی دەگرییت پڕیەتی لەئاخ و ناڵە و سەختی ژیان و بەدی نەهاتنی ئاوات و ئامانجەكانی و هەروەها هەست بەوەدەكرێت هونەرمەند لەزۆرینەی جوانیەكانی ژیان بێ‌ بەش بووە ، به‌ڵام ده‌نگه‌ خه‌مئامێزه‌كه‌ى هه‌ميشه‌ كاريگه‌رى له‌سه‌ر بيسه‌ر و گوێگر داناوه‌.

ئەحمەد شەماڵ دەنگێكی كوردی و ئاوازێكی ڕەسەن و هەڵقوڵاوی نێو كۆمەڵگای كوردی بەدرێژایی نیو  سەدە خزمەتی بە هونەری گۆرانی نەتەوەكەی كردووە ، دەنگێك ئەوەندە بەهەست و سۆزەوە ئازارەكانی ناخی خۆی دەربڕیوە كەڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیسەر داناوە چونكە زۆرینەی  بەرهەمەكانی  گوزارشتە لەتاڵییەكانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەتایبەت هەژاری و نەداری و كرێنشینی ،

ئەودەمانەی هونەرمەند لەژیاندابووە و گۆرانی لێرەو لەوێ‌ خوێندووە لەزۆرینەی گۆرانیەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە كە گۆرانی بۆخۆی دەڵێت و هەرگیز نەیكردووە بە منەت بەسەر كەسەوە كە گۆرانی بۆكێ‌ خوێندووە .

 لەگۆرانیەكانیدا هەمیشە ئازارەكانی ژیانی خۆی بۆ كۆمەڵگه‌كه‌ى بەیان كردووە ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عادل حه‌مه‌ كه‌ريم له‌باره‌ى توخمى ده‌نگ  و ده‌قى گۆرانييه‌كانى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ  ده‌ڵێت : ( نهێنى كاره‌كانى ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌چه‌ند توخمێكى به‌هێزى گۆرانييه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ئه‌وانيش ئه‌مانه‌ن : 1/ ئاواز ( ميلۆدى ) گۆرانييه‌كانى كه‌مۆركى سه‌رجه‌م ئاوازه‌كان له‌گۆرانى ميللى و فۆلكلۆرى كوردييه‌وه‌ نزيكن ، واته‌ ئه‌و ئاوازانه‌ كه‌ كۆى خه‌ڵك ئاره‌زوويان ده‌كه‌ن و زوو ده‌گه‌نه‌ گوێگر .

2/ سۆزى ده‌نگ و ئه‌و مۆركه‌ تايبه‌تيه‌ى كه‌له‌ده‌نگيدا به‌دى ده‌كرێ ، ئه‌مه‌ش نهێنييه‌كى ترى كاره‌كانى هونه‌رمه‌نده‌.

3/ سۆزێكى خه‌ماوى سه‌ير به‌ده‌نگيدا به‌دى ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ش بۆ خۆى هۆكارێكى ترى ڕاكێشانى هه‌وادارانى ده‌نگى هونه‌رمه‌نده‌.22

4/ ناوه‌رۆكى گۆرانييه‌كانى واته‌ ده‌قى گۆرانييه‌كانى هه‌ڵقوڵاوى ژيانى چه‌رمه‌سه‌رى خودى هونه‌رمه‌نده‌ و  ووشه‌ى هۆنراوه‌كانى ووشه‌ى ساده‌و ساكارى ناو خه‌ڵك و ژيانى هه‌ژارى مرۆڤى كورد وێنا ده‌كات ، ئه‌م توخمانه‌ به‌شێوه‌يه‌كى زۆر ديار له‌سه‌رجه‌م گۆرانييه‌كانيدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ميشه‌ هه‌وێنێكى بنه‌ڕه‌تى گۆرانييه‌كانى ئه‌حمه‌د شه‌ماڵن) (*1)

هونەرمەند ئەحەی خولە سنەیی،  یان ئەحمەد شەماڵ كێ‌ بوو ؟!

ناوی تەواوی هونەرمەند ( ئەحمەد مەحمود محەمەد ) لەساڵی ( 1922) لەگەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایكبووە ، ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و نەخوێندەوار بووە ، بەڵام بۆ نازناوی ( سنەیی ) و ( شه‌ماڵ )  بۆتە پاشگری ناوی هونەرمەند، سه‌ره‌تا بابزانين بۆ نازناوى ( سنه‌يي ) ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باوك و باپیری  كەلەبنەڕەتدا خەڵكی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن و كارو پیشەیان كاروانچێتی بووە و لەڕێگەی ئەم پیشەیەوە هاتونەتە شاری سلێمانی ، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا لەنێوان شاری سنەو شاری كەركوك  ئه‌و دوو شاره‌ مێژووييه‌ى كوردستان ، كە دووبنكەی بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی كاڵا بوون و شاری سلێمانیش نێوەندێك بووە لەسەر ئەو شاڕێ‌ بازرگانیيە ،باوك باپیری هاتوونەتە سلێمانی وتێيدا نیشتەجێ‌ بوون ، كه‌واته‌ ئه‌م نازناوه‌ له‌باوك باپيرييه‌وه‌ بۆى ماوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت نازناوى (شه‌ماڵ ) له‌چيه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت ؟

سه‌باره‌ت به‌م نازناوه‌ خودى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ نووسه‌ر  (محه‌مه‌د مه‌ردان )  دا ده‌ڵێت ( شه‌ماڵ بايه‌كى نه‌رم و فێنكى وه‌رزى هاوينه‌ ،هاوينيش وه‌رزى هه‌ژارانه‌، بۆيه‌ بۆخۆمم داناوه‌ ،خه‌ڵكيش پێيان ئه‌وتم ، وه‌كو شه‌ماڵ وايه‌ ، له‌سه‌ر به‌ردى ڕه‌ق خۆى ئه‌ژييه‌نێت) (*2)

هونەرمەند بەهۆی بارودۆخ و سەختی ژیان نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدات ، ناچار ڕێگەی دابینكردنی ژیان دەگرێتەبەر و لەگەڵ باوكیدا سەرقاڵی كاری كاروانچێتی دەبێت ، بەردەوامبوون لەسەر ئەو پیشەیە و گەڕان و بینینی دیمەنە جوانەكانی سروشتی كوردستان و كاریگەریان لەسەر هونەرمەند دەبێت و لەو تەمەنە منداڵی و هەرزەكارییەدا هەستیش دەكات كەدەتوانێ‌ گۆرانی بخوێنێ‌ و دەنگیشی خۆشە و بۆ دەربڕینی ئەو هەست و سۆزە پەنگ خواردووەی ناخی  دەست دەكات بە خوێندنی گۆرانی ،سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردن به‌گۆرانيي خوێندن  هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌ديدارێكدا ده‌ڵێت ( به‌ته‌واوى له‌بيرم نييه‌ له‌كه‌يه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى لاويمه‌وه‌ گۆرانيم وتووه‌ له‌ مه‌جليس و دانيشتنى هاوڕێكانمدا گۆرانيم بۆ وتوون، تا واى لێهات له‌ته‌ك ( عه‌به‌ى سه‌يزاده‌ ) به‌مۆسيقاى ( پۆسته‌و ئيداره‌) گۆرانيم ئه‌ووت ، خه‌ڵك ئاشناى ده‌نگ و شێوه‌ى تايبه‌تى من بوون و زانييان كه‌ده‌نگى من بۆ گۆرانى فۆلكلۆر خراپ نييه‌) (*3)

ئەحمەد شەماڵ لەسەرەتای ساڵانی ( 1950) ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو ( عایشە مستەفا _1936 ) كە خزمی خۆی بووە پێكدێنێ‌ و لەدرێژەی ژیانی خێزانیدا هەردوو هاوسەر دەبن بە خاوەنی ( چواركۆڕو سێ‌ كه‌نيشكه‌ )  بەم ناوانە ( جەمال ، جەلال ، جەزا ، جەبار و ناسك ، بەناز و نیاز (*4)

ئەحمەد شەماڵ  باوكێكی دڵسۆز و خەمخۆرو و میهرەبان بووە بۆ خێزان و منداڵەكانی و هەمیشە كەسێكی زەحمه‌تكێش و ڕەنجدەربووە لەژیانیدا و گەلێك كاری كردووە  وه‌ك ( كاروانچێتى ، كرێكارى ، حه‌ماڵى ، چايچێتى ، شوانى و توونچى ) لەپێناو دابینكردنی ژیان بۆ خانەوادەكەی ، سەرەڕای ئەو هەژاری و تاڵیانەی ژیان كەڕووبەڕووی بوونەتەوە هەرگیز دانەبڕاوە لەكۆڕو كۆبوونەوەی هاوڕێ‌ و هاوسۆزان و هه‌وادارانى دەنگەكەی و بەگۆرانیە سادە و خۆش و بەجۆشەكانی درێژەی بەكاروانە هونەرییەكەی داوەو هەرئەوەش بۆتە جێگەی سەرنج و زیاتر خۆشەویست بوونی لەلای خەڵكی.

ژیان بۆ هونەرمەندی كوردو خانەوادەكەی گەلێك سەختە ، چونكە تا ئێستا لەنێو میللەتی كورد  دا نەبۆتە فەرهەنگ كە هونەرمەندی كورد بەهونەرەكەی بژی و ژیانی خۆیی و خانەوادەكەی دابین بكات ،  ئاشكرایە كەدەبیین  یان دەبیستین لێرەو لەوێ‌ هونەرمەندانی نەتەوەكەمان لەپاڵ درێژەدان بەهونەرەكەیان سەرقاڵی كاروپیشەیەكی تر بوون لەپێناو ئەوەدا بژین ، لەبەر ئەوە نابێت ڕۆڵی ئەو خاتوونەی هاوسەری ئەحمەد شەماڵ فەرامۆش بكەین كەشان بەشانی ئەحمەد شەماڵی هاوسەری قۆڵی لێ‌ هەڵماڵیوە  و كاری كردووە لەكارگەی جگەرەی سلێمانی  و، هاوكارو یارمەتیدەری هونەرمەند بووە و هەروەها هۆكارێكیش بووە بۆ یارمەتیدان و درێژە پێدانی هونەرەكەی ئەحمەد شەماڵ .

ئەحمەد شەماڵ لەسەرەتای حەفتاكاندا دەبێتە ( تونچی ) (*5)لەگەرماوی سورەت و درێژە بەم پیشەیەی دەدات ، گەرماوی سورەت بۆتە ئەو خەڵوەتگەیە بۆ هونەرمەند تادوا ساتەكانی ژیانی لەوێدا بەسەر برد و لەپاڵیشیدا درێژەی بەكارە هونەرییەكانی داوە و گڕی ئاگرو دووكەڵی كورەی گەرماوەكەو گۆرانیەكانی ئاوێتەی یەكتر بوون .

ئەحمەد شەماڵ كەسێكی سادەو خۆش مەشرەب و زۆر مرۆڤ دۆست بووە بەردەوام لەخەمی هونەرەكەیدا بووە و هیچ كات هونەرەكەی نەخستۆتە بەرامبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و مەبەستی نەبووە لەڕێگەی هونەرەكەیەوە دەوڵەمەندبێت لەباری ماڵییەوە ، بەڵام دەوڵەمەند لەباری كەسایەتی و هونەرەكەیەوە ،

بەداخەوە  تالەژیاندا بوو كەسێك نەبوو لەخەمی دابێت و پەلی بگرێت و چەند بەرهەمێكی لەسەر بنەمای زانستەكانی موزیك گۆرانی بۆتۆماربكەن ،ئەوەی گوێبیستی دەبین لەبەرهەمەكانی تەنها ئەو گۆرانیانەن كەلەزەماوەند و خەتەنە سووران و كۆڕو كۆبوونەوەی هاوەڵەكانی لەماڵان  یان لە دەشت و دەر بە مۆسيقايه‌كى هەژار بۆی تۆماركراون .

7

هونه‌رمه‌ند وه‌ك ده‌ستپێكى هونه‌رى به‌شێوه‌يه‌كى فه‌رمى و تۆماركردنى گۆرانيي مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى (1953) ، به‌ڵام له‌ساڵى (1957) له‌سه‌ر كاسێت شانۆگه‌رييه‌كى ميللى تۆمارده‌كات ، دواتر له‌ڕێي ڕاديۆى كوردى به‌غداوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، له‌وباره‌يه‌وه‌  نووسه‌ر محه‌مه‌د مه‌ردان  ده‌ڵێت ( دراماى ميللى ( مه‌ته‌ و فه‌ته‌ ) كه‌باس له‌ پياوێكى نه‌خۆش ده‌كات لى لادێوه‌ ده‌يهێنن بۆ لاى دكتۆر له‌ شارى سلێمانى ، دراماكه‌ ماوه‌كه‌ى ( 15) خوله‌كه‌ له‌سه‌ر ديوى كاسێتێك له‌ساڵى (1957) تۆماركراوه‌)(*6)

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1965) چۆته‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و ته‌نها يه‌ك گۆرانييان بۆ تۆماركردووه‌  به‌ناوى ( مينا خان) .

11

هەرچەندە خودی هونەرمەند هەژارو كەم دەرامەت بوو ، موزیك و كارەهونەریەكانیشی بەهەمان شێوەبوون ، لێردا بەپێویستی دەزانم ڕۆڵی برای بەڕێز ( كارزان قەرەداخی )  فەرامۆش نەكەین  و سوپاس و دەست خۆشی ئاراستە بكەین بۆ  ئەرك و ماندووبونی سەبارەت بەتۆماركردن و مونتاژكردنەوەی چەند گۆرانیەكی هونەرمەند بە موزیكێكی نوێوە ئه‌و گۆرانيانه‌ زيندوو بكاته‌وه‌.

 هونەرمەندی كۆچكردوو لەدرێژەی ژیان و كارە هونەرییەكانیدا خاوەنی  ( 67)  بەرهەمە لەسەر كاسێت تۆماركراون و یەكەم بەرهەمی لەساڵی ( 1961) و دوایین بەرهەمی لەساڵی ( 1996) لە ماڵی ( عەلیە سوور ) تۆماركراوە (*7)، هونەرمەند زیاتر لە ( 40) ساڵ خزمەتی بە هونەری گۆرانی كوردی كردووە ، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند كليپى نييه‌ ، ته‌نها ئه‌و ئاهه‌نگ و گۆرانييانه‌ كه‌ به‌ كامێراى ڤيديۆ له‌ماڵان و ئاهه‌نگه‌كان تۆماركراون، هه‌روه‌ها به‌هاوكارى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ ( ئه‌حمه‌د سالار ) به‌شدارى له‌فيلمى كوردى ( خه‌وخۆش ) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان مه‌حمود محه‌مه‌د و بورهان محه‌مه‌د، به‌گۆرانى به‌شدارده‌بێت. لەماوەدرێژەدا بەردەوام خۆشی و كەیف و شادی لەڕێگەی دەنگە خۆشەكەیەوە بەكۆڕگێڕان و بیسەران بەخشیوە ، ئەگەر بەووردی لە هۆنراوەی گۆرانیەكانی  بڕوانین هەست بەوە دەكرێت جگە لەبەیتە فۆلكلۆرییەكان ،زۆرینەی هۆنراوەی گۆرانیەكانی لەهەست و ئێش و ئازارەكانی خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە ، تا دەنگە زۆڵاڵ و هەست بزوێنەكەی  دەیچریكاند بەردەوام دەوروبەری لێوان لێو بوو لە گوێگر و شەوانە سەدان پێك هەڵدراوە بە خۆشی كاك ئەحمەد شەماڵەوە ،  بەڵام بەداخەوە كاتێك ڕۆژگار هەڵدەكشێ‌ و پیری و نەخۆشی تەنگی پێهەڵدەچنێ‌ ڕۆژ بەڕۆژ خۆری بەرەو ئاوابوون هەنگاو هەڵدەگرێت و دڵە پڕلە هیواكەی بێ‌ هێز دەبێت و نەخۆش دەكەوێت و جێگەی هەمیشەیی ( شەماڵ ) ماڵ و قەروەێڵەیەك دەبێت ، بەداخەوە لەوبارودۆخە ناهەموارو دژوارە  دەروونیەدا كەسێك نەبووە ئاوڕێك لە ئەحمەد شەماڵ بداتەوە كە بەدەیان شەوی لەڕێگەی دەنگ و بەزم و گۆرانیەكانیەوە داوەتە دەست ڕووناكیی  تیشكی خۆر ،

هونەرمەند لەیەكێك لە گۆرانیەكانی بەم شێوە سكاڵا ده‌كات و  دەڵێت ،

(چاودەگێڕم دیارنییە كەس

گریانم دێ‌ هەر بەهەوەس

وەفا نەمابوو لەلای كەس )

بەداخەوە ئەحمەد شەماڵی هەژارو كەم دەرامەت بەهۆی نەخۆشی ( دڵ) لەڕێكەوتی ( 3/4/1997) بۆ هەمیشە چاوی لێكنا و ماڵئاوایی لە گەرماوی سورەت و سلێمانی و دونیای هونەر كرد ، ماڵئاوا  و ڕووحت شاد و مەزارەكەت پڕ نوور و چراخان بێت ،

ئاماژەمان بەو لایەنە دا كە زۆرینەی هۆنراوەی گۆرانیەكانی لە هەست و ناخی خۆیەوە دەریبڕیون و دایناون ئەوەش چەند كۆپلەیەك لەیەكێك لە هۆنراوەكانی كەبە مەقام خوێندوویەتی ....

( ئەوا من پیربووم و سەرەی مردن مە

سەرەی گیان كێشان و ڕووح دەرهاتن مە

چاوەڕێی مەلا و تەڵقین و بەردو كفن مە

قەومەكانم براكانم من وەسێتێكتان بۆ دەكەم

ئەگەر من مردم توخوا بم بەن  بۆ شەهیدان

شینم بۆ بكەن بەدڵ و بەگیان

بڵێن ڕۆیی لەدەستمان  چوو كاكە شەماڵ گیان )

 هونەرمەندی كۆچكردوو لەماوەی ژیانی هونەریدا لەگەڵ چەندین هونەرمەندانی گەلەكەمان گۆرانی خوێندووە ، و ئەو بەرهەمانەش هەموویان بەتۆماركراوی وەك ئەرشیف لە تۆمارگای خەیام پارێزراون ، و ئەو هونەرمەندانەش كە ئەحمەد شەماڵ گۆرانی لەگەڵیاندا خوێندووە وەك ( حەسەن زیرەك ، محەمەدی ماملێ‌ ،سەلاح داودە ، فایەق داودە ، كەریم خەمزەیی ، مەحمود محەمەد ،شكور خەیات ، عەسمانی خاڵە حسە ، عەلی ڕەش ، نوری حەوت براو  ئاواتی ئامە قەرەج و چەندینی تر)

ئاشكرایە ئەو بەرهەمانەش بەئامێرێكی سادە لەو سەردەمەدا تۆماركراون ، پێویستە ڕۆڵ و ئەرك و ماندووبوونی هەندێك لەو كەسایەتیانە لەبەر چاوبگرین كەبەهەستێكی دڵسۆزانە و بەرپرسیارێتی بەرهەمی ئەو هونەرمەندانەیان تۆماركردووە و ئەمڕۆبوونەتە ئەرشیف بۆ نەتەوەكەمان ،

ئەو ئامێری تۆماركردنانەش لەو كات و زەمانەدا زیاتر بریتی بووە لە ئامێری ڕیكۆردەری ( گرۆندیك ) زیاتر ( TK 46)  بووە و لەو دوایانەشدا  تەسجیلی ( AKAI) پەیدابوو ئەو كارەیان پێ‌ ئەنجام ئەدا ، واتە هەردوو ئامێرەكە لەسەر ( بەكرە ) ئەو بەرهەمانەیان لەسەر تۆماردەكران ، ئەو كەسایەتی و خاوەن تۆمارگایانە لەناوەڕاستی سەدەی پێشوو بەدواوە گەلێك بەرهەمی هونەرمەندانی گەلەكەمان یان تۆماركردووە هونەرمەندانی وەك ( حەسەن زیرەك ، محەمەدی ماملێ‌  ، حەمەصالح دیلان ، ڕەفیق چالاك ، ئەحمەد شەماڵ ،كەریم خەمزەیی ،شەهید عەبەی مەلا، حەمە جەزا ،ناسری ڕەزازی ، نەجمەدینی غوڵامی ، كاڵێ‌ .

77

و ....تاد )  ئەو كەسایەتی و خاوەن تۆمارگایانە وەك ( ئەحمەدی قەصاب ) ناسراوە بە ( ئەحە گێژی قەصاب ) ، ( محەمەدی حاجی سەعید و كەمالی حاجی سەعید ) خاوەنی تۆمارگای ( خەیام ) ، ( عوسمانی غەوصە ) خاوەنی تۆمارگای ( عوسمان ) ، ( غەریبی تەنەكەچی ) و ( حەمەی ئاسنگەر ) ، بێگومان له‌شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوك ، كه‌سانى دڵسۆزو خه‌مخۆر هه‌بوون كه‌ ئه‌وانيش به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌ندانى ئه‌وشارانه‌يان تۆماركردووه‌ و ئه‌مڕۆ گه‌نجينه‌ى موزيك و گۆرانى كوردييان ده‌وڵه‌مه‌ندتركردووه‌.

هەروەها بەپێویستی دەزانم لەگەڵ یادكردنەوەی هونەرمەندی كۆچكردوو ( ئەحمەد شەماڵ )  ناوی ئەو بەڕێزانەش فەرامۆش نەكەین كە بەدەست و پەنجە جوان بەئەزموونەكەیان  هەمیشە هاودەم و هاوكاری هونەرمەند بوون و موزیكیان بۆ ژەنیوە ، هونەرمەندانی وەك ( شەوكەت ڕەشید  _كلارنێت ) ، ( سەلاح ڕەشید _ شمشاڵ ) ، ( مام حەسەنی نەی _ نەی ) ، ( ئەحمەد داودە _ باڵەبان ) ، ڕەحیمی نەی _ باڵەبان ) ، ( ئومێدی نەی _ باڵەبان ) ، ( ئیبراهیم سابیر _ ڤیۆلۆن ) ، (  عوسمانی خولە سنەیی _ ئیقاع  ، برای هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ ) ، ( سمكۆی ساز _ ساز ) و ( خالیدی كەلسوم  _ ساز)

جه‌مالى ده‌لاك  20/4/2021

سەرچاوە / *

(*1) كتێبى ( گۆرانيبێژى ميللى ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) له‌ نوسين و ئاماده‌كردنى ( ڕه‌ووف شێخ جه‌ميل ) لاپه‌ڕه‌ (93) نوسينى  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عادل حه‌مه‌ كه‌ريم .

(* 2 و 6 ) هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو ، لاپه‌ڕه‌ ( 181 و 183) نامه‌كه‌ى محه‌مه‌د مه‌ردان .

(*3) هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو ، لاپه‌ڕه‌ (89) ديدارى مامۆستا حه‌مه‌ سه‌عيد حه‌مه‌ كه‌ريم جاف له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ.

(*4) بەرنامەی چراكان ، لە ئامادەو پێشكەشكردنی ( ئەمیر عومەر )  كه‌ناڵى ئاسمانى زاگرۆس (2006)

(*5) (تونچی )  ئەو كەسەی كەلەگەرماو ( حەمام ) كاردەكات و كورەی حەمامەكە جۆش دەدات و گەرماوەكە و ئاوی گەرماوەكە گەرم دەكات (ج،د)

(*7) كەمالی حاجی سەعید و كاوەی محەمەدی حاجی سەعید، تۆمارگای خەیام / سلێمانی

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.