Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 14:00

ئەشکەوتی بێستوون

لە قوڵایی ئەشکەوتی بێستووندا چەند گۆمێکی ئاو دەبینرێت
کوردستان TV
100%

ئەشکەوتی بێستوون لەسەر چیای برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر بە دووریی (97کم ) هەڵکەوتووە و بە دوو رێگای قیڕتاوکراویش دەگەیتە ئەم ئەشکەوتە.

یەکێکیان لە بەرزایی چیای سپیلک بەرەو دۆڵی خەلان و بناوێ، لەوێشەوە بەرەو بەرزایی چیای برادۆست. دووەمیشیان لە کۆتایی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و بە رێگەیەکدا کە بەرەو خۆرئاوا دەڕوات، لە نێوان هاودیان-سارداو، دا بە رێگەیەکی لاوەکی بەرەو بەرزایی چیای برادۆست سەردەکەویت تا دەگەیتە ئەشکەوتی بێستوون.

ktv

دەرگاکەی نزمە و لە ژوورەوەش زۆر فراوانە کە کۆتاییەکەی دیار نییە، لەسەر ئەشکەوتەکەش کونێک هەیە رووناکی دەداتە بەشێکی ئەشکەوتەکە و زیاتر لە 100م درێژ و 40م پان و 10م بەرز دەبێت، لەناویدا سەدان بلوری کریستاڵی شۆربوونەتەوە و بەسەرکەوتوون، کریستاڵەکان جۆراوجۆرن و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشیان هەیە.

ئەشکەوتی (دیان و بێستوون) بۆ یەکەمجار هێنری فیلد لە ساڵی (1934ز) سەردانی کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە بۆ دەستنیشانکردنی مێژوو و سەردەمەکەی.

ktv

دووبارە لە ساڵی 1950ی زایینی هێنری فیلد لەگەڵ فوئاد سەفەر سەردانیان کردووەتەوە و هەڵکۆڵینیان تێدا ئەنجام داوە و چەند کەلوپەلێکی فخاریان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ.

لە قوڵایی ئەشکەوتی بێستووندا چەند گۆمێکی ئاو دەبینرێت، لەگەڵ چەندان چوڕاوگەی کلسی کە بەشێوەی سەرنجڕاکێش شۆڕبوونەتەوە.

ئەم ئەشکەوتە بە ئەشکەوتی ( بێبن) ناسراوە، هەندێک گەڕیدەی جیۆلۆجی بۆ چەند سەعاتێک رویشتوونەتە ناو قوڵایی ئەشکەوتەکە و نەگەیشتوونەتە کوتایی. لەنێویدا چەندین بۆشایی فراوانیش هەن کە جێگای دەیان کەسیان تێدا دەبێتەوە.

ژێده‌ر- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.