فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) ڕایگەیاند، ئەمەریکا هەڵبژێردراوە بۆ میوانداریکردنی یەکەمین وەشانی مێژوویی جامی جیهانیی یانەکانی ئافرەتان، کە بە بەشداریی 16 یانە و چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەمەریکا هەڵبژێردرا بۆ میوانداریکردنی یەکەمین وەشانی مێژوویی پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی یانەکانی ئافرەتان کە تێیدا (16) یانە بە نوێنەرایەتیی شەش فیدراسیۆنە کیشوەرییەکە بەشداری دەکەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاستی تۆپی پێی ئافرەتان لەسەر ئاستی یانەکانی جیهان.
بەپێی سیستەمی پاڵەوانێتییەکە، (13) یانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگەنە قۆناغی کۆمەڵەکان، لە کاتێکدا سێ یانەی دیکە لە ڕێگەی پاشکۆی پاڵاوتنەوە کێبڕکێ دەکەن، هاوکات شوناسی یانە بەشداربووەکانیش لەسەر بنەمای ئەنجامی یانەکان لە دیارترین پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2024 تاوەکو 2027) یەکلا دەکرێتەوە.
فیفا ئاشکرای کرد، دیاریکردنی ئەمەریکا لەسەر بنەمای پێشکەوتوویی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ ئەو پێشوازی و جۆشخرۆشە گەورەیەیە کە لەو وڵاتەدا بە تۆپی پێی ئافرەتان دەدرێت، ئەم بڕیارەش لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی فیفادا درا کە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری زیورخی سویسرا بەڕێوەچوو.
شایەنی باسە، بڕیارە ئەم پاڵەوانێتییە ببێتە پێشبڕکێیەکی ڕێکخراو و چوار ساڵ جارێک ئەنجام بدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (2025)ـدا پلانەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنی ڕاگەیاندبوو.







