بەپێی بەرنامەی پێشوو، ترەمپ بە نیاز بوو ڕۆژی شەممە لە ویلایەتی کانساس و ڕۆژی یەکشەممەش لە ویلایەتی ئایۆوا بەشداری لە دوو گردبوونەوەی جەماوەریدا بکات، بەڵام کۆمیتەی نیشتمانیی کۆمارییەکان ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لەبری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ، هەڵمەتێکی خێرای 72 کاتژمێری لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەڕێوەدەبەن؛ هەنگاوەکەش بە مەبەستی گەیشتن بە زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانە لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵات، بڕیاریشە ئەم چالاکییە ئەلیکترۆنی و تەلەفۆنییانە نزیکەی 20 ویلایەت بگرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، ڕۆژی پێنجشەممە ترەمپ بۆ جاری دووەم لە ماوەی یەک مانگدا سەردانی ویلایەتی کارۆلاینای باشووری کرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نیگەرانیی قووڵی کۆمارییەکان لە بەرامبەر هەڵکشانی کێبڕکێی بەهێزی کاندیدی دیموکراتەکان (ئانی ئەندرۆس) بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی یەکلاکەرەوەی ئەنجومەنی پیران، لە کاتێکدا ماوەی نزیکەی سێ دەیەیە هیچ دیموکراتێک لەو ویلایەتەوە نەگەیشتووەتە ئەنجومەنی پیران.
لە کاتێکدا دەنگدەران بەهۆی کێشە ئابوورییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لێکەوتەکانی جەنگەوە نیگەرانن، پارتی کۆماری خۆی لە هەڵوێستی بەرگریدا دەبینێتەوە، تەنانەت لەو ناوچانەشی کە لە ساڵانی ڕابردوودا پێگەی بەهێزی خۆی تێدا مسۆگەر کردبوو؛ بەجۆرێک لە چەند ڕۆژی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا، کۆمارییەکان ڕووبەڕووی کێبڕکێیەکی توند و لێکپێچراو بوونەتەوە لە ویلایەتەکانی: تەکساس، کانساس، ئۆهایۆ، ئایۆوا و ئەلاسکا، هاوکات چاوەکان لەسەر گۆڕانکارییەکانی کورسیی ئەنجومەنی پیرانن لە ویلایەتی میسیسیپیش.







