هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نى جزیرى خۆشخوان و ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن و پارێزه‌رى لاوك سترانى كوردى

(1917جزیر و بۆتان  _ 9/7/1983 زاخۆ)
Thumbnail

له‌ده‌ستپێكدا ده‌بێت هه‌موو كات ڕۆڵى ڕادیۆى كوردى به‌غدا و كارمه‌ند و هونه‌رمه‌نده‌‌ دڵسۆزه‌كانى  له‌تۆماركردن و ئه‌رشیفكردنى ده‌نگى خۆش و به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندانى گه‌له‌كه‌مان  له‌سه‌ره‌تاى  چله‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو به‌رزبنرخێنین .

ڕادیۆى كوردى به‌غدا له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌وپه‌ڕى دڵسۆزییه‌وه‌ بۆهونه‌رمه‌ندان له‌هه‌ربه‌شێكى كوردستانه‌وه‌ ڕوویان لێكردبێت باوه‌شى خزمه‌تكردن و په‌روه‌رده‌كردن و درێژه‌ دان به‌هونه‌رى بۆكردوونه‌ته‌وه‌.

گۆرانى ( كاڤوكێ) ئه‌و گۆرانییه‌ كرمانجییه‌ یه‌ كه‌ به‌هه‌ست وزه‌ین و ڕۆحى زۆربه‌مان  له‌ ڕووى میلۆدى و تێكسته‌وه‌ ئاشنایه‌، ده‌نگى خۆش و پڕچێژى (حه‌سه‌ن جزیرى ) یه‌ له‌ڕێی ئه‌و گۆرانییه‌وه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان داناوه‌و په‌لكێشى لاى ده‌نگ و هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى خۆى كردوون ،هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند پێى سه‌رسام و ته‌نانه‌ت به‌ده‌نگى خۆیان دووپاته‌یان كردۆته‌وه‌.11

هونه‌رمه‌ندى ده‌نگ زوڵاڵ و نابینا ( حه‌سه‌ن جزیرى ) ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى په‌روه‌ردگارى به‌خشنده‌ ، جوانترین و به‌نرخترین هه‌ستى لێسه‌ندۆته‌وه‌ ئه‌ویش ( بینینه‌)، به‌ڵام میهره‌بانى په‌روه‌ردگار له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پاداشتى كردۆته‌وه‌ و هه‌ستى زیاترى پێبه‌خشیوه‌، هونه‌رمه‌ند  حه‌سه‌نى جزیرى  به‌داخه‌وه‌ كه‌نابینا بووه‌ ، به‌ڵام له‌ ‌چاوى دڵه‌وه‌  ڕوانیویه‌تییه‌ ژیان و گه‌شه‌ى به‌هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى داوه‌و،  ده‌یان به‌رهه‌مى ناوازه‌ى تۆماركردووه‌ و گه‌نجینه‌ى مه‌قام و لاوك و سترانى كوردى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ .

هونه‌رمه‌ندى لاوك و سترانبێژ (حه‌سه‌ن جزیرى ) له‌ جزیر و بۆتانه‌وه‌ بۆ شارى به‌غدا .

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى ( حه‌سه‌ن فه‌تاح ئه‌حمه‌د)  له‌گه‌رمه‌ى شه‌ڕى یه‌كه‌مى جیهانى له‌مه‌ڵبه‌ندى تژى له‌ لاوك و ستران له‌ ساڵى (1917) له‌جزیر و بۆتان له‌ خانه‌واده‌یه‌كى  نه‌دارو كه‌مده‌رامه‌ت و هونه‌ردۆست به‌دنیا هاتووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌نێو دنیاى هونه‌ردا به‌ (حه‌سه‌ن جزیرى) ناسراوه‌ .

باوكى هونه‌رمه‌ند ( فه‌تاح ئه‌حمه‌د) له‌به‌رئه‌وه‌ى خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆشبووه‌و  له‌ژێر كاریگه‌رى ده‌نگبێژان و لاوكبێژانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌یدا بووه‌ ، كاریگه‌رى ده‌نگى به‌سۆزى (سه‌عیدئاغاى جزیرى ) له‌سه‌ر هه‌بووه‌ ،خۆشیی كه‌سێكى چالاك و زیره‌ك بووه‌ و له‌ڕێی ده‌نگ و چڕینى لاوكه‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا خۆى ناساندووه‌‌،

دواى ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ (حه‌سه‌ن ) ده‌به‌خشێته‌ خانه‌واده‌ى (فه‌تاح محه‌مه‌د) ده‌ستكورتى و هه‌ژارى و سه‌ختى ژیان بارگه‌ى پێ ده‌پێچێته‌وه‌ و ڕووده‌كاته‌ باشوورى كوردستان له‌گه‌ڵ  هاوسه‌ر و سێ كوڕوكچه‌كه‌ى  به‌ناوه‌كانى  ( حه‌سه‌ن ، محى الدین و چاچان و كچه‌كه‌ى  ئایا)  له‌ (زاخۆى ده‌لال) نیشته‌جێ ده‌بن ، هێشتا حه‌سه‌ن منداڵه‌ كه‌ (شه‌مسه‌ حه‌مید) ى دایكى ده‌چێته‌ به‌ردلۆڤانى په‌روه‌ردگارى مه‌زن،(*1)

 حه‌سه‌نى منداڵ له‌سۆز و ئامێزى دایك بێ به‌ش ده‌بێت، بۆمه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ژیان په‌روه‌ردكردنى منداڵه‌كانى  باوكى خاتوو

( حه‌لیمه‌ ) ده‌كاته‌ هاوسه‌رى خۆى ، حه‌سه‌ن جزیرى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ خاوه‌ن باوه‌ژه‌ن.

باوكى هونه‌رمه‌ند ( فه‌تاح ئه‌حمه‌د) بۆ دابینكردنى بژێوى ژیانى خۆیی و منداڵه‌كانى  له‌ دیوه‌خانى ( حازم به‌گى شه‌مزین ئاغا) ده‌بێته‌ چایچى وقاوه‌چى و درێژه‌ به‌و كاره‌ى ده‌دات تا ماوه‌ى (20) ساڵ ژیان به‌وشێوه‌یه‌ ده‌گوزه‌رێنێ ، له‌دیوه‌خانى ئاغا و به‌گه‌كانى كوردستان نه‌ریت وابووه‌ به‌هۆى نه‌بوونى ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ، زۆربه‌ى شه‌وان كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ى دۆستان و یارانى ئاغاكان،  ده‌نگخۆش و سترانبێژه‌كان  به‌ده‌نگه‌ پڕ سۆزه‌كانیان ستران و لاوكیان چڕیوه‌، فه‌تاح ئه‌حمه‌دیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زاده‌ى ناوچه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندبووه‌وشاره‌زاییه‌كى زۆرى له‌ فۆلكلۆردا هه‌بووه‌و هه‌روه‌ها  له‌ژێركاریگه‌رى ستران و لاوكه‌كانى سه‌عیدئاغاى جزیرى بووه‌ ،زۆربه‌ى شه‌وان له‌ودیوه‌خانه‌ لاوك و سترانى چڕیوه‌، ئه‌و ژیانه‌ كاریگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر حه‌سه‌نى جزیرى داناوه‌و ده‌نگخۆشیی باوكى و ستران و لاوكى ناوچه‌كه‌و دیوه‌خانه‌كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێن و فێرگه‌یه‌كى به‌سوود بۆ هونه‌رمه‌ند، حه‌سه‌ن جه‌زیرى له‌گه‌ڵ باوكیدا به‌وشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و ڕۆژانه‌ خه‌رمانى هونه‌رى خۆى ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات .22

حه‌سه‌ن جزیرى به‌دواى كاردا وێڵه‌و ئازادى له‌باوكى وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ شاگردى (وه‌ستا برایمى مسگه‌ر ) سه‌رقاڵى سپىیكردنه‌وه‌ى مه‌نجه‌ڵ و سینى و قاپى مس ده‌بن كه‌له‌وسه‌رده‌مه‌دا زیاتر ئه‌و كاڵا مسانه‌ بۆ ئاماده‌كردنى خۆراك  به‌كارده‌هات .

حه‌سه‌ن جزیرى  له‌گه‌ڵ وه‌ستا برایمدا گوند و ئاوایی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ته‌ى ده‌كه‌ن بۆ سپیكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاڵایانه‌ و به‌ده‌ستهێنانى بژێوى ژیان ، ئه‌و گه‌ڕان و كێوماڵ كردنه‌وه‌ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكى زێده‌تر بۆ حه‌سه‌نى مێرمنداڵ و زیاتر ئاشنابوون  به‌لاوك و سترانه‌كانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و پاشخانى هونه‌رى خۆى ده‌ڵه‌مه‌ندتر ده‌كات ،

حه‌سه‌ن جزیرى  هونه‌رمه‌ند ، به‌داخه‌وه‌ له‌ته‌مه‌نى (10) ساڵاندا دووچارى نه‌خۆشیی چاو ده‌بێت ، دیاره‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا چاره‌سه‌ر و زانستى پزیشكى به‌وشێوه‌یه‌  پێشكه‌وتووه‌ نه‌بووه‌ ،پێده‌چێت هونه‌رمه‌ند دووچارى نه‌خۆشیی ( ته‌راخوما )ى چاو بووبێت به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ن ، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌ ده‌بێت وته‌شه‌نه‌ده‌كات وڕۆژانه‌ چاوه‌كانى ڕوو له‌كزى ده‌كه‌ن، ته‌مه‌نى تاده‌گاته‌ (18) ساڵى كه‌لوتكه‌ى گه‌نجى و چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ژیان ،  به‌داخه‌وه‌ به‌یه‌كجارى له‌دنیاى بینین بێ به‌ش ده‌بێت و، ئیتر ڕۆشنایی به‌چاوه‌كانى دا نامێنێت، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ى هه‌ست و چاوى دڵه‌وه‌ درك به‌ڕۆشنایی ژیان ده‌كات.

ڕادیۆى كوردى به‌غدا و بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگ و سه‌داى حه‌سه‌ن جزیرى ...

 هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و نابینا له‌ته‌مه‌نى (24) ساڵیدا واته‌ (1941)  خولیاى ستران و لاوكچڕین ده‌یخاته‌ سه‌ر ڕێگایه‌كى دورو درێژى خۆ ویست و ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ ئه‌ویش شارى به‌غدایه‌و  هێشتا ڕه‌به‌نه‌و له‌میوانخانه‌یه‌ك ده‌گیرسێته‌وه‌،

به‌ڵام ڕایه‌كى جیاواز له‌و ساڵه‌دا (1941) دا هه‌یه‌  ئه‌ویش نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و بێژه‌ر و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) ده‌ڵێت ( پێموایه‌  زووتر هاتبێته‌ به‌غدا له‌نێوان ساڵى 1930 بۆ 1931 ، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عارف جزیرى پێكه‌وه‌ سترانى ( گر سیرا بسیرا ) یان بۆ مریه‌م خان  سه‌ندۆته‌وه‌) (*2)

په‌یوه‌ندییه‌كى برایانه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د عارف جزیرى و حه‌سه‌ن جزیرى) دا هه‌بووه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر پێكه‌وه‌ گوند و دیوه‌خانه‌كانى ده‌ڤه‌رى زاخۆ گه‌ڕاوون و لاوك و سترانیان خوێندووه‌،ته‌نانه‌ت پێكه‌وه‌ گه‌شتیان كردووه‌ بۆ (حه‌له‌ب و قامیشلۆ) ،له‌ساڵى (1933) یه‌كه‌م گۆرانى (كوردى _ عه‌ره‌بى) له‌سه‌ر (گرام _ سه‌فحه‌ _قه‌وان) به‌ناوى ( جا‌و مگر بدرب قامیشلو) له‌حه‌ڵه‌ب له‌لاى كۆمپانیاى ( سۆداڤا Sodwa) تۆماركردووه‌ .(*3)

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى له‌شارى به‌غدا به‌هۆى ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (عه‌لى مه‌ردان) پێى ئاشنا ده‌بێت و به‌هۆى عه‌لى مه‌ردانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ڕادیۆى به‌غدا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ده‌نگێكى به‌سۆزو خۆش وشاره‌زابووه‌ له‌چرینى لاوك و ستراندا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى لێهاتوو له‌ڕادیۆ په‌سه‌ندكراوه‌ و هه‌فتانه‌ كاتێكى به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ بۆ ده‌ستنیشانكراوه‌ تا به‌رهه‌مه‌كانى پێشكه‌ش بكات ، له‌ساڵى (1942)وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى دیار له‌ڕادیۆى كوردى به‌شێوه‌ى فه‌رمى ده‌ست به‌كارده‌بێت ، یه‌كه‌م  لاوك و ستران به‌ناوى  ( یاركه‌ ورى _ لاوك ) ، ( بابى سیرو _ ستران ) تۆمارده‌كات و بڵاوده‌بێته‌وه‌،(*4)

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى ، هونه‌رمه‌ندێكى به‌ئاگا و لێهاتوو و شاره‌زا بووه‌ له‌خوێندنى  لاوك و ستران داو دركى به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند شاره‌زا بێت له‌ژه‌نینى یه‌كێك له‌ئامێره‌ مۆسیقی یه‌كان، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1958) خۆى فێرى ئامێرى ( عود) ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى بێت له‌كاتى  دانانى ئاواز وچرینى لاوك و سترانه‌كانیدا.

مامۆستا باكورى  یاده‌وه‌رییه‌كى خۆیی و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى سه‌باره‌ت به‌ژه‌نینى عوده‌كه‌ى جزیرى ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت ( ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵى 1956 بوو من و هونه‌رمه‌ندان حه‌سه‌ن جزیرى و نه‌سرین شیروان له‌كۆمپانیاى نه‌وتى كه‌ركوك ده‌عوه‌ت كرابووین،ده‌سته‌ى به‌رێوه‌بردنى یانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ئه‌وێ ، ئاهه‌نگێكیان سازكردبووهه‌رسێكمان به‌شداربووین ، حه‌سه‌ن عودى  لێ ئه‌دا ، ئه‌گه‌رچیش كه‌مێك (ناساز _ ناشاز) ى ده‌كرد و منیش به‌كه‌مانچه‌ ، منیش هه‌رزۆر باش نه‌بووم له‌كه‌مانچه‌ ژه‌نین به‌ڵام ناچارى بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ش زۆر هه‌ستیان به‌مه‌ نه‌ده‌كرد له‌به‌ر گۆرانى و لاوكه‌ خۆشه‌كانى حه‌سه‌ن جزیرى و نه‌سرین شێروان و به‌سته‌ تازه‌كانى من) (*5) 

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى  ماوه‌ى (20) ساڵ له‌ شارى به‌غدا به‌ ڕه‌به‌نى له‌ میوانخانه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و به‌ڵام له‌تێكۆشان و به‌خششى هونه‌رى به‌رده‌وامه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ڕادیۆ فراوانتر و پته‌وترده‌كات ، په‌یوه‌ندى برایانه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى له‌ته‌ك  مامۆستا عه‌لى مه‌ردان و تایه‌ر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ك و نه‌سرین شیروان و ڕه‌سوڵ گه‌ردى دا درێژه‌ پێده‌داو سه‌رسامیش بووه‌ به‌ده‌نگ و هونه‌رى ئه‌و هاوڕێ هونه‌رمه‌ندانه‌ى.

له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عه‌لى مه‌ردان ومحه‌مه‌د عارف جزیرى  له‌ساڵى (1961) گه‌شتیان كردووه‌ بۆ شارى كرماشان ومیوانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌بن و له‌ڕادیۆى كرماشان هونه‌رمه‌ند لاوك وستران تۆمارده‌كات .

له‌هه‌مان ساڵدا واته‌ 1961 كۆتایی به‌ژیانى ڕه‌به‌نى دێنێت ، له‌گه‌ڵ خاتوونێكى عه‌ره‌ب به‌ناوى ( سوعاد ئیبراهیم ) ژیانى هاوسه‌رى پێكدێنێت و ده‌بنه‌ خاوه‌نى دووكچ و كوڕێك به‌ناوه‌كانى ( ئه‌مسال و سوندس و فه‌لاح)  .

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى  له‌ماوه‌ى (33 بۆ 34) ساڵ  مانه‌وه‌و خزمه‌تكردن به‌ مه‌قام و لاوك و ستران له‌ڕادیۆى كوردى به‌غدا، واته‌ له‌ساڵى (1942 بۆ 1975) تاخانه‌نشین ده‌بێت ، هونه‌رمه‌ند نزیكه‌ى (308) مه‌قام و لاوك و سترانى ڕه‌سه‌نى تۆماركردووه‌ ، ده‌كاته‌ ماوه‌ى ( 30) كاتژمێر تۆمارى ده‌نگى لاوك و ستران.

به‌پێى ڕیزبه‌ندى تۆماركردنى ڕادیۆى كوردى به‌غدا، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى به‌پله‌ى سێیه‌م دێت دواى هونه‌رمه‌ندان (مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، 60كاتژمێر ) و ( ڕه‌سوڵ گه‌ردى 40كاتژمێر ) (*6)

خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ى خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانى لاوك و سترانى كوردى كه‌ بۆهه‌میشه‌ جێی ستایش و به‌رزنرخاندنى كه‌سایه‌تى و هونه‌رى ڕه‌سه‌نى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نى جزیرى یه‌ ،هه‌روه‌ها له‌ساڵى (1967) به‌دواوه‌  چه‌ند گۆرانییه‌كى ده‌نگ و ڕه‌نگى له‌ته‌له‌فزیۆنى كه‌ركوك تۆماركردووه‌.

دواى خانه‌نشین بوونى و هه‌ڵكشانى ته‌مه‌ن و سۆزو خۆشه‌ویستى  و غوربه‌تى بۆ وڵات و نیشتمان، له‌كۆتایی ته‌مه‌نیدا به‌ جه‌سته‌یه‌كى نه‌خۆشه‌وه‌ بڕیارده‌دات به‌ خێزانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان  و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى ماویه‌تى له‌ناو هاوزمان وژینگه‌  و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌رى ڕه‌سه‌نى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا به‌سه‌ر ببات ، له‌ساڵى (1982) بۆ دواجار شارى به‌غدا به‌جێدێڵێ و له‌زاخۆى ده‌لال له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیدا نیشته‌جێ ده‌بن .44

به‌هۆى نه‌خۆشیی درێژخایه‌ن و وه‌ستانى هه‌ردوو گورچیله‌ى  له‌ ته‌مه‌نى (66) ساڵیدا وله‌رێكه‌وتى ( 9/7/1983) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى  كۆچى دوایی ده‌كات وخوداحافیزیی له‌ هونه‌ر و لاوك و ستران و كوردستان ده‌كات ، له‌ گۆڕستانى زاخۆ ئه‌سپه‌رده‌ى خاك ده‌كرێت،

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند و هونه‌ردۆست باسى لێوه‌ ده‌كه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌كاتى سپاردنى به‌خاكى پیرۆزى كوردستان ، گرنگى به‌گڵكۆكه‌ى نه‌دراوه‌ و له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌دا ، گڵكۆكه‌ى شێواوه‌و هیچ شوێنه‌وارێكى لێ به‌جێ نه‌ماوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى تا له‌ژیاندا بووه‌ نه‌دارو كه‌م ده‌رامه‌ت و كرێچى ماڵان بووه‌، له‌ كۆچكردنه‌كه‌شیدا هه‌ر هه‌ژار و هونه‌رمه‌ندێكى گڵكۆ وون بووه‌....!

له‌یاد و یاده‌وه‌ریی خاوه‌ن ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن وبولبولى خۆشخوانى ئاواز ولاوك و سترانى كوردیدا حه‌سه‌ن جزیرى ، وێڕاى سڵاو و چه‌پكه‌ گوڵى كوردستان بۆسه‌ر گڵكۆى وونى ، ده‌بێت ڕێز له‌هونه‌ر و ده‌ست و په‌نجه‌ى هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نیارى به‌ر‌هه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى بگرین كه‌ هاوكار و پشتیوانى به‌رهه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند بوون.

هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌پڕ چێژ و به‌ناوبانگه‌كانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزیرى  :

 ( لاوكى عه‌بدالى  ، لاوكى مه‌ترانۆ ، لاوكى بلبۆ ، به‌سته‌ى كاڤوكێ ، لاوكى ساڵحۆ ، ئه‌حمه‌دى مالا موسا و لێ لێ دینێ ،هه‌ى لۆ دلان به‌هاره‌ و ئه‌ز نه‌خۆشم  ......چه‌ندینى تر )

جه‌مالى ده‌لاك  19/1/2021

سه‌رچاوه‌:

(*1) كتێبى گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ،،، به‌شى یه‌كه‌م  ،،باكوورى  ،،لاپه‌ڕه‌ (101)

(*2و3) كتێبى مێژووى ڕادیۆى كوردیی به‌غداد،،1939_1958 ، به‌رگى یه‌كه‌م /جزمى یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه‌ (620)

(* 4 و 6)سایتى گلگامش ،،ژكرى الفنان حسن جزراوی ، عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان ...29/7/2007

(*5) كتێبى گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ،،، به‌شى یه‌كه‌م  ،،باكوورى  ،،لاپه‌ڕه‌ (101)