'باز' ە کەی حکومەت لە سەرشانی کێیە؟

گەلی کورد بە بارودۆخی مێژووی وەها دەورە دراوە ڕەنگە ئاستەم بێ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا یەک نمونەی لێ بهێنیتەوە!
Thumbnail

 

مرۆڤ لە سەرەتای بونیدا خاوەنی هیچ نەبوو، حکومەتی نەبو، کەس سەرۆکی نەبوو، ئاوارەی جەنگەڵ و دارستان بوو، لەگەل ئاژەڵدا یەکسان بوو، خەویشی کەمبوو لەترسی دڕندەکان. کاتێک ئەشکەوتی دۆزییەوە خیزانی پێکهێنا و چەند خێزانێک خێڵێکیان لێ دروست بوو، سەرەتا بۆ سەرۆک خێزان تەنها هێز و ماسولکە پێویست بوو بۆ ئەوەی بەردێکی گەورە بخاتە دەرگای ئەشکەوتەکە و دڕندە نەیانخوات، دواتر سەرۆکی خێڵ لەشولار و هونەری شەڕکردنیش واتە ئاوەز (عقل) یش پێویستییەک بو بۆ ئاڕاستەکردنی ئایندەی خێڵەکەی، سەرۆک خێزان بەتەنها کارەکانی ڕادەپەڕاند بەڵام سەرۆک خێڵ بەردەست و خزمەتکار و چایچی و ئاشپەز بون بە پێویستییەک بۆی و خۆی بەتەنها دەرەقەتی کارەکانی نەدەهات.

لەگەڵ فراوانبونی بواری کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی چالاکییەکانی و زۆربونی ئەژماری خەڵک و هەمە چەشنەبونی بەرژەوەندی و داهاتنی چەندین هۆکاری بەرجەستە و واتایی، کۆمەڵگا هەنگاو هەنگاو بەرەو ئاواکردنی شار بوەوە و لەوجێگانەی ژینگە لەبار بوو شار ئاواکران و دەسەڵاتێکی ڕێکتر و ژیرتر لە هی سەرۆک خێزان و خێڵ، داهاتنی حکومەتێکی سەپاند لە چواردەوری سەرۆکدا. 

دانیشتوانی ئەشکەوت و خێڵ بەر لە هەزاران ساڵ بۆ پاراستنی خۆیان چۆن پێویستیان بە ماسولکەی سەرۆک هەبوو، ئەوا دانیشتوانی شار بەر لە هەرکارێک دەبێ سەرۆکێکی سەردەمی خاوەن عەقڵ هەڵبژێرن کە بە کاروبارەکانیان بگات و نابێ سەیرمان لە ئەفسانەی هەڵدانی باڵندەی "باز" بیتەوە کە ڕێکەوتون لەسەری و بەسەر شانی هەرکەسەوە بنیشێت ببوە بە سەرۆکیان.

جیاوازی ژیانی شار و خوێندن و زیادبونی کارەکان وایکرد بە عەقڵییەتی سەرۆک خێڵی ئیدارەی شارەکان نەدرێت و چەندین وەزیر و گزیر و سکرتێر و رٶژنامەوان و ... هتد هاوکار و یارمەتی دەری سەرۆک بن لە کارەکانیدا.

زۆربونی ژمارەی شارەکان حکومەت و دەوڵەتی نەتەوەیی دروستکرد، ئەم حکومەتانە بەعەقڵییەتی فراوانخوازی دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیان چەندین شەڕ و قەسابخانەی خوێناوییان لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو نەخشاند و زۆرێک فراوانبوون و هەندێک نەمان و بون بە مێژوو.

بۆ ڕێگری لە خاپوربونی پیرەهەسارەی زەوی بیر لە دروستکردنی حکومەتێکی جیهانی کرایەوە و سەرەتا لە "کۆمەڵەی گەلان" و دواتریش لە "نەتەوە یەکگرتووەکان" دا خۆی مانیفێستکرد و سالانە چەندین کۆنگرەی نێودەوڵەتی و ڕێنمایی و هەموارکردنی یاسای نێودەوڵەتی گشتی دەردەچێت تەنها بۆ دابینکردنی مانەوەی ئەم 'مرۆڤە' و بەوەندەشەوە نەوەستا چەندین پەیام گەل بەزمان و هێما و وێنەی جیاواز ڕەوانەی گەردوون دەکات و عەوداڵی دۆزینەوەی بونەوەرەکانی ترە و پێی وایە ناکرێ لەم گەردونە زەبەلاحەدا خۆی تاقانە بێت.

گەلی کورد بە بارودۆخی مێژووی وەها دەورە دراوە ڕەنگە ئاستەم بێ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا یەک نمونەی لێ بهێنیتەوە! وەک خۆی خاوەنی قەلەم و مێژونوسی خۆی نەبوە و هەمیشە نەیارەکانی کە خۆی لە هێزە دراوسێ و دوورەکاندا دەردەخات بە هۆکاری چاوتێبڕینی لە زەوییە بە پیتەکەی و نەک تەنها خاکەکەی بگرە ڕابردووشیان شێواندوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی نوسیویانە و هێندێ جار بە مرۆڤیان نەزانیوە.

بەڵام لەسەرچاوە ئایینی و دورەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم نیشتیمانەی ئەم لەسەری بەزیوە و ویستی خۆی تێدا نەبوە یەک لە خاکە بە پیتەکانە وهەرچی لە زەوی بڕوێ لێی دەڕوێت و لە قوڵایی ناخیدا زێڕی سپی لە کانیاوەکانیدا دەتەقێتەوە و بە خێر و بێری زێڕی ڕەش دنیای تاریک ڕوناک دەکاتەوە و مادە خاوەکانی تر کە هێشتا دەستی مرۆی پێنەگەیشتوە لە ناو خۆڵ و خاکەکەیدا چاوباشقەڵی لەگەڵی دەکەن و زەوییە سەوزەکەی هەرچی کوڵکدار و مودار و کەوڵدار هەیە پەروەردەی دەکات.

 ئەگەر کێشەی 'خود' یی و نەبونی ئاوەزی فەرمانڕەوایی باش لای کورد هۆکاری دواکەوتن بوبێت، ئەوا ناکرێت لە بیرمان بچێتەوە گەورەترین کێشەی بەردەوامی هەبونی سێ گەورە ئیمپراتۆری فارس لە ڕۆژهەڵات و عوسمانی لە ڕۆژئاوا و بابلیی و عەرەبەکان لە باشوری کە هەمیشە بەچاوی تەماح و تەنانەت هەڵمژینی زێڕ و زیو و کانزاکانی کوردستان بوون و دەرفەتی لەسەرقاچ وەستانیان بۆ نەهێشتوەتەوە و هەمیشە فەرمانڕەواییکردن لەم زۆنەدا ئاسان نەبوە.

لە نێوان ڕاستی، خەیاڵ و خەون دا جیاوازی تەواو هەیە، یەکەمیان تیایدا دەژین و سەرما و گەرمای هەست پێدەکەین، خەیاڵ: نەژیاوین و نازانین بەڵکو دەمانەوێت تیایدا بژین و سێیەمیان کە خەونە ویستی خۆمانی تێدا نییە و ئاگامان لێی نییە. من باسی خەون و خەیاڵ ناکەم بەڵکو ڕاستی ژیانمان ئەزمون کردوە و دەزانین ساڵانێکە کاتێک ناوی 'حکومەتی هەرێم' دەبیستین لەگەڵیدا ناوی 'نێچیرڤان بارزانی' وەک دوانەیەک بە گوێچکەمان ئاشنایە و لەیەک نابنەوە، یارەکانی بە دیپلۆماس و سەرکەوتو و نەیاریش بە پێچەوانەوە دەیبینن و پێیان وابو 'باز' ە کە بە ڕێکەوت بەسەر شانیەوە نیشتوەتەوە و گوایە ئەوان دەتوانن زۆر باشتر کاری ئەم هەرێمە بەڕیوە ببەن بەڵام ئەسەف لە ڕاستیدا نەژیابون بەڵکو بە خەون و خەیاڵ وێنەی داهاتویان دەکرد بێخەبەر لەوەی وەک کورد دەڵێت: 'بێڵەقوڕ بە دەستی خەڵکەوە ئاسانە' و خۆیان نەک هەر نەیان دەتوانی بێڵی کارکردنی حکومەتی هەرێم بە دەستەوە بگرن و لەگەڵ چەندین پارتی سیاسی جیاوازی ناوخۆدا کاربکەن و بەریەککەوتنیان ڕێگا لە پێشکەوتنەکان بگرێت؛ بەڵکو زیاد لە سێ هێزی گەوری دراوسێی کوردستان و بەرژەوەندییە جیاواز و دژ بە یەکەکانیان دیواری بەردەم کارەکانی هەرێم بێت نەک پێشکەوتن.

تەنانەت ئەوان هێندە بێخەبەر بوون کە بینیمان نەک فەرمانڕەوایی حکومەت و هەرێم بگرە دەرکەوت نەیانتوانی سەرۆکایەتی پارتە یەک هەڵوێست و ئایدۆلۆژیا و حیزبییەکانی خۆشیان بکەن و ڕۆژانە شاباڵ و بەش و ئەندامی بەرزبەرزی خۆیان وازهێنان دەدەن و هاوار دەکەن لەسەر نەبونی نادادگەری لەناوخۆی خودی حیزبەکانیاندا.

ئازیزان، گەمەی خەبات و شۆڕش و دەوڵەت دانان وەک کایەی منداڵ نییە یەکێ ببێتە میر و یەکێ وەزیر و ئەوی دی گزیر باوەڕ دەکەم میر و گزیریش چاوسورکردنەوەی دەوێت دەنا یەکێ لەو لاوە خۆی دەکا بە میر و لەگەڵ میری تیر و پشکێ دەکەوێتە شەڕەچەپەڵۆک (مسعود محەمەد، مرۆڤ و دەوروبەر ب٣ ل١٣).

من دەزانم هێشتا کاری زۆر و پیویستی هەنوکەیی ماوە و نەکراوە و نابێت بیانوی بۆ بێنینەوە بەڵکو دەبێت وەک جولەکە لەناوەڕاستی نەیارەکانی خۆماندا هێزی پێشمەرگە یەک بخەینەوە و ڕۆتین کەم بکەینەوە و و بندیوارەکان کۆتایان بێت و بتوانین لەسەرقاچی خۆمان باشتر بوەستین و ئامادەییمان هەبێت بۆ هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی ناوچەیی و هەرێمی کە لە بەرژەوەندی خۆمان بیشکێنینەوە.

وەک چۆن لە ڕابردوو سەرۆکی حکومەت دیپلۆماسیانە کارە ئاڵۆزەکانی بەڕێدەکرد و جێگا دەستی دیاربو بە ئومیدین و دەزانین لە داهاتوودا بە سیاسەتی ئاوەزییانە و دوربینانەی خۆی کێشە سیاسییەکانی سەر هەرێم کەمتر بکاتەوە و ئەوکارە مەزنەی سەرۆک بارزانی کە ڕاپرسی بو بۆ یەکەمین جار کورد هەستی کرد مرۆڤی پلە یەکە و لەگەڵ نەتەوەکانی تر جیاوازی نییە و ئەزمونمان کرد و بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تەبا نەبون، ئەم بتوانێت هەنگاوی کردەیی بنێت و بەرەوپێشەوەی ببات، چونکە ئێمە بە خەون و خەیاڵ ناژین بەڵکو لە ڕاستیدا کار و ماندوبونی پەڕجو ئاسامان بینیوە بۆ پاراستنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان و دەبێت هەمیشە لەبیرمان بێت پێویستمان بە سەرۆکێکی خاوەن هێز و دانایی هەیە، چونکە  بەدەر لە نەیاری و نەزانی ناوخۆی خۆمان دەمی پیرە ئەشکەوتی کورد بەردێکی زەبەلاحی دەوێ و چەندین هەڕەشەی دەرەکی لە دەرەوە نەعرەتەمان لێدەکێشت ئەگەر کەسێک ئەمانە بە خەون ناو بەرێت تکای دۆستانە دەکەم ئەم خەونەم بۆ لێک بدەنەوە و بزانن هۆکاری پارچەپارچە بونی پارتەکانی کوردستان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟