ووتارەکەی پلاسخارت !

ووتەکەی ئەو ئافرەتە هۆڵەندییه که تا ڕادەیەك ئەگەر کەمیش بێت بە ئەرێنی باس له پرسی کورد دەکات
Thumbnail

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

جینین پلاسخارت ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا، لەمیانەی كۆنفرانسی یەكڕیزی و دەستووردا كە لەلایەن زانكۆی كوردستانەوە لە هەولێر ڕێكخرابوو ، ووتارێکی پێشکەشکرد ، ئەم ووتارەی بووە جێگای سەرنج وتێروانینی زۆرانێك له چاودێرانی سیاسی و میدیاکاران ، ووتاری نوێنەری تایبەتی یوئێن بابەتێکی تازەی تێدانەبوو که جێگای ئاماژەکردن بێت ، بەڵکو وەك بەشداربووێکی کۆنفڕانس بۆچوونی خۆی بەشێوەیەکی بابەتیانه خستەڕوو که زیاتر بۆ بەرژەوەندی کوردبوو.

 پلاسخارت ئافرەتێکی هۆڵاندی ونێودەوڵەتی ئەم جیهانەیە و بێگوومان به هۆی پیشەکەیەوە که ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانه هەرچییەك بڵێت ئاخافتنەکانی ئاماژەی بۆ دەکرێت ، بەڵام ئەوەی له ووتاری کۆنفڕانسی هەولێر ناوبراو تەنیا ڕێنمایی بەوەدا که بەڵێ یەکڕیزی بۆ گەلی کوردستان پێوویستە ، ئەم داواکاریەی پلاسخارت تەنیا بۆ چوونی ئەو نیه ، بەڵکو بۆچوونی هەموو کوردستانیەکه ،جگە لەمەمەش بۆچوونی دۆستانی کوردیشە .

پرسی گەلی کوردستان بەدرێژایەیی مێژوو هۆکاری بێهێزی ناوخۆ بۆتە فاکتەررێك بۆ لەناوبردنی هەر ئەزموونێك ئەگەر هاتبێتە پێشەوە ، چ له مێژووی دێرین یاخوود هاوچەرخ ، به لێدانی یەکتر و به ململانێی نا تەندرووست ئەوە دەستەکەوتەکان ئەگەر لەناویش نەچووبن ئەوە بەرانبەر دووژمن وداگیرکەران به لاوازی نیشاندراوە ، جا لەوەتەی هەیه تێکڕای چین وتوێژەکانی کورد له سیاسیەکانەوە تاوەکو قوتابیەکی سەرەتایی ئەوە ئاشنایەتی بە ووشەی تەبایی ویەکڕیزی گەلی کوردستان هەیه و له گوێچیکدا دەزرینگێتەوە .

 له کۆنفڕانسی یەکڕیزی ودەستووردا سەرجەم بەشداربووان ومیووانان باسیان له خاڵی یەکڕیزی کرد بۆ زەمانەتی سەرکەوتنی گەلی کوردستان ، بەڵام زۆرتر بایەخ درایه ووتەکەی ئەو ئافرەتە هۆڵەندییه که تاڕادەیەك ئەگەر کەمیش بێت بە ئەرێنی باس له پرسی کورد دەکات بە تایبەت له هۆڵەکانی یوئێن بەمەش ئەم ئافرەتە قژ زەردە سۆزێکی لای کوردان پەیداکردووە و تا گەیشتۆتە ئەمیش هاوسۆزبێت و به لەبەرکردنی پۆشاکی کوردی له بۆنەکاندا وەك ئەوەی له کاتی هاتنی (پاپا) بۆ کوردستان پۆشیبووی که سەرنجی زۆرانێکی بۆلای خۆیدا ڕاکێشابوو ..

 گوومان لەوەدانیه که یەکڕیزی زامنە بۆ سەرکەوتن هەروەها زەمانەتێکه بۆ مانەوەی هەر گەلێك به تایبەتی بۆ گەلێك که له چوار لاوە تووندانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت ، ئەگەر یەکڕیزبین ئەوە بەدەستکەوتین وئەگەر (بێ سەرووبەر) ولەیەک ترازەش بین ئەوە بێگوومان چارەنووسی نادیار دەبێت..

 گەلێك زیندەبەچاڵ و کیمایاباران کرابێت ، گووند ودێهاتی وێران بێت ، به سەدەها هەزار ئافرەتی بێ پیاو و منداڵی بێ باوك مابێت چ دەبێت ئەگەر یەکڕیزبێت بۆ کەسانێك ئامۆژگاریمان بکەن ،که هەر دەبێت یەکڕیزبین ئەگەرنا مەرج نیه هەتا هەتایه وا لێمان بگەڕێن .


 بەڵێ ئاخافتنەکەی پلاسخارتی قژ زەرەد بۆ ئێمه باش بوو و دڵنیام لەسونگێکی ئەرێنیەوە ئاماژەی پێکردووە ،چونکه وەك مەسەلە کوردیەکه دەڵێ :(بەو ژناتیەی خۆی خاکەناسی گرتیتە دەست) ، بەواتا هەوڵیداوە کورد زیرەکانه مامەڵه لەگەڵ بەغدا بکات ، هەوڵەکانیشی جێگای پەنجەیان دیارە بەتایبەت ئەوکاتانەی له ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بارەگای یوئێن ڕاپۆڕتی خۆی پێشکەش دەکات، جابۆیە هیچ جۆرە نیگەرانیەك لەو ووتار و ئاخافتنەیدا نابینرێت، بەڵام ئەگەر یەکڕیز نەبووین و کوردستانی خۆمان خۆش نەوێت ئەوە نەوەك پلاسخارت ، بەڵکو هەر کێیەك ئەو ئاخافتنەی کردبێت ڕاستە دەکات که گەلی کوردستان هەفدەم پێوویستی به یەکڕیزی ئینجا یەکڕیزی هەیه .