ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە قەزای خەبات کێشە لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا و چەک بەکارهێنرا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی زێرەڤانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بە خێرایی دۆخەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، لێپێچینەوەی توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەکرێت کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.
پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت چەک بەکاربهێنرێت و لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکاری زۆر توند بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر.






