قەبارەی هێرشەکە دژ بە ئێمە هەرچەندێک بێت و ناوەڕۆکەکەی هەرچییەک بێت، ئەوا لەگەڵ هەموو زیانەکەیدا —کە زیانێکی بەردەوامە و مەبەستەکەی دیارە و پێشتریش هێرشی سەربازی و ئەمنیی بەخۆیەوە بینیوە— بەڵام هەڵبژاردە هۆشیارانەکەمان هەموو پڕوپاگەندەکانی دوژمنی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆ پووچەڵ دەکاتەوە؛ ئەو نەیارەی کە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی لە مێژوو تێبگات، لە ڕۆڵی خۆی تێبگات و بزانێت چۆن گەیشتووەتە بڕیار ، چونکە حوکمڕانی ئەرک و ڕاسپاردەیە و کۆتوبەندی لەسەرە، و دەسەڵاتیش لەبەر ئەوەی سەرپەرشتی و دەسەڵاتی بەسەر هاووڵاتیانیدا هەیە، داوا لێکراوە و پێویستە خۆی ناچار بکات تا نەکەوێتە ناو هەڵە و تاوانەکانەوە.
دروست نییە ئەوانی تر وا تێبگەن کە ئێمە بە پرەنسیپی دەستبەسەرداگرتن (وضع اليد) کار دەکەین، و دروست نییە بۆ کەسێک کە بانگەشەی هۆشیاریی سیاسی دەکات، فیشەک و تیر بهاوێژێت و قسەگەلێک بتەقێنێتەوە بەبێ هیچ ئامانجێکی سوودبەخش؛ هەروەها دروست نییە بەرەو خاڵێک بجوڵێت و خۆی پێدا بکێشێت، تا بە تەوژمەکەیەوە بگەڕێتەوە سەر ئەو خاڵانەی کە لەسەر بنەمایەکی دەستووری و یاسایی جێگیر بوون؛ جا ئەگەر بۆشاییەکی ڕاڤەکردن بۆ دەستوور هەبێت، پێویستە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە هەنگاو بنرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، پاشان بچنە سەر گفتوگۆ و جێبەجێکردن.
ئێمە لە خاوەنەکانی بیری گرەوکردن نین، چونکە گرەوکردن نە ڕێبازی پەسەندکراوی ئێمەیە و نە بە هیچ شێوەیەک لە بیروباوەڕی ئێمەدایە.
بە هۆشیارییەکی تەواوەوە شوێن و کاری خۆمان هەڵبژارد، بە هۆشیارییەوە خەباتمان کرد، شەڕمان کرد، ڕێککەوتین و ناکۆک بووین، یان وردتر بڵێین بەبێ شەرمکردن و ناوهێنان، بەرپەرچی شەڕی ئەوانی دیکەمان دایەوە بۆ سەرمان، و ئەو ڕۆژەی ئەوان سەرپێچیی ئەرکەکانیان کرد، ئێمەش لەگەڵیاندا ناکۆک بووین.
پڕوپاگەندەی زۆربەی عەقڵی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی بەرامبەر نەیارەکان، پڕوپاگەندەگەلێکن کە نە مەردایەتییان تێدایە و نە گێڕانەوەی تەواوی چیرۆکەکە، بەڵکو ئەوەندە کورتکردنەوە و شاردنەوە و بەخائینکردن و ئیدانەکردنیان تێدایە کە سەرباری کەموکوڕیی ڕاستی، هۆکاری شێواندن و چەواشەکردنیشی پێ زیاد دەکات.
دەڵێم: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان —و ئەمەم چەندین جار بە لێدوان و نووسین ڕاگەیاندووە— بە ڕوونی کار دەکەین، پێشوەختە بڕیار نادەین و ناچینە ناو نیەتی دڵەکانەوە؛ ئامۆژگاریی کەسانی دیکەش دەکەین کە خۆیان بە شتێکەوە سەرقاڵ نەکەن کە جگە لە زیان هیچی تر ناهێنێت؛ جا هەر کەسێک گوێ بگرێت و خۆی ڕاست بکاتەوە، هیچ کەموکوڕییەکی لەسەر نییە، و هەر کەسێکیش گوێ بگرێت و ڕێنوێنیی ئێمە بۆ ڕێگای ڕاست نەبینێت، ئەوا کاری خۆیەتی؛ لە هەردوو بارەکەشدا، نە ئێمە و نە گەلەکەمان ملکەچی ئەو دەستەواژە و کردەوانە نابین کە مەبەستیان نوێکردنەوەی ئاگرەکانی ڕابردووە.
بۆچی خاوەنەکانی گرەوکردن لەسەر کرداری سیاسی دەجوڵێنەوە؟
ئەمە کارێکی شەرمەزارکەرە و ئاشکراکاری بەتاڵبوونە لە ئیرادە و سەلامەتیی لۆژیک.
چەندین پرس هەن کە دژ بە گەلەکانمان پەیڕەو دەکرێن و خواست و ئاواتەکانیان تا ئاستێکی شەرمەزارکەر دابەزاندووە، مافە پارچەپارچەکراوەکان منەتیان پێوە دەکرێت، و بە خوا ئێمە شەرم دەکەین کە دوای هەموو ئەو ساڵانەی خوێن و خەبات و تێکۆشانی هاوبەش، دەبینین خاوەن دەسەڵاتەکان لەسەر دۆسیەگەلێک لێدوان دەدەن کە چڵەپووشەکەی ناو چاوی ئەوی تر دەبینن و کاریتەکەی ناو چاوی خۆیان لەبیر دەکەن!
لە دوای ٢٠٠٣ و پێشتریش لە ڕۆژانی ئامادەکاری بۆ ئەوەی دۆخەکە چۆن دەبێت ئەگەر ڕژێم بگۆڕێت —کە گۆڕاش— وتمان ئەو بنەمایانەی دروستە حوکمڕانیی ڕەشیدی لەسەر دابمەزرێت، لەسەر تێگەیشتن لە عێراق و پێکهاتەکانی وەستاوە، و دروست نییە خاوەن پێگە ببێتە کەسێک کە ڕۆڵەکان تێکەڵ بکات و زنجیرەی ئەوەی دۆخی عێراق ئەمڕۆ وەک دوێنێ پێی گەیشتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هەڵە: هەڵە لە تێگەیشتن لە دەسەڵات و وەهمەکەی، کاتێک وای لێدێت وەک ئەوەی هەڵبژاردەیەکی ئیلاهی بێت، یان ئەوەی تێیدایە بانگەشەی لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنیدا بکات لە کاتێکدا واقیع پێچەوانەی بانگەشەکەیەتی.
لەوێدا ناخی پیادەکردنی گرەوکردن دەجوڵێتەوە و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار دەردەکەوێت کە گرەوکەر نە خوێندوویەتییەوە و نە داوای ئامۆژگاریی کردووە، یان گوێی لێنەگرتووە، هەر لەوێشدا دەردەکەوێت کە خاوەنی هەڵبژاردە هۆشیارانە، هەرچەندە مەینەتی بکێشێت، ڕێگای خۆی دەزانێت، بە پێچەوانەی گرەوکەر کە ڕەنگە بە ڕێکەوت بباتەوە و لە دەستکەوتێکدا نقووم ببێت کە مافی خۆی نییە، یان بدۆڕێت چونکە کەسێکی تر بە ڕێکەوت بردوویەتییەوە.
دەترسم جیاوازیی هۆشیاری زۆر ڕوون بووبێتەوە لە دەرخستنی ئەوانەی بە ئەنقەست، دۆڕان بۆ گەلەکانمان دووبارە دەکەنەوە، ئەوانە گرەوکەرەکانن، ئەوانەی پشت بە پڕوپاگەندە و بڕیار دەبەستن، ئەوانەی دەگەنە دەسەڵات و لێی دەردەچن و لە ویژدانی دەستکەوتدا بەتەواوی لەبیرکراو دەبن، و لە تۆماری خراپەکاریدا زۆرترین ئامادەبوونیان هەیە؛ بەڵام خاوەنەکانی هەڵبژاردە، هەڵبژاردنە شکۆمەندەکە، ئەوان وەک کانزای بەنرخ وان و ئیلهامبەخشن بۆ هەموو ئەوانەی دواتر دێن لەپێناو بەردەوامبوونی ڕێگای هەڵبژاردە، نەک گرەوکردن و داڕووخان.
ئێمە کوردستانمان هەڵبژارد، و هەڵمانبژارد ببینە عێراقی بە مانای ئەو عێراقیبوونەی کە هاوکێشەگەلێک بەرهەمدەهێنێت پەیوەندییان بەو دۆخەی عێراقی زەوتکراوەوە نییە لەلایەن ڕەوتی سڕینەوەوە کە پاڵی بە نەیارەکانییەوە نا ، بۆیە ئێمەش پێکەوە پێشەکییەکانمان بۆ عێراقێکی سەربەرز دروستدەکرد.
ئەی دروستکەرانی بڕیار، پێویستە فریای ئەوە بکەون کە دروست نییە ڕوو بدات و تێبگەن کە ئێمە و ئێوە کۆتا کەسانێکین شایانی ئەوە بین بکەوینە گۆشەی بەرگریکردن لە خۆمان یان پاساوهێنانەوە.
دروست نییە ڕابکێشرێینە ناو کەسانی خاوەن گرەوی خراپ یان هەڵبژاردەی بەئەنقەست بۆ خراپە، چونکە لە نموونەی ئەوانە ئەوەندە شت بەسەر عێراقییەکاندا کەڵەکە بووە کە بووەتە وەک قەرزێک سوودە شایستەکانی لە خودی قەرزەکە زیاترن، کە باجەکەیمان داوە و بەردەوامیش دەبین لە باجدانی بەهۆی ڕاستنەکردنەوەی ڕێڕەوەکانی حوکمڕانی.







