هێزی باوەڕ

ڕەنگە زۆر کەس کاریگەری ئەو متمانە و باوەڕە لە ئێستادا هەست پێ نەکەن
Thumbnail

 گەمارۆکانی سەر ئێران تادێت فراوانتر و گشتگیرتر دەبێت و ئاستی بارودۆخەکە نزیک لە تەقینەوەیە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریان لاواز بووە هیچ لایەک نەیتوانیوە بارودۆخەکە هێوربکاتەوە، جیهان چاوەڕێی جەنگێکی ترە، جەنگێک کە کاریگەری تەواوی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی جیهاندا دەبێت، چونکە هەژموونی سیاسی و سەربازی ئێران بە تەواوی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن دیارە و بە پچڕ پچڕیش لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت لە ئەفغانستان و پاکستانیش هەستی پێ دەکرێت، ئەمە جگە لە هەژموونی ئابووری ئێران، کە بە یەکێک لە گرنگترین فڕۆشیارانی نەوتی جیهان دادەنرێت، کاریگەری سیاسی و ئابووریەکان دەشێ بەجۆریک بێت کە ڕەنگدانەوەی تەواوی قۆناغی خۆی هەبێت.

لە لایەکی ترەوە داعش لێرە و لەوێ و کردەوە ڕەشبگیریەکانی دەستپێکردۆتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر توشی بۆشایی ئەمنی و ئیداری بوون، بە شەوان هەڵدەکوتنە سەر گوندەکان و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن، لەوسەرەوە ئیسرائیل پێگەکانی حەشدی شەعبی وێران دەکات و هەڕەشە لە هەموو ئەو جۆرە هێزانە دەکات کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن، لەو نێوەندە پڕ ئاریشە و کێشەیەدا " مایک پێنس"جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن، لەمیانەی ئەو گفتوگۆدا مایک پێنس دوپاتی پەیوەندی هاوپەیمانانەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەڵێنیدا هەموو هاوکارییەک بکات بۆ چارەسەری بنبڕی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی جێگری سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان لەو ئان و ساتەدا دەرخەری ئەوەیە کە باوەڕی ئیدارەی حکومەتی ئەمریکا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان لەوپەڕی بەهێزیدایە و ئەمریکا هەروەک ڕۆژانی شەڕی داعش بۆ داهاتووش پێویستی بە هەرێمی کوردستان دەبێت کە وەک هاوپەیمانی سەرەکی بمێنێتەوە و بارودۆخی ناوچەکە بە ئارامی بهێڵێتەوە و کوردستان هەمیشە وەک پەناگەی ئارامی پەنابەران بمێنێتەوە و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان زیاتر پەرەبستێێت.

ڕەنگە زۆر کەس کاریگەری ئەو متمانە و باوەڕە لە ئێستادا هەست پێ نەکەن بەڵام بە بێگومان ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان ڕاهێنەرەکانی تۆپی پێدا ڕوودەدات کاریگەریەکەی لە گۆڕەپانی یاریەکە بەتەواوی دەبینرێت و ئەنجامیش ئەوەی سەلماندووە کە ئەو باوەڕە پتەوە لە ڕابدوودا وەک هێزی پشتیوانی دیبلۆماسی کاریگەری ڕوون و ئاشکرای هەبووە، بەتایبەت لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر و داستانی پردێ، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا باوەڕی خۆی و حکومەتەکەی بە ئیدارەی کابینەی هەشتەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دووپاتکردەوە و ئەو باوەڕە پتەوە دەرخەری کاریزمایی کەسایەتی نێچیرڤان بازرانییە، ئەو کەسەی توانی بە تەنها بەسەر هەموو ئابڵوقەکاندا سەربکەوێت و کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری فەراهەم بکات.