د. ڤیکتۆریا بۆگۆسیان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو باوەڕەی پێی وایە خواردنەوەی ئاو لە کاتی نانخواردندا ترشەڵۆکی گەدە شل دەکاتەوە و کار لە پرۆسەی هەرس دەکات، تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە ئاو هاوشێوەی خواردن لە ناو گەدەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو زۆر خێراتر بەجێیدەهێڵێت، بەتایبەت کاتێک لە دەرەوەی ژەمەکان دەخورێتەوە، هاوکات خێرایی بەتاڵبوونی گەدەش بەپێی قەبارە و پێکهاتەی ئەو خواردنەی تێیدایە دیاری دەکرێت.
ئەو پزیشکە ڕوونیکردەوە، لەوانەیە ئاو بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی ترشێتیی ناو گەدە بگۆڕێت، بەڵام کاریگەری لەسەر کرداری هەرس نابێت، چونکە گەدە خۆی بەرهەمهێنانی ترشەڵۆک ڕێکدەخات، هەروەها ئاو یارمەتیی نەرمکردنەوەی خواردن و ئاسانکردنی قوتدانی دەدات، بۆیە خواردنەوەی لە کاتی نانخواردندا تەواو ئاسایی و پێویستە.
سەبارەت بە خواردنەوەکانی دیکە وەک شەربەت و خواردنەوە گازییەکان، د. ڤیکتۆریا خستیە ڕوو کە ئەوان بە تەنیا کاریگەری لەسەر مژینی خواردن ناکەن، بەڵام خواردنەوە شیرینەکان کالۆریی زۆر بۆ جەستە زیاد دەکەن و خواردنەوە گازییەکانیش لای هەندێک کەس دەبنە هۆی دروستبوونی با، قڕقێنە و دڵەکزێ، بۆیە گرنگە مرۆڤ شلەمەنییەکان بەپێی ئارەزووی خۆی هەڵبژێرێت و سڵ نەکاتەوە لە خواردنەوەی ئاو لە هەر کاتێکدا کە پێویستی بوو.
لە کۆتایی ڕێنماییەکانیدا، ئەو پزیشکە پسپۆڕە هۆشداریی دا کە خواردنەوەی چا، قاوە و شیر لەوانەیە هەڵمژینی توخمی ئاسنی ناو خۆراکەکان کەم بکەنەوە و کار لە هەڵمژینی هەندێک دەرمانیش بکەن، بۆیە باشتر وایە هەموو جۆرە دەرمانێک تەنیا بە ئاوی ئاسایی بخورێت، مەگەر پزیشک ڕێنمایی پێچەوانەی دابێت.







