ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی عێراق کە لە نوێنەرانی شەش حزب و لایەنی سیاسی پێکهاتوون، بەشدارییان لە خولی پێنجەمی کۆنفرانسی دیالۆگی حزبی شیوعیی چین لەگەڵ حزبەکانی وڵاتانی عەرەبی کرد، کە تێیدا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدارە.
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "لە گوتارێکدا پەیامی سەرۆک بارزانی و پارتیم لەبارەی مێژوو و خەباتی گەلی کوردستان و ڕۆڵیان لە ئاستی کوردستان و عێراق و کاریگەرییان لە ناوچەکەدا پێشکەش کرد، هەروەها هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتی چینم لە کۆنفرانسەکەدا خستە ڕوو".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، وەک نوێنەری عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی گەلی چین (پەرلەمان) کۆبووەتەوە و تێیدا بارودۆخی جیهان و ناوچەکە و بابەتە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیرییەکان تاوتوێ کراون.
عەلی حوسێن ڕوونیشی کردەوە، ئەم دیالۆگە بە بەشداریی بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی 20 وڵاتی عەرەبی و ناوچەکە بەڕێوەدەچێت، ماوەکەی 10 ڕۆژە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆتایی بە کارەکانی بێت.
6 وێنە







