ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە شاری هەولێر، کە بەردی بناغەکەی پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا، بە ڕێژەی 80% تەواو بووە و پڕۆژەکە چووەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم پڕۆژە تەندروستییە بە شێوازێکی هاوچەرخ دیزاین کراوە و بەشی ڕاوێژکارییەکەی توانای دەبێت ڕۆژانە پێشوازی لە نزیکەی هەزار (1000) نەخۆش بکات.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، نەخۆشخانەکە بە ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان ئامادە دەکرێت، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری کیمیایی، تیشکی، سەنتەری تیشکی لیناک (LINAC)، هۆڵەکانی نەشتەرگەری، بەشی خەواندن و فریاکەوتن لەخۆ دەگرێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە و دەستپێکردنی کارەکانی، چاوەڕوان دەکرێت ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونێکی زۆر گەورە بەخۆیەوە ببینێت.






