بۆ پێگه‌ی هه‌رێم و پارتی ده‌كرێنه‌ ئامانج؟

ئێران و توركیا ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی ئه‌مڕۆیان به‌ ده‌رفه‌ت زانیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆرزێك له‌ پێكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.
Thumbnail

كرمی دار ئه‌گه‌ر له‌ نێو خۆدی داردا نه‌بێت، سه‌رما وسۆڵه‌ و گه‌رما توانای رزاندنی داریان نابێت. ( گوته‌ی پێشینیان). ماوه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ گوشاره‌كانی به‌غدا بۆ سه‌ر هه‌رێم و هێرش، په‌له‌مار و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ده‌راوسێ هه‌رێمی كوردستان، بیرۆكه‌یه‌كی پڕ له‌ خیانه‌ت و خۆفرۆشی ده‌ركه‌وتووه‌ و باس له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ لایه‌ن گرووپی 16 ئۆكتۆبر و كۆمه‌ڵێك جیهادی رادیكاڵ كه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی كورد ئاڵاوه‌، پێشكه‌ش كراوه‌. كات و ساتی ده‌رخستنی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ زۆر جێگای سه‌رنجه‌ و زۆر پلانی شاراوه‌ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان وكوردستانیان ئاشكرا ده‌كات.

با سه‌ره‌تا چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و ئه‌وكه‌سانه‌ كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێگه‌كه‌ ده‌كه‌ن بكه‌ین. یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به‌ شتێك ده‌زانن و داگیركه‌ر و نه‌یاری كوردستان به‌ مۆخاته‌بیان وه‌رده‌گرن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جاشایه‌تی له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی خۆیان بۆ داگیركه‌ران بكه‌ن وببنه‌ نۆكه‌ر و خزمه‌تكاری بێگانه‌، ئه‌گه‌ر بێتۆ پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، یه‌كه‌م زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌م چینه‌ بێگانه‌ په‌ره‌سته‌ ده‌بێت، مێژوو پڕه‌ له‌ نموونه‌ و نموونه‌ی دواجاریش له‌ كه‌ركووك بینرا. كه‌ركووك راده‌ست كرا، له‌ یه‌كه‌م كۆنفرانسی رۆژنامه‌نووسی له‌ كه‌ركووك دوای داگیركردنی، رێگه‌ به‌ نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ كه‌ كه‌ركووكی راده‌ست كرد نه‌درا به‌ كوردی قسه‌ بكات و وێنه‌ی سه‌ركرده‌كه‌ی ئه‌و لایه‌ن هه‌ر هه‌مان رۆژ ژێر پێ خرا. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داگیركه‌ر ونه‌یار ئه‌م گرووپه‌ خۆفرۆشانه‌ به‌ مۆخاته‌ب وه‌رده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ شیاون بۆ جاشایه‌تی وخیانه‌تكردن، زیره‌ی و دڵسۆزی ئه‌مانه‌ وا ناكات كه‌ نه‌یار و داگیركه‌ر به‌ مۆخاته‌بیان وه‌ربگرێت.

دووه‌م: ئه‌م چینه‌ تاوانباره‌ خیانه‌تكاره‌ كه‌ به‌شێكیان له‌ كوشتنی كورد به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ ده‌ستیان هه‌یه‌ و به‌شێكی دیكه‌یان له‌ فرۆشتنی نیشتمان ده‌ستیان هه‌یه‌، هه‌مان گرووپی 16ی ئۆكتۆبرن كه‌ نه‌یارانی كوردستان به‌ به‌رده‌وامی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كوردستان به‌كاریان ده‌هێنن و جووڵاندنی ئه‌م گرووپه‌ له‌م كاته‌ ساتانه‌دا زۆر شتی شاراوه‌مان پێ ده‌ڵێت. سێیه‌م: پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان وا به‌ ئاسانی هه‌ڵناوه‌شێنرێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ دوو شێوه‌ ده‌بێت یا پێویسته‌ ده‌ستووری عێراق بگۆڕدرێت ( له‌ حاڵه‌تێكی له‌مجۆره‌دا كورد قسه‌ی دیكه‌ی ده‌بێت) یا پێویسته‌ زۆری چه‌ك به‌كار بهێنرێت( كه‌ به‌كاریش هێنرا به‌ڵام له‌ پردێ و سحێلا پێلانه‌كه‌ له‌ گۆڕ نرا).

ئه‌وه‌ی گرنگ و جێگای تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا كه‌ ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر كورد و كورد ملكه‌چی داواكارییه‌كانی خۆی بكات، هه‌وڵ بۆ گۆڕینی ده‌ستوور بدات و پێگه‌ی هه‌رێم له‌ نێو ده‌ستووردا نه‌هێلێت، ئه‌وا كورد بژارده‌ی دیكه‌ی له‌ به‌رده‌سته‌ و نه‌ته‌نیا رازی نابێت به‌ گۆڕینی ده‌ستوور به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ی تاكڕه‌وی ده‌ستوور گۆڕٍدرا، ئه‌و كاته‌ كورد كار به‌ ئه‌نجامی رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات. بێگۆمان به‌غدا له‌سه‌ر داوای ئێران و توركیا نایه‌وێت رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم جێبه‌جێ بكات و بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئیمزا بكات داوای راده‌ست كردنی داهاتی ناوخۆیی هه‌رێم ده‌كات. ئێران و توركیا له‌ لایه‌كه‌وه‌ گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌غدا كه‌ له‌ رووی ئابووری و داراییه‌وه‌ هه‌رێم لاواز بكات، له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ هه‌ر دوو وڵاتی داگیركه‌ر به‌به‌كار هێنانی گرووپه‌ كوردییه‌كانی هاوپه‌یمانی خۆیان ده‌ستیان به‌ جووڵه‌ی سه‌ربازی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌. ئێران: ئێران كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی 16ی ئۆكتۆبر، به‌ وه‌گه‌ڕ خستنی بیرۆكه‌ ژه‌نگاوییه‌كانی جیهادییه‌ رادیكاڵه‌كان كه‌ سه‌رده‌مانێك ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستی ئێران بوون و هه‌روه‌ها به‌ زڕاندنی ده‌نگی ته‌نه‌كه‌ ژه‌نگاوییه‌كانی گرووپی 16ی ئۆكتۆبر له‌لایه‌كه‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ به‌ كۆ كردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێم و هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ كورد كار بۆ خۆش كردنی زه‌مینه‌ بۆ تێكدانی ئاسایش، ئارامی و لاواز كردنی جووڵه‌ی ئابووری و بازرگانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

توركیا: توركیا كه‌ رۆلێكی گرنگی له‌ جووڵاندنی هێز بوو له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، به‌م دوایانه‌ به‌ دوای زیندوو كردنه‌وه‌ی خه‌ونی عۆسمانیزمی نوێیه‌ و گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی خۆی كردووه‌ و به‌كار هێنانی هێزی سه‌ربازی خستووته‌ رێزی پێشه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا، به‌ پاساوی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ سنووری هه‌رێمی كوردستانی به‌زاندووه‌ و سه‌رقاڵی سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیه‌تی به‌سه‌ر به‌شێك له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان. هه‌ر چه‌ند په‌كه‌كه‌ هۆكار و پاساوی داوه‌ته‌ ده‌ستی توركیا و په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان گرتووته‌ به‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا دۆژمنایه‌تی خۆی له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد، له‌ ژێر ناوی شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌دا ده‌شارێته‌وه‌. توركیا سیاسه‌تێكی پاوانخوازانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ گرتووته‌به‌ر. له‌ رۆژئاوای كوردستان، له‌ لیبیا، یه‌مه‌ن و رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی، توركیا سه‌رقاڵی زیندوو كردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عۆسمانیزمی نوێیه‌.

به‌ڵام دۆژمنایه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد نه‌ له‌ مێژوودا شاراوه‌ بووه‌ و نه‌ ئه‌مڕۆیش شاراوه‌ ده‌بێت. راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا جۆن بۆڵتن له‌ كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ڵێت" كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان دانیشتین و قسه‌مان كرد، لێ تێگه‌یشتم كه‌ ده‌ردی ئه‌ردۆغان په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ نییه‌ به‌ڵكو ئه‌ردۆغان زۆر رقی له‌ كورده‌ و نایه‌وێت ناوی كورد ببیستێت".

زیاتر له‌مه‌یش كاتێك له‌ نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌ و په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستاندا رێككه‌وتنێك بۆ دروستكردنی یه‌كێتی ئیمزا كرا، توركیا دووباره‌ ده‌ستی به‌ هێرش كردنه‌وه‌ سه‌ر سه‌رۆك بارزانی كرد و میدیای ئۆرگانی ئاكه‌په‌ و حكوومه‌ت باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م پلانی بارزانییه‌ بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی به‌ قسه‌ی ئه‌وان تیرۆر و ئه‌مه‌ كۆتایی بارزانی ده‌هێنێت به‌ ده‌ستی توركیا. ( یه‌نی شه‌فه‌ق، ئاكشام، سه‌باح، حوریه‌ت و ستار). دوای ئیمزا كردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان په‌یه‌ده‌ و ئه‌نه‌كه‌سه‌، توركیا له‌ ناوچه‌ی حه‌فته‌نین به‌ ناوی شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌ ده‌ستی به‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كرد به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی شوێن و پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌ بكاته‌ ئامانج، گوند و شوێنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كاته‌ ئامانج. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه‌ بتوانین به‌ ئاسانی بڵێن مه‌به‌ستی توركیا نه‌ په‌كه‌كه‌یه‌.

ئێران و توركیا ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی ئه‌مڕۆیان به‌ ده‌رفه‌ت زانیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆرزێك له‌ پێكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن. له‌ لایه‌كه‌وه‌ قه‌یرانی دارایی و له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ كۆڕۆنا وای له‌ عێراقی هاوپه‌یمانی توركیا و ئێران كردووه‌ كه‌ نه‌توانێت له‌ رووی عه‌مه‌لییه‌وه‌ دژی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا و ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كان و به‌ ئامانج كردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بێده‌نگی ده‌نوێنێت. ئه‌و سێ وڵاته‌ مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌مجۆره‌ گۆرز له‌ كه‌رتی ئابووری كوردستان بده‌ن و رێگری له‌ گه‌شه‌ سه‌ندنی ئابووری و بووژاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و ئاسایشی كوردستان تێك بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كورد لاواز بكرێت و توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت داوای مافه‌ ره‌واكانی خۆی بكات. لێره‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كه‌م ئامانجی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌، چونكه‌ باش ده‌زانن كه‌ تا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هێز بێت، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هێزتر ده‌بێت و كوردستان ده‌بووژێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ لاواز كردنی پارتی، ئێران، توركیا، په‌كه‌كه‌ و گرووپی 16 ئۆكتۆبر و جیهادییه‌ رادیكاڵه‌كان پێكه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك هێرشی سه‌ر پارتی ده‌كه‌ن. گرووپی 16 ئۆكتۆبر و جیهادییه‌ رادیكاڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكوومه‌ت توانای ئیداره‌دانی وڵات و دابین كردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵكی نه‌ماوه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ مووچه‌ی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ران راسته‌وخۆ له‌ به‌غدایه‌وه‌ بێت و پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم نه‌مێنێت. ئێران پارتی به‌ پشتگیریكردن و هاندانی پارته‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ دژی ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات. په‌كه‌كه‌یش پارتی به‌ هاوكاریكردنی توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات و توركیایش پارتی به‌ هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كورد و یه‌كخستنی نێو ماڵی كورد تۆمه‌تبار ده‌كات.

ئه‌م سێ وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ لایه‌نه‌ كوردییه‌ (بێگۆمان به‌شێك له‌ په‌كه‌كه‌، چونكه‌ له‌ نێو په‌كه‌كه‌دا هه‌ر چه‌ند كه‌میش بێت به‌ڵام هێشتا كه‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ر ماون) خاوه‌ن یه‌ك به‌رنامه‌ و ئامانجن، كه‌ ئه‌ویش لاواز كردنی هه‌رێمی كوردستان و نه‌هێشتنی پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌. هه‌ر یه‌كه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك و به‌ پاساوێك كار بۆ ئه‌م ئامانجه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌رده‌لان گۆران

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ