پێشمەرگە شوناس و رەمزی ئازایەتی گەلی كورد

هەمووو ئەو ئاماژانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ، ئەو راستیەمان پێدەڵێن كە ، دەسەڵاتدارانی عێراق باوەریان بە گەلی كورد و قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان نییە
Thumbnail

پێشمەرگە ، بەردێژایی مێژوو ،  ئامانجێكی روون و ئاشكرایی هەبووە، ئەویش رزگاری كردنی خاك و نیشتیمانی خۆی و  پاراستنی شوناسی نەتەوەیی  ، هیچ كات باوەری بە شەرٍی گەل و نەتەوەیەكی ترو داگیركردنی خاك و نیشتیمانی  وڵاتێكی تر نەبووە ،  خاوەن رٍەوشت و بەهای گەورە بووە ،  هەر ئەو خەسڵە جوان و پیرۆزانەش بووە كە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، ناوی پێشمەرگە  بەردەوام بە جوانی و گەشاوەیی ماوەتەوە و هەردەم  جێگەی متمانە بووە ، لە هەمان كاتیشدا ، دوژمنان و داگیركەران زۆر هەوڵیانداوە ، كە پێشمەرگە ، ناشیرین و  بە هەموو شێوازێك بە شەرانگێز باس بكرێت ، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە بێهودە و بێ‌ ئەنجام ماونەتەوە ..
دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش نیازی راستەقینەی دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی شیعی زۆر بە ئاشكرایی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان  دەركەوت ، كاتێك  بە هاوكاری میلیشاكانی ئێرانی  و هەڵكردنی گڵوپی سەوزی ئەمەریكا و بریتانیاو توركیا، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پەڵاماردانێكی بەرفراوانیان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەتایبەت كەركووك یان دا ، كە مەڕامی راستەقینەی گروپە میلیشاكانی حەشدی شیعی و سوپای عێراق ، كۆتایی هێنان بوو بە قەوارەی هەرێمی كوردستان ، بەڵام  مێژووی قارەمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وخۆڕاگری گەلی كورد پیلانگێرییەكانیان تێكشكا.
دوای نائومێدی عێراق لە بەكارهێنانی هێز بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستان ، ئەوا دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی شیعی لە بەغدا سیاسەتی  گۆڕینی دیموگرافیا ، شیعەگەرایی یان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت كەركووك ، دواتر گوشار وپیلانگێری زۆر هەر لە بڕینی بەشە بودجە و مووچەی و بەكارهێنانی هێزولایەنی نێوخۆیی كوردستان لە دژی كیانی كوردستان دەستپێكردووە .
سەركردایەتیی سیاسی  كوردستان رۆڵی بنەڕەتی و گرنگی  لە بونیاتنانی عێراقی  نوێ‌ و رووخاندنی رژێمی بەعسی دیكتاتۆری هەبوو و جگە لەوەی لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاوانە دا بوو كە تێیدا عێراق ببێتە خاوەن دەستوور و ئینجا بە شێوەیەكی فیدراڵی و دیموكراسی و هاوبەشی ئیدارە بكرێت تا مافی گەلی كورد و گشت پێكهاتەكانی تر مسۆگەر بكرێت .
لەلایەكی تریشەوە، هەرێمی كوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، وەك  هەرێمێكی فیدراڵی دەستنیشانكراوە، بەڵام  ئەوەی لەماوەی 16 ساڵی رابردووی كردەوەی دەسەڵاتدارانی بەغداوە بینرا ، تەنها دەستوور وەك دەستەواژە و ووشەیەك ناوی هێنراوە و بەكردەوە هیچ نەكراوە ، لە هەمانكاتیشدا ، زۆرێك لە هێزولایەنە شیعییەكان هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور و ئینجا گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەند گەرٍایی و تاكڕەویی.
ئەوەش ئاماژەیەكی روون وئاشكرا و گەڕانەوەیە بۆ هەمان زیهێنیەتی  رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق  و پاشگەزبوونەوەیان لەو بەڵنێنانەی كە لە رابردوو باسی مافەرەواكانی كورد یان دەكرد وەك عێراقی 1958 و ئینجا 1970 كە بینیمان پاش ماوەیەكی كورت لێی پاشگەز بوونەوە و ئێستاش بەهەمان شێوە و دوای چەند ساڵێك لە باسكردن لە دەستوور و مافەرەواكانی جارێكی تر بەرەو تاكڕەویی و پەشیمان بوونەوە هەنگاویان ناوە .
ئەوەی لە هەڵوێستی دوێنی و ئەمرۆ و فشارەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرانبەر بە كوردستان دەبینرێت هەر لە ڕادەستكردنی دۆسییەی نەوت و ئەوەی دەبینرێت كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و هەوڵەكان بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی كوردستان لە نێو خۆ و دەرەوەی كوردستان و ئاماژەیەكی روونن بۆ زێهنیەتی و دەسەڵاتداراییەكی نوێی شۆڤێنزمی شیعەگەرایی لە عێراق بەتایبەت بەرانبەر بە گەلی كورد و مافەرەواكانی و كە پاساویی هەموو شكست ئیداریی و سیاسی و ئابوورییەكانی 18 ساڵەی دەسەڵاتداران عێراق دەخەنە ئەستۆی هەرێمی كوردستان تا لەو رێگەوە بتوانن خەڵكی عێراق چەواشە بكەن و بگەوجێنن .لەكاتێكدا عێراق لە رووی ئابووری وپێشكەوتن و هەژارییەوە لە سەر ئاستێكی هەر نزم دایە.
بۆیە، هەمووو ئەو ئاماژانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ، ئەو راستیەمان پێدەڵێن كە ، دەسەڵاتدارانی عێراق باوەریان بە گەلی كورد و قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان نییە، ئەوەی لە ئێستادا كوردستان و دەستكەوتەكانی پاراستوورە و رەوایی پێداوە ، تێكۆشانی گەلی كوردستان و قوربانیدانی بێ‌ وچان و بوونی سەركردایەتییەكی حەكیمانەی وەك سەرۆك بارزانییە ، ئەگینا قەوارەی كوردستان هیچ كاتێك بە دەستوور و دەوڵەتی دیكتاتۆری وشكستخواردوویی عێراق ناپارێزرێت ..