كوردستانێكی به‌هێز له‌ دوای چاكسازی

داهاتێكی دیكه‌ی پیشتر ونبوو ده‌چێته‌وه‌ نێو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت
Thumbnail

له‌ ئێستادا پرسی چاكسازی كه‌ بووه‌ته‌ مژارێكی گه‌رم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر رۆژه‌ له‌ سێكته‌رێكه‌وه‌ رایده‌گه‌یێنێت كه‌ چاكسازی ده‌ستی پێكردووه‌و تا ئێستا جگه‌ له‌ بڕینی مووچه‌ی ناشایسته‌ی هه‌زاران مووچه‌ خۆر پرسی رێكخستنه‌وه‌ی رسوومات و باج كه‌وتۆته‌ ژێر نه‌شته‌ری چاكسازی و به‌ ته‌واوبوونی ئه‌و هه‌نگاوه‌، داهاتێكی دیكه‌ی پیشتر ونبوو ده‌چێته‌وه‌ نێو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، چونكه‌ وه‌رگرتنی باج و رێكخستنه‌وه‌ی رسووماته‌كان به‌ شاده‌ماری داهاتی ناوخۆ ده‌ناسرێت.

كوردستانێكی به‌هێز كه‌ پارتی وه‌ك دروشمی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو به‌رزی كردبوویه‌وه‌، به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵات ئاسانتر وه‌دی دێت، خۆ ئه‌گه‌ر قه‌یرانی گشتگیری جیهان له‌ رووی دارای و داكه‌وتنی نرخی نه‌وت و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نه‌بوونایه‌، ئاكامه‌كانی كوردستانێكی به‌هێز به‌ به‌كارهێنانی كارتی چاكسازی له‌ كاتێكی زووتردا وه‌دی ده‌هاتن.

هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ته‌نها رێگای دروستی دارشتنه‌وه‌ی بناغه‌یه‌كی ته‌ندروستی ئیداره‌دان‌،و ته‌نها رێگایه‌ كه‌ له‌وێوه‌ ده‌توانرێت رێگری له‌ پیسخۆر و ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ بگیرێت كه‌ ره‌گی داكوتاوه‌، چاكسازی ده‌سه‌به‌ركردنی جۆرێك له‌ دادگه‌ریه‌ له‌ دابه‌شكردنی داهاته‌كان به‌مه‌ش كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌ به‌ ئاراسته‌ی به‌هێز بوون ده‌هاوێژێت.

به‌دیوێكی دیكه‌ چاكسازی ته‌واكردنی ماناكانی دروشمی كوردستانێكی به‌هێزه‌ كه‌ پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا به‌رزیكردووه‌ته‌وه، به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، هه‌رێمی كوردستان ‌له‌ دۆخی له‌رزۆكی دارای به‌رامبه‌ر به‌ عێراق نامێنێت و ئه‌و چه‌كی قوت و مووچه‌ی هاووڵاتیان كه‌ ئێستا له‌ به‌غداوه‌ بۆ دژیه‌تی كردنی هه‌رێم به‌كارده‌هێندرێت ده‌سوتێت، ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی دیفاكتۆ و به‌هێز له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ له‌ ئیداره‌دان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش بۆ رووبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیه‌كانی به‌رده‌می به‌‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌.