لۆران نونیێز وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند دەسەڵاتداران پلانێکی ئەمنیی ناوازەیان داناوە، بە جۆرێک ڕێکارە ئەمنییەکانی هەفتەی ڕابردوو بەردەوام دەبن و پاراستنی بازاڕ، مۆڵ و ناوەندە بازرگانییەکان توندتر دەکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین بانگەواز بۆ تاڵانکردن و تێکدانی موڵکی گشتی و تایبەت بڵاوکراونەتەوە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگە بە سازکردنی گردبوونەوەکان دەدرێت تەنیا لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان و لە دەوروبەریان، بەو مەرجەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان ڕێکاری ئەمنی بگرنەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر و ڕێگریکردن لە پێشێلکاری.
هاوکات، پارێزگارەکان بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو گردبوونەوانە دەردەکەن کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ ئێوارەی شەممە و هاوکات لەگەڵ ئاهەنگەکانی "هالۆوین" بانگەوازیان بۆ کراوە، چونکە هێزە ئەمنییەکان گومانی ئەوە دەکەن ئاهەنگەکە بکرێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی دەموچاو و ئەنجامدانی کاری نایاسایی. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆ یەکە تایبەتەکانی وەک (BRI)، هێزەکانی دەستوەردانی پۆلیس (RAID) و هێزە تایبەتەکانی جەندرمە (GIGN)ـی خستووەتە خزمەت پلانەکەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەلیکۆپتەر و زرێپۆش.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە تا ئێستا، 1,193 پۆلیس و ژەندرمە لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری فەرەنسادا بریندار بوون.







