هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری سەردەمی زێڕینی هونەر..!
عەبدولڕەحمان بێلاف: دەنگ و هونەری نەجمەدین ئاوارە وەک چرایەکی گەش لە هەولێر و کوردستان هەڵگیرسا.
بەیانییەکی زووی کۆتایی وەرزی بەهاری ساڵی (١٩٨٢) بوو، لەگەڵ هاوپیشەم وەستا (بەختیاری شەهید سەلامی دەلاک) لە سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتین. لە ڕێگادا وەستا بەختیار پێی وتم ئەم چوونەم بۆ هەولێر تەنها بۆ دیدەنیی هونەرمەند نەجمەدین ئاوارەیە، چونکە لەمێژە نەمبینیوە و تامەزرۆی دیداریم؛ بەندەش لە نزیکەوە بە دیداری شاد نەببووم و تەنها لە ڕێی کەناڵی تەلەفزیۆنی کەرکووکەوە بە دەنگە خۆشەکەی ئاشنا ببووم. کاتێک گەیشتین، دوای گەڕان، پرسیار و سۆراغکردنی هونەرمەند (نەجمەدین ئاوارە)، ناونیشانەکەیمان وەرگرت و بەرەو شوێنی کارکردنەکەی کەوتینە ڕێ؛ شوێنەکە هۆڵی (میدیا) بوو. لەو کاتەدا هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە وەستای کاشی بوو، لە گۆڕەپانی بەردەم هۆڵەکەدا کاشیی دادەنا و دوو کرێکاریش لەبەردەستیدا کاریان دەکرد. کاتێک چووین بۆ لای، پشتی لە ئێمە بوو و سەرقاڵی کاشیدانان بوو. وەستا بەختیار بانگی کرد؛ کاتێک گوێی لە دەنگی بوو، هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە بە دەنگەکەیدا ناسییەوە و ڕاستەوخۆ هەستایە سەر پێ و بەرەو لای ئێمە هات. دوای سڵاوکردن و هەواڵپرسین، بەڕاستی کاتێکی خۆش بوو هەم بۆ وەستا بەختیاری دەلاک و هەم بۆ منیش کە لە نزیکەوە بە دیداری ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشە شاد بم، بەڵام بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو..! کاتێک لە تەلەفزیۆندا بەو سیما جوان و قژە قەترانییەوە بینیبووم کە بە دەنگە بەسۆزەکەی گۆرانیی دەخوێند و دەیوت:
(نەخۆشی چاوی تۆم دولبەر نیگایێ
بەزەییەکت بە مندا چۆنە نایێ)
کاتێک بینیم گەنجێکی باڵابەرزی ڕەنجدەر و زەحمەتکێشە و کڵاوێکی فراوانی لەسەردایە بۆ ئەوەی لە بەر گەرمای تیشکی خۆر بیپارێزێت. وەستا بەختیار لێی پرسی: ئەوە بۆ وا قژت سفر کردووە؟
نەجمەدین ئاوارە: «بەخە گیان، دەزانی بۆ وام لێکردووە؟ لەبەر ئەوەی خۆم بپارێزم و نەمبەن گۆرانی و سروود بۆ ئەو زاڵمە و قادسییە دۆڕاوەکەی بڵێم؛ بەم شێوەیە و بەم سیما ناشیرینەوە نامبەنە تەلەفزیۆن! بەو ڕوخسارە و بەو شێوەیە خۆم دوور خستووەتەوە».
لەو کاتەدا ئەو هەڵوێستە بۆ من جێی تێڕامان بوو کە هونەرمەندێکی دەنگخۆشی نەتەوەکەم بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە و نایەوێت خۆی بدۆڕێنێت. دەنگخۆشی و زۆریی بەرهەم تەنها تاکە خەسڵەتی هونەرمەند نییە، بەڵکوو هەڵوێست، سەنگینیی کەسایەتی، کەموپوختیی بەرهەم و هەڵگرتنی پەیامێک لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەکەیدا و مانەوە لە بەرەی گەل و نەخلیسکانی بۆ ناو بەرەی دوژمن و داگیرکەری وڵات، بنەمای ڕاستەقینەن؛ ئەو بەو شێوەیە کەسایەتی و هونەرە جوانەکەی لەکەدار نەکرد. بەو وەڵامە جوان و لێوانلێوە لە جوامێری و بوێری، هێندەی دیکە هونەرمەند نەجمەدین ئاوارەی لەلام خۆشەویستتر کرد.
خۆشبەختانە دوای تێپەڕبوونی (٣٩) ساڵ، لە ڕێکەوتی (٢٨/٣/٢٠٢١) لە ئەنتیکەخانەکەی کاک (خاڵس) لە شەقامی پەروەردەی شاری شیرینی هەولێر، جارێکی دیکە بە دیداری هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە شاد بوومەوە کە بە سەردان لە وڵاتی کەنەداوە گەڕابووەوە زێدەکەی.
هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە؛ لە گەڕەکی خانەقاوە بۆ نێو دنیای هونەری ئاواز و گۆرانی...!
یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ڕۆژانێک لە ڕێی دەنگی خۆش و بەرهەمە ناوازەکانیەوە، هاوشانی هونەرمەندانی شاری هەولێر بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بە پشتیوانیی موزیکژەنانی بەتوانا دەیچریکاند و هەمیشە ئاوازی هەستبزوێنی دەدا بە گوێماندا؛ ببووە ڕێبوارێکی بەئەمەک لە کاروانە پیرۆزەکەی هونەری موزیک و گۆرانیدا. دەتوانم بڵێم دەنگ و گۆرانییە ڕەسەنەکانی لە نێو موزیک و هونەری کوردیدا نەخشاندووە. ساڵانێک بوو ئەو دەنگە خۆش و کەسایەتییە جوانە لەنێو گۆڕەپانی هونەردا کەمبەرهەم بوو، یان بەهۆی سەرقاڵیی ژیان و دوور لە نیشتمان کەم دەبینرا و دەبیسترا. بە پێویستم زانی لە ڕێی چەند پرسیارێکەوە هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە بدوێنم و لاپەڕەی یادەوەرییە شیرینەکانی دوێنێی گەڕەکی خانەقا، قەڵات و تەواوی شاری هەولێر هەڵبدەینەوە، تا بۆ نەوەی ئەمڕۆ ڕوون بێت کە ئەم هونەرمەندە بە چ زەحمەت و ماندووبوونێک لە ڕێگا پیرۆزەکەی هونەردا هەنگاوی ناوە و هەمیشە هونەرەکەی بۆ نەتەوەکەی تەرخان کردووە و مەبەستی بووە گەنجینە و خەرمانی موزیک و ئاوازی کوردی دەوڵەمەندتر بکات.
(نەجمەدین عەبدوڵڵا حەسەن وەیسی) لە ساڵی (١٩٥٦) لە خانەوادەیەکی هەژار، کوردپەروەر، هونەردۆست و هونەری لە گەڕەکە دێرینەکەی (خانەقا)ی شاری هەولێر لەدایک بووە. هونەرمەند لە خانەوادەکەیدا خاوەنی (چوار برا و دوو خوشک)ە؛ براکانی: (موتەڵیب، گەیلان، نورەدین و زەکەریا).
بۆ دەوترێت خانەوادەیەکی هونەری؟ چونکە بە خودی هونەرمەندەوە و سیان لە براکانی لە بواری هونەری موزیکژەنین، ئاوازدانان و گۆرانیدا تێکۆشاون و چالاکیی هونەرییان هەبووە؛ دەنگ، موزیک و ئاواز وەک چرایەکی ڕۆشن لەناو ئەو خانەوادە هونەرییەدا درەوشاوەتەوە.
لە ڕێکەوتی (١٨/٩/٢٠٢٦) ڕۆژی هەینی، لە ڕێی وەتسئەپەوە پەیوەندیم بە هونەرمەند نەجمەدین ئاوارەوە کرد و بەڕێزیان زۆر بە لوتفەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرەتا بەم پرسیارە چوومە حوزووری:
پرسیار: نەجمەدین عەبدوڵڵا حەسەن وەیسی، بۆچی ناسناوی (ئاوارە)تان کردووەتە پاشناو و لە نێوەندی هونەریدا پێی ناسراون؟
وەڵام: لەبەر ئەوەی بە درێژایی مێژوو دوژمنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام کار و پیلانیان هەبووە بۆ لەناوبردنی میللەتی کورد؛ بە زیندان و زیندەبەچاڵکردنی بەکۆمەڵ، ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی گوند و دێهاتەکانی کوردستان، دوورخستنەوەی خەڵکەکەی بە زۆرەملێ لە زێدی بابوباپیرانیان و سڕینەوەمان لەسەر خاکی خۆمان. بەندەش یەکێکم لە تاکەکانی ئەو میللەتە و لەگەڵ ئازار و ئەندێشەکانی نەتەوەکەمدا ژیاوم و زوڵمم لێ کراوە و دیومە چ کارەساتێکمان بەسەر هاتووە. زۆربەی ژیانم تا ئێستاش هەر لە دەربەدەری و ئاوارەییدا بردووەتە سەر، بۆیە ناسناوم ئاوارەیە و بە (نەجمەدین ئاوارە) ناسراوم.
پرسیار: قۆناغەکانی خوێندنتان چۆن بوو و بە کام ئاستی خوێندن گەیشتوون؟
وەڵام: خوێندنی قۆناغی سەرەتاییم لە قوتابخانەی (نیشتمان) لە شاری هەولێر تەواو کردووە، بەداخەوە لەبەر چەند هۆکارێک نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم.
پرسیار: بەڕێزتان زادەی خانەوادەیەکی هونەردۆست و هونەرپەروەرن، بە بەڕێزتانەوە (٥) برا و دوو خوشکن؛ کام لە کوڕەکانی ئەو خانەوادە هونەردۆستە پێشەنگ بوو بۆ نێو دنیای هونەری موزیک و گۆرانی؟
وەڵام: نورەدینی برام هونەردۆست و دەنگخۆشی خانەوادەکەمان بوو، هەر ئەویش بووە هاندەری من؛ لەگەڵ خۆیدا منی دەبردە بۆنە و ئاهەنگ و ئەکلەنجەکان. ئەو هەستە هونەرییە لە ناخمدا چرۆی کرد و منیش پەرەم پێ دا و هەنگاوم بۆ نێو دنیای ئاواز و گۆرانی نا.
پرسیار: دەرکەوتنی بەهرەی هونەریتان لە چ قۆناغێکی تەمەنتاندا بوو؟
وەڵام: وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، کاریگەریی کاک نورەدینی برام بوو، هەروەها لە قوتابخانەش هەستیان پێکردم کە دەنگم خۆشە و دەتوانم گۆرانی بڵێم؛ توانا و دەنگمیان پەسەند کرد و منیان دەستنیشان کرد بۆ خوێندنی گۆرانی و سروود لە قوتابخانەدا.
پرسیار: دەنگ و هونەری بلیمەت و هونەرمەندی نەمر (حەسەن زیرەک ٢٩/١١/١٩٢١ – ٢٦/٦/١٩٧٢) لای بەڕێزتان چی دەگەیەنێت؟ کاریگەریی لەسەر هەست و ناخی بەڕێزتان چی بووە؟
وەڵام: هونەرمەندی بلیمەت، مامۆستا و قوتابخانەی هونەری ڕەسەنی کوردی (حەسەن زیرەک)، سەدای دەنگ و ئاوازە خۆش و سەرنجڕاکێشەکانی بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر هەست و سۆزم دروست کردووە، چونکە لە تەمەنی منداڵیمەوە عاشقی دەنگ و هونەرە بەرزەکەی بووم. دەتوانم بڵێم دەنگیشم نزیکە لەو بلیمەتە نەمرەوە؛ بەدڵنیاییەوە دەیڵێم کەس ناتوانێت جێگای ئەو مامۆستا و هونەرمەندە نەمرە بگرێتەوە. ڕۆحی شاد بێت و جێگای بەهەشت بێت، ناو و هونەرەکەی هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.
پرسیار: ئەو کەسایەتییە کێ بوو کە ئەو توانا و بەهرە ئیلاهییەی لە بەڕێزتاندا دۆزییەوە و پێی وتیت: دەنگت خۆشە و بەردەوام بە؟
وەڵام: برا گەورەکەم کاک نورەدین لەناو خانەوادەکەم؛ لە قوتابخانەش مامۆستایانی هونەرمەند: (وریا ئەحمەد ١٩/٤/١٩٤٧ کۆیە)، (ڕزگار خۆشناو ١٩٥٢ شەقڵاوە)، هەروەها بەڕەحمەت بن و یادیان بەخێر (سەید ئەحمەد بەرزنجی ١٤/٧/١٩٥٢ – ٣/٢/١٩٩٩) و (شێرزاد ئەنوەر عوزێری ٦/١٠/١٩٥٠ – ٢/١٢/٢٠٠٩).
پرسیار: سەرەتای حەز و ئارەزووی هونەریتان، ئایا ژەنینی ئامێری موزیک بوو یان دەنگبێژی کە پەلکێشی کردیت بۆ نێو دنیای هونەر؟
وەڵام: لە تەمەنی منداڵیمەوە حەز و ئارەزووم بۆ ژەنینی ئامێرەکانی موزیک هەبووە؛ ئاواتم دەخواست ئامێرێکی موزیکم هەبێت، بەتایبەتی ئامێری (عوود). دواتر بە ئاواتەکەم گەیشتم و هیچ کەسیش ڕێنمایی نەکردووم، بەڵکوو خۆڕسک فێر بووم. لەگەڵ شارەزاییم لە ژەنینی عوود، شارەزاییم لە زەرب، دەف و ئامێری ئۆرگیشدا هەیە. لەبەر عەشقی زۆرم بۆ ئامێری عوود و ژەنینی، زۆربەی ئاوازەکانم لە ڕێگەی عوودەوە داناوە؛ بەلای منەوە هەموو ئامێرەکانی موزیک سەرنجڕاکێشن و ئارامکەرەوەی مێشکی مرۆڤن.
پرسیار: وێنەگری دیاری شاری هەولێر کۆچکردوو (محێدین تاهیر عەبدولکەریم ناسراو بە ئەبو سەباح ١٩٣٤ – ٢٩/١/٢٠٠١) لە ژیانی هونەریی بەڕێزتاندا چ ڕەنگدانەوەیەکی هەبووە؟
وەڵام: وێنەگری دێرینی شاری هەولێر ئەبو سەباح، جیا لە پیشەکەی خۆی، کەسێکی هونەردۆست، کوردپەروەر و هونەرخۆشەویست بوو. بۆ من پێگەیەکی گرنگی ژیانم بوو، لەوێوە ئاشنا بووم بە چەند هونەرمەندێکی دیکەی دەنگخۆشی شاری هەولێر. لە ماڵی ئەبو سەباح لە نێوان ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی پێشوودا، من و هونەرمەندی کۆچکردوو (قادر زیرەک ١٩٥٤ – ١٧/٧/١٩٨١) و (ڕەحمان قوربانی) و چەند گۆرانیبێژێکی دیکە شەوانە کۆ دەبووینەوە و تا درەنگانی شەو گۆرانیمان دەوت؛ ئەویش هاندەرێکی باش بوو بۆ هونەر و هونەرمەندان. ڕۆحیان شاد بێت و یادیان بەخێر.
پرسیار: ئەگەر بێتەوە یادتان، کەی بوو بۆ یەکەمجار چریکاندتان و گۆرانیتان خوێند؟ لەکوێ بوو و ناوی گۆرانییەکە چی بوو؟
وەڵام: یەکەم گۆرانیم لە ساڵی (١٩٧٩)دا لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر تۆمار کرد، بە ناوی (نەخۆشی چاوی تۆم دولبەر نیگایێ) لە هۆنراوەی شاعیر (وەفایی ١٨٤٤ – ١٩٠٢) بوو؛ لە ئاواز و وتنی خۆم (نەجمەدین ئاوارە) و ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکی گۆرانییەکە لە لایەن مامۆستا (وریا ئەحمەد)ەوە بوو. دواتر لە ساڵی (١٩٨٢) لە تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمار کرا و پەخش کرا.
پرسیار: لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە بەشدار بوون لە بۆنە و ئاهەنگ و ئەکلەنجەکانی ئەو سەردەمەی شاری هەولێر؛ لەوانە بۆنەکانی (نەورۆز، سەیرانگاکان و ئاهەنگەکان). دەکرێت ئاماژە بەو قۆناغە بدەن کە لەگەڵ کام هونەرمەندان بەشدار بوون و ئایا لەگەڵ گرووپی موزیک بوو؟
وەڵام: بێگومان بەشداریم کردووە لە هەموو بۆنە، ئاهەنگ، ئەکلەنجەکان، جەژنی نەورۆز و سەیرانگاکان، لەگەڵ گشت هونەرمەندانی کوردستان و عێراق بەگشتی (کورد، عەرەب و تورکمان). وەک هونەرمەندێکی کورد لە یەکەم، دووەم و سێیەمی (میهرەجانی نێودەوڵەتیی بابل) و هەروەها لە بەغدا شانبەشانی هونەرمەندە دیارەکانی عەرەب لەو سەردەمەدا وەک: یاس خزر، حەمید مەنسوور، کازم ساهیر، سەعدوون جابر، مەحموود ئەنوەر، ڕیاز ئەحمەد و گۆرانیبێژی دیاری لوبنانی (ماجدە ڕومی) لەسەر شانۆی نیشتمانیی ڕەشید و شانۆی بابلی نێودەوڵەتی لە بەغدا بەشدار بووم. بۆ زانیاریی زیاتر، من ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و عێراقیشم.
بە شانازییەوە لەگەڵ ئەم تیپە هونەرییانەش کاری هونەریم کردووە: تیپی هونەری هەولێر، تیپی هونەری میللیی هەولێر، تیپی مۆسیقای کاروان، تیپی مۆسیقای هەولێر و چەندین تیپی تر.
هەروەها بەشداریم کردووە لەگەڵ هونەرمەندانی کۆچکردوو و ئەوانەی لە ژیاندان، وەک: (تاهیر تۆفیق، مشکۆ، محەمەد ئەحمەد، ڕەسووڵ گەردی، فوئاد ئەحمەد، محەمەد جەزا، حوسێن عەلی، عەبدوڵڵا دڵسۆز، قادر زیرەک، جەلال سەعید، تەنیا عارەب، نیزام شوکر، زیاد ئەسعەد، هاوتا ئەسعەد، سابیر کوردستانی، ئیبراهیم سابیر، سەلاح محەمەد، بورهان خۆشناو، فەرهاد زیرەک، میدیا حوسێن، عەتا چاوشین، کەمال محەمەد، بەرهەم حەسەن، خالید محەمەد، حەمە قوتوو هەورامی، شێروان شەیدا، سادق هەریری و جەبار ئەحمەد).
لەگەڵ هونەرمەندانی دەڤەری بادینانیش بەشداریم کردووە وەک: (تەحسین تەها، میران هەرکی، عەبدوڵڵا زێرین، شاکر ئاکرەیی، ئەحمەد زێباری).
لە دەرەوەی کوردستانیش لە کەنەدا لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە بەشدار بووم: (ناسر ڕەزازی، شڤان پەروەر، نەجمەدینی غوڵامی، میکائیل، ئەردەڵان بەکر، نادیە و شەهرۆز) و چەند گۆرانیبێژێکی تر؛ داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ناوی ترم لەبیر چووبێت.
هەروەها بەشداریم کردووە لەگەڵ زۆر لە گۆرانیبێژانی تورکمانی شاری هەولێر و کەرکووک: (هابە، یونس مەحموود، سالم فەتاح، یونس خەتات، نورەدین عەساف، شەهیم شورتە، نەجات زێڕینگەر، کوێر کەریم، سەدرەدین، یەشار کوڕی مشکۆ، نەجمەدین دۆشکە، محەمەد عیزەت نەعمەت، مەغدید شێخەئۆغڵوو، جەلال حەردان برای محەمەد ئەحمەد ئەربیللی) و زۆری تر، داوای لێبوردن دەکەم کە ئێستا ناوەکانیان لە یادم نییە.
پرسیار: تیپی هونەرە میللییەکانی شاری هەولێر لە ڕێکەوتی (٢/٥/١٩٧٩) دادەمەزرێت؛ بەشداربوون و پێگەتان چی بوو لە دامەزراندنیدا، و ماوەی چەند بەشداریی چالاکییەکانی تیپەکەتان کرد؟
وەڵام: ماوەی (١١) ساڵ لەگەڵ تیپی هونەری میللیی هەولێر بە شێوەی (گرێبەست – عەقد) کارم کردووە؛ وەک ئەندام و گۆرانیبێژی تیپ لەگەڵ هونەرمەندان: (جەلال سەعید، عارەب عوسمان، نیزام شوکر، میران هەرکی، زیاد ئەسعەد، شێروان شەیدا) و زۆربەی هونەرمەندانی تر بەشداریم کردووە.
پرسیار: ساڵی (١٩٨٠) لە تیپی موزیکی کاروان بە سەرپەرشتیی هونەرمەند (شێرزاد ئەنوەر عوزێری) دەبنە ئەندام؛ ئایا لەگەڵ ئەو تیپەدا هیچ بەرهەمێکتان تۆمار کرد؟
وەڵام: بەڵێ، من لە ساڵی (١٩٨٠)دا پێنج گۆرانیم لەگەڵ تیپی موزیکی کاروان تۆمار کرد؛ یەک لەو گۆرانییانە بە ناوی (لە چاوی شینت ئەفسوونێ هەیە) بوو کە ئاوازەکەی خۆم دامنابوو و تێکست و دابەشکردنی موزیکەکەی هی هونەرمەند شێرزاد ئەنوەر عوزێری بوو. هەر پێنج گۆرانییەکەمان لەگەڵ تیپی موزیکی کاروان برد بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک و لەوێ تۆمار کران و بڵاو کرانەوە.
پرسیار: لە کۆڕەوەکەی ساڵی (١٩٩١) بەڕێزتان چوونەتە شاری مەهاباد؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ چالاکی و تێکۆشانێکی هونەریتان ئەنجام دا؟
وەڵام: بەڵێ، لەو بارودۆخە دژوارەی کۆڕەوی ساڵی (١٩٩١) کە بەسەر گەلەکەماندا هات و زۆرینەی خەڵکی باشوور ڕوویان کردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، منیش ڕووم کردە ڕۆژهەڵاتی وڵات. سەرەتا چوومە شاری مەهاباد و دواتر شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات؛ لەوێ بە دیداری زۆر لە هونەرمەندان شاد بووم وەک: هونەرمەندی نەمر (محەمەدی ماملێ ٢/٦/١٩٢٥ – ٢٣/١/١٩٩٩)، (عەزیز شاهرۆخ ١٩٣٨)، (قادری سەیاحی ٤/٦/١٩٤٣ – ١٧/٤/٢٠٢٢)، (کامەران مەتەری ١٩٤٥ – ٢/٩/٢٠٢١)، (حەسەن دەرزی ١٩٥٧) و چەند گۆرانیبێژێکی میللی. بەداخەوە لەو کاتەدا هەل نەڕەخسا کاری هونەری ئەنجام بدەم، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک ڕێم کەوتە شاری (شنۆ) و لەوێ بە هاوڕێیانی هونەرمەندم شاد بوومەوە وەک گۆرانیبێژ و موزیکژەن؛ لەوانە هونەرمەندان: (جەلال سەعید، تەنیا عارەب، نیزام شوکر، فوئاد ئەحمەد، زیاد ئەسعەد).
هەر ئەو شەوە بە ئامادەبوونی چوار هونەرمەندی موزیکژەنی بەتوانا: (سەید ئەحمەد ڕواندزی بە ئامێری کیبۆرد، نەجمەدین بابەکر بە ئامێری کەمانچە و ڤیۆلۆن، دڵشادی ئەمینی بە ئامێری سەنتوور، زرار بەکر بە ئامێری تیمپۆ) بە هاوکاریی هونەرمەند جەلال سەعید بە ڕیتم و تۆمارکردنی دەنگ و بە سەرپەرشتیی هونەرمەند سەید ئەحمەد ڕواندزی، توانیمان کاسێتێک تۆمار بکەین. لەو کاسێتەدا توانیم ئاواز لەسەر هۆنراوەی شاعیران (هێمن، وەفایی، عەبدولڕەحمان بێلاف و جەبار حەبیب) دابنێم و هەموو میلۆدییەکانی هی خۆم بوون.
پرسیار: جیا لەوەی بەڕێزتان دەنگخۆشن و گۆرانیتان چڕیوە، هەروەها شارەزاییتان لە ژەنینی ئامێری (عوود)دا هەیە و لە بواری ئاوازدانانیشدا ئەسپی خۆتان تاوداوە؛ ئەوەندەی بزانم زۆرینەی ئاوازەکانی بەرهەمەکانتان هی خۆتانن. خەسڵەتی ئاوازدانان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ هەڵقوڵاوی ناخی بەڕێزتانە یاخود کاریگەریی تێکستەکە بووە؟
وەڵام: بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ، جیا لە بەهرە و توانای گۆرانیگوتن، زۆر پێویستە شارەزایی لە ژەنینی ئامێرێکی موزیکدا هەبێت؛ چونکە لە ڕێی ژەنینی ئەو ئامێرە موزیکییەوە دەتوانێت کار لەسەر ئاوازدانانیش بکات. خەسڵەتی ئاوازدانان لە مندا بەهرەیەکە کە پەروەردگار پێی بەخشیوم؛ هەر ئاوازێکم دانابێت، سەرچاوەکەی هەڵقوڵاوی ناخ و هەستی خۆم و کاریگەریی ئەو تێکستە بووە کە مەبەستم بووە کاری لەسەر بکەم. تێکست، ئیلهام و بەسەرهاتەکان تەواوکەری یەکترین؛ هەمیشە تێکستی جوان و ناسک کاریگەریی لەسەرم داناوە و زۆربەی ئاوازەکانم لەگەڵ ژەنینی ئامێری عوودەکەمدا لەدایک بوون.
پرسیار: تا ئێستا چەند ئاوازتان هەیە؟ جیا لە ئاوازەکانی خۆتان، ئاوازی هیچ هونەرمەندێکی دیکەتان وتووە؟
وەڵام: تا ئێستا (٢٦) ئاوازی خۆم داناوە و خوێندوومن، و (٣) ئاوازی هونەرمەندی کۆچکردوو (شێرزاد ئەنوەر عوزێری)یشم خوێندووە.
پرسیار: نەجمەدین ئاوارە لە مانگی (٩ی ساڵی ١٩٩٣) زێدەکەی جێهێشتووە و لە وڵاتی (کەنەدا) نیشتەجێ بووە؛ دوای بەسەربردنی چەند ساڵێک ژیان لە تاراوگە و غوربەتدا، کەی بۆ یەکەمجار گەڕایتەوە کوردستان و پیرە هەولێر؟
وەڵام: بەڵێ، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات، من لە مانگی (٩ی ساڵی ١٩٩٣)دا کوردستان و زێدەکەم جێهێشت و لە کەنەدا نیشتەجێ بووم. دوای بەسەربردنی (٩) ساڵ ژیان لە تاراوگە و غوربەت و دوور لە نیشتمان، بۆ یەکەمجار لە ساڵی (٢٠٠١)دا گەڕامەوە بۆ وڵات و کوردستانی خۆشەویستم و بۆ زێدەکەم، شەکڕەشار، پیرە هەولێری خۆشەویست. ڕاستە ئەوە چەندین ساڵە لە غوربەتدا دەژیم، بەڵام هەمیشە بیر و هەست و نەستم لای خەڵکی وڵاتەکەمە و لێرەشەوە لەگەڵ ئازار و ئەندێشەی نەتەوەکەمدا دەژیم.
پرسیار: لە گەڕانەوەکانتان بۆ کوردستان، ئایا لە هیچ بەرنامەیەکی کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکان، یاخود پرۆگرام و بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بەشدار بوون؟
وەڵام: نەخێر، بەداخەوە لەبەر ئەوەی کاتم کەم بوو بەشداریم نەکرد؛ بەڵام لە جاری دووەمدا کە لە ساڵی (٢٠٠٦) گەڕامەوە کوردستان، بەخۆشحاڵییەوە بەشداریم لە فێستیڤاڵێکی گەورەی هونەریدا لە شاری هەولێر کرد.
پرسیار: ئایا لە هەندەران وەک هونەرمەندێکی ناسراوی نەتەوەکەمان لە کەنەدا یاخود وڵاتانی دیکە، بەشداریی چالاکییە هونەرییەکانتان لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا کردووە؟ لەگەڵ کێ و چ گرووپێکی موزیکدا بووە؟
وەڵام: ئەنجامدانی کاری هونەری لە تاراوگە زۆر سەختترە وەک لەوەی کوردستان؛ چونکە یەکەم: دەرفەت کەم دەڕەخسێت و مرۆڤ سەرقاڵی کارکردنە، دووەم: نەبوونی هونەرمەندی ژەنیار، چونکە هەر یەکەی لە وڵاتێکە و سەرقاڵی ژیان و کاری خۆیەتی. بەڵام سەرەڕای ئەو گرفتانە، بە خۆشحاڵییەوە و بە ئەرکی سەرشانم زانیوە وەک هونەرمەندێکی کورد بەشداری بکەم. لە کەنەدا و لە ئەمریکا لە دەیان چالاکیی هونەری و بۆنەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا لەگەڵ هونەرمەندان وەک: (شڤان پەروەر، حەمە جەزا، ناسری ڕەزازی، ڕزگار خۆشناو، نەجمەدینی غوڵامی، نادیە، ئەردەڵان بەکر، میکائیل و زۆری تر) بەشدار بووم و لەگەڵ چەندین تیپی مۆسیقای جیاوازدا کارم کردووە.
بۆ زانیاریی زیاتر، من لە کاری هونەری دانەبڕاوم و بەردەوامم؛ تاکو ئێستا (١٠) گۆرانیم لە ئاوازی خۆم ئامادە کردووە کە چوار لەو گۆرانییانە کاری موزیکییان تەواو بووە؛ یەک لەو بەرهەمانە بە ناوی (شەوگاری تاڵ)ە کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی کوردستان پەخش کراوە، هەروەها (٣) گۆرانیی دیکەم ئامادەیە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێ دا، بەداخەوە لە کەنەدا گرووپێکی مۆسیقیی باشی لێ نییە، گەر هەشبێت تاکتاکە و پەرتوبڵاون و زەحمەتە کۆیان بکەیتەوە؛ هەر لەبەر ئەم هۆیە بووە نەمتوانیوە بەرهەمی زیاتر تۆمار بکەم.
پرسیار: لەگەڵ خوێندنی سرووددا نێوانتان چۆنە؟ ئەوەندەی بیستوومە دەنگی بەسۆزتان لە دراماشدا بەکار هاتووە؟
وەڵام: خوێندنی سروود تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە ڕووی ئەدا، میلۆدی و تێکستەوە؛ بۆ نا، نێوانمان خۆشە و سروودیشم خوێندووە بە ناوی (بورکانی تووڕە) لە هۆنراوەی (جەبار حەبیب) و لە ئاواز و وتنی خۆم بووە. بەڵێ، دەنگم لە درامای (ئاسکە)شدا بەکار هاتووە و گۆرانیم خوێندووە؛ ئەو درامایە بۆ ئەو سەردەمە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو. هۆنراوەکەی هی برای بەڕێزم (حەیدەر عەبدولڕەحمان) و ئاوازی هونەرمەند (شاکر سابیر ڕواندزی) بوو؛ ئەو هونەرمەندە ئازیزانەش بە موزیک بەشدار بوون: (مامۆستا وریا ئەحمەد، جەودەت شاکر، فازیل ئاکرەیی، سەمەد و هیوا جەمال).
پرسیار: لەگەڵ ئاوازدانان و گۆرانیخوێندندا، هیچ کات بووە خۆتان تێکست بۆ بەرهەمەکانتان بنووسن؟
وەڵام: بێگومان شارەزاییم هەیە لە نووسینی تێکستی گۆرانیدا، بەڵام پێم باشترە شیعری شاعیرە مەزنەکانی نەتەوەکەم بکەمە گۆرانی. لە دڵەوە سوپاسی ئەو شاعیرانە دەکەم کە تێکستی ئەوانم کردووەتە گۆرانی؛ بە ئەمانەتەوە دەبێت بڵێم، شیعری ئەم بەڕێزانەشم کردووەتە گۆرانی:
سێ تێکستی کاک (سالار قادر ڕواندزی):
١/ عەشق و جوانی
٢/ زام و خوێن
٣/ کەوی کوێستان
هەر سێ تێکستەکە خۆم ئاوازم بۆ داناون؛ گۆرانیی (کەوی کوێستان)م لە ساڵی (١٩٨١) لەگەڵ تیپی موزیکی ڕادیۆی کوردیی بەغدا تۆمار کرد و دوو گۆرانییەکەی تر لەگەڵ تیپی موزیکی هەولێر تۆمار کران. هەروەها (٣) گۆرانیم لە تێکستی شاعیری بەتوانا (عەبدولڕەحمان بێلاف) تۆمار کردووە، و یەک تێکستی (مەحموود قادر) ناسراو بە (خاڵەڕەش)، برای سالار قادر ڕواندزی، بە ناوی (جەژن هات و نەهاتی، خۆ بەهاریش تێپەڕی). لەگەڵ ئەوانەشدا، ئاوازم بۆ هۆنراوەی (نالی) و (ڕازی)ی شاعیر داناوە و بە دەنگ و موزیک بڵاو کراونەتەوە.
پرسیار: ساڵی چەند هاوسەرگیریتان کردووە و بەرهەمی ئەو ژیانە هاوسەرگیرییە چەند منداڵە؟ ئایا هیچ یەکێک لە جگەرگۆشەکانتان بوونەتە ڕێبواری ڕێگا پیرۆزەکەی هونەری موزیک و گۆرانی؟
وەڵام: لە ساڵی (١٩٨٤) ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێناوە و سوپاس بۆ پەروەردگار خاوەنی چوار منداڵم؛ یەک کچ و سێ کوڕ. کوڕە گەورەکەم ئامێری (کیبۆرد) دەژەنێت و لە زۆر لە ئاهەنگەکاندا لەگەڵمدا بەشدار بووە، هەروەها تێکستی گۆرانیی ئینگلیزی دەنووسێت و دوو گۆرانیشی بە زمانی ئینگلیزی تۆمار کردووە، بەڵام بەداخەوە درێژەی پێ نەدا و وازی هێنا.
نووسەر: زۆر زۆر سوپاس هونەرمەندی ئازیز (نەجمەدین ئاوارە) بۆ بەخشینی ئەو کاتە بە ئێمە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان؛ ماندوومان کردن، هیوای سەرکەوتن، سەرفرازی و لەشساغیتان بۆ دەخوازم.
هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە: «سوپاس بۆ ئێوە، ئومێدەوارم لە وەڵامەکاندا درێغیم نەکردبێت و ئەوەی لە یادم بووبێت خستبێتمە ڕوو؛ هیوادارم بە دڵی خوێنەرانی ئازیز بێت و دووبارە سوپاس کە لەم تاراوگەیەدا منتان بەسەر کردەوە»(١).
لەگەڵ بەسەرکردنەوەی هونەرمەندی خۆشەویست نەجمەدین ئاوارە و بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر، پەیوەندیم کرد بە نووسەر و شاعیر (عەبدولڕەحمان بێلاف)ەوە؛ بەڕێزیان بەم چەند وشەیە خوێندنەوەی بۆ هاوڕێ و هاوشارییەکەی کرد و بۆی نووسیم:
«نەجمەدین ئاوارە لە بنەماڵەیەکی هونەری سەری هەڵدا؛ ئەو تەنها گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکوو بە دەستێکی شارەزا عوودی دەژەند و بە دڵێکی پڕ لە هەست ئاوازی دادەنا. لە سەردەمی زێڕینی هونەردا وەک چرایەکی گەش لە هەولێر و کوردستان هەڵگیرسا؛ دەنگ و نەوای عوودەکەی دەگەیشتە ناخی گوێگران، بە هەر گۆرانییەک گوێی هونەردۆستانی بە جوانی ئاوەدان دەکردەوە؛ یاد و هونەرەکەی هەمیشە لە دڵی هەولێر و کوردستاندا دەژی»(٢).
لە کۆتاییدا ئاماژە بە چەند بەرهەمێکی ئەو دەنگە بەسۆزە دەدەم؛ ئەو بەرهەمە هونەرییانەی کە بەشێکن لە مێژووی جوانی هونەریی هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە و لە یادەوەریی هەوادارانیدا بە نەمری ماونەتەوە:
نەخۆشیی چاوی تۆم – هۆنراوەی: وەفایی، ئاوازی: نەجمەدین ئاوارە.
چەندە جوانی:
(چەندە جوانی، چەند هێمنی
خەمڕەوێنی، ڕوو گوڵشەنی
شۆخ و قەشەنگی، شەرمنی!
بۆیە خۆشەویستی منی...)
هۆنراوەی: شێرزاد ئەنوەر عوزێری، ئاوازی: نەجمەدین ئاوارە.ڕێبوار – هۆنراوەی: سەرکەوت ڕەسووڵ، ئاوازی: نەجمەدین ئاوارە.
بگەڕێوە – هۆنراوەی: جەبار حەبیب، ئاوازی: نەجمەدین ئاوارە.
هۆگری یاد – هۆنراوە و ئاوازی: شێرزاد ئەنوەر عوزێری.
سروودی بورکانی تووڕە – هۆنراوەی: جەبار حەبیب، ئاوازی: نەجمەدین ئاوارە.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
٣١/١٠/٢٠٢٦ – سلێمانی
سەرچاوەکان:
(١) پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە، دواتر لە ڕێکەوتی (١٨/٩/٢٠٢٦) ڕۆژی هەینی لە ڕێی وەتسئەپەوە وەڵامەکانی بۆ ناردم (کەنەدا – سلێمانی).
(٢) پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ شاعیر و نووسەر (عەبدولڕەحمان بێلاف) لە ڕێکەوتی (٢٣/٩/٢٠٢٦) (هەولێر – سلێمانی).







