Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 12:11

حکومەتی نوێی نەخواستراوی عێراق

هەرچی سەرۆکی پەرلەمانە بنەماڵە دەست رۆیشتووەکانی سوونی پاڵپشتیان لێکردووە
وژار فه‌هری
100%

لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی ١٢ ئایار و دەرچوونی ئەنجامی چاوەرواننەکراو هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچوون کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەهێز نابێت، ئەو سیاسیانەی کە پێشبینیان لێ دەکرا دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنن لە کۆتاییدا نەیانهێنا.ئێستا هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستانە چەندین مەرجییان قبوڵکردووە. ئەو مەرجانەی کە بەسەر عادل عبدالمهدی سەپێنراون بریتین لە، دەبێت تەنها یەک جار سەرۆکایەتی حکومەت بکات و نابێت بۆ جاری دووەم خۆی بپاڵێورێت بۆ ئەو پۆستە، نابێت ببێتە ئەندامی حزبی پێشووی، دەبێت بۆ ماوەی یەک مانگ حکوومەت پێک بهێنێت ئەگەر نەیتووانی ئەوا دەبێ لەم پۆستە بکێشێتەوە.

 هەرچی سەرۆکی پەرلەمانە بنەماڵە دەست رۆیشتووەکانی سوونی پاڵپشتیان لێکردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. دانانی محمد حلبوسی سەرکەوتنێکی گەورەی ئەمریکا بوو کە بە هەموو کەس بڵێت هێشتا من دەستەڵاتدارم لە عێراق نەک ئێران، حلبوسی پارێزگاری پێشووی ئەنبار بوو و ئەمریکا ژمارەیێکی زۆر لە هێزی خۆی لەو پارێزگایە جێگیرکردووە، ئەمریکا رێککەوتنێکی گرنگی لەگەڵ بنەماڵەی (کاربولی) و لایەنگرانی بەست بۆ دامەزراندنی پێگەیێکی سەربازی زۆر گرنگ لە ئەنبار. حلبوسی یەکان یارمەتی ئەمریکایان دا کە سەربازەکانی لە ناوچەی (قیم) دابمەزرێنن کە هاوسنووره لەگەڵ سوریا، هەرچەند هیزە شیعیەکان هەوڵیان دا لەوبەری سنوورەوە کە رێگایێک بکەنەوە کە ئێران-عێراق-سوریا بە یەکەوە ببەستێت بەڵام ئەمریکا نەیهێشت ئەمە رووبدات، ئەوەی جێی سەرنجیشە (قیم) وەک پایتەختی بنەماڵەی کاربولی وایە. ساڵی رابردوو لە مانگی ١٢( لیوا ئەلتوفوف) کە فەرماندەیێکی سەربازی لایەنگری ئێرانە نامەیێکی نارد بۆ سەرکردەکانی شیعە و بۆیانی روونکردووە کە بارودۆخی سەر سنوور چۆنە و ئامۆژگاریکردن کە ئەو هێزە ئەمریکییانه لەو ناوچەیە بکەنە دەرەوە، بەڵام رەتکرایەوە لەلایەن حکەوومەت و پارێزگای ئەنبار، هەروەها (حلبوسی)ەکان پشتگیری بەرنامەی هیزەکانی ئەمریکایان کرد بۆ راهێنان بە خێلەکانی ئەو ناوچەیە. لەوانەیە لە ماوەکانی داهاتوودا هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکان داوایێک ئاراستەی سەرۆکایەتی بکەن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام ئەمە هەرگیز روونادات چونکە سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت پشتگیری عەشیرت و بنەماڵەکەی کە لایەنگری ئەمریکان لەخۆی بکات.

سەبارەت بە سەرۆک کۆمار، ئەوه هەموو کەس دەیزانی کە دکتۆر بەرهەم خولیایێکی زۆری هەیە کە ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق، دکۆر بەرهەم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە نەک حزبێک بەڵکو هاوپەیمانێێکی هەڵوەشاندەوە کە پێکهاتبوو لە چەند حزبێک. دکتۆر بەرهەم هەمیشە بانگەشەی چاکسازی و دادپەروەری دەکرد بۆ هەرێمی کوردستان و زۆریش هیرشی دەکردە سەر یەکێتی نیشتمانی.  بوونی بە سەرۆک کۆمار خولیای هاتە دی بەڵام یەکریزی حزبەکانی کوردستانی لاواز کرد، ئەو کە زۆر بەدوای چاکسازیدا بوو رازی بوو کە ببێت بە سەرۆکی یەکێک لە گەندەڵترین ووڵاتانی جیهان. بە وەرگرتنی ئەو پۆستە و بەو شێوازەی کە ئەو وەریگرتووە، بە دڵنیاییەوە ناتوانێت ببێت بە نوێنەری کورد لە بغداد، چونکە ناتوانێت کەسێکی سەربەخۆ بێت لە بریاردان، ئەو هەمیشە پێویستە راوێژ بەو لایەنانە بکات کە بە هاوکاری ئەوان کرا بە سەرۆک کۆمار. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەم شێوەیە زەنگێکی مەترسیە بۆ گەلی کورد بەو پێێەی کە ئیتر گەرەنتی نییە کە ئەو پۆستە بۆ کورد بێت لە هەڵبژاردنەکانی تر چونکە عێراق زمانی سازان (تەوافق) نازانێت و هاوسەنگی لە بریاردان لەلای گرنگ نیە، ئەگەر سبەی لایەنێکی سوننی یان شیعە کاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆک کۆمار و زۆرینەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدەن ئەو کات دەبێ گەلی کورد گلەیی لە کێ بکات؟ ئەو کات ئەوانیش بە زۆرینە ئەم بریارە دەردەکەن هەروەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان کەم کردەوە. ئێستا سێ سیاسی سەرۆکایەتی هەرسێ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق دەکەن کە لە ناو خەڵکی عێراق بە گشتی خواتستراو نین، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە خواستراون.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەمین پارت لە عێراق ئیتر پێویستە لەگەڵ (ئەمری واقیع) رووبەروو بێت، پێویستە بەشدار بێت لە حکومەتی عێراق  و وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت و پەیوەندیەکانی لەگەل دەرەوی بەهێزتر بکات و هەروەها دەستەڵاتی زیاتر بدات بە نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بۆ ئەوەی ووڵاتانی جیهان ئەگادەربکرێنەوە کە ئیتر لە عێراق سازان نیە بەڵکو زۆرینەیە.سەبارەت بە کوردستان و بۆ پێكهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دەبێت بە پێی کوردسیەکان مامەڵە لەگەڵ حزبەکانی تر بکات و چیتر رێگە نەدات کە ژماری کوردسیەکانی لەگەل حزبی دووەم وەک یەک بن، پێویستە وەزارەتەکانی پەیوەندیەکانی دەرەوە و ناوخۆ و سامانە سروشتیەکان بە مافی خۆی بزانێت و بە هیچ شێوەیێک سازشی لەسەر نەکات. پارتی ژمارەی کورسییەکانی بە بەراورد لەگەل هەڵبژاردنەکانی عێراق زیادیکردووە، چونکە بەپێی کورسیەکانی هەڵبژاردنی عێراق بووایە دەبووایە پارتی ٤١ کورسی بهێنێت نەک زیاتر، بەڵام ئێستا دەنگەکانی پارتی زۆر زیاتره، لە بەرامبەردا دەنگی یەکێتی کەمی کردووە، بەو پێێەی کە یەکێتی دەبووایە زیاتی لە ٣٠ کورسی بهێنێت لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە پێی کورسیەکانی کە لە هەڵبژاردنی عێراق بەدەستی هێنابوو.

 

 

 

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.