بەپێی زانیارییەکانی محەمەد ساڵح پەیامنێری کوردستان تیڤی، ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیدا لە قەزای کفری، پۆلیس گەنجێکی دەستگیرکرد و دواتر ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی گەرمیانی کرد، دوای ئەوەی لە ناو چەند مزگەوتێکی سنوورەکەدا ژمارەیەک پارچە کاغەزی بەسەر نوێژخوێناندا دابەش کردبوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند: گەنجەکە ژمارەیەک کاغەزی لە ناو چەند مزگەوتێکدا بڵاو کردووەتەوە کە لەسەریان نووسرابوو "دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)" و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی بانگەشەکردن و دروستکردنی پشێوی داوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە لەدایکبووی ساڵی (2006)ـە و دانیشتووی قەزای کفرییە، ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە مەبەستی زانینی پاڵنەرەکانی ئەو کارەی، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.






