بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت تاوەکو دانوستانەکان بۆ ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران دەست پێبکەن، ئەمەش پاش ئەوەی لە 29ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجامە بەراییەکان بڵاوکرانەوە و دەرکەوت هیچ کام لە دوو بەرە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت کە 61 کورسییە بەدەستبهێنن.
دابەشبوونی کورسییەکان و ڕێژەی بەشداری:
بەرەی بنیامین نەتانیاهۆ (ڕاستڕەوەکان): 53 کورسی.
بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت: 48 کورسی.
پارتە عەرەبییەکان: 19 کورسی (ڕیکۆردێکی مێژوویی).
ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران: 77.7% بووە، کە بەرزترین ڕێژەیە لە دوای ساڵی 1999ـەوە تۆمار کرابێت.
بەهۆی لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی، نەتانیاهۆ و پارتی لیکۆد دەستیان بە هێرشێکی توند کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکە "دزراوە". حزبی لیکۆد لە ڕاگەیەندراوێکدا پارتی عەرەبیی بە "دزینی هەڵبژاردن" تۆمەتبار کرد و نەتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" دۆسیەکەی بە "ڕەعام گەیت ناوبرد، هاوکات بەرەی نەتانیاهۆ هەریەک لە قەتەر و تورکیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ملیۆنان دۆلار هاوکاریی دارایی نایاساییان بۆ جۆشدانی دەنگدەرانی عەرەب ناردووە، بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشدارییان بەرزبکەنەوە و بەرەی ڕاستڕەو بڕوخێنن. نەتانیاهۆ ئەم هەنگاوەی بە "هەوڵێک بۆ ئیسلامیکردنی ئیسرائیل و خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر ئێران" وەسف کرد.
لە بەرامبەردا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پۆلیسی ئیسرائیل هەر جۆرە ساختەکارییەکی سیستماتیکیان ڕەتکردەوە و جەختیان لە دەستپاکی و ڕەوتی دیموکراسیی پرۆسەکە کردەوە. هەرچی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیە (شاباک)، ڕایگەیاند لەسەر داوای نوام سۆلبێرگ، دادوەر و سەرۆکی کۆمسیۆن، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە گومانی دەستێوەردانی دەرەکی کردووە، بەڵام جەختی کردەوە ئەم لێکۆڵینەوەیە بە هیچ شێوەیەک گومان ناخاتە سەر مافی یاسایی و دیموکراسیی هاووڵاتییانی عەرەب کە دەنگی خۆیان داوە.
لەلایەکی دیکەوە، گادی ئایزنکۆت سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، نەتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی هەڵمەتێکی بۆ بێبەهاکردنی ئیرادەی دەنگدەران دەستپێکردووە. هاوکات مەنسوور عەباس، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی عەرەبی (ڕەعام) و سەرکردە عەرەبەکان ئەم تۆمەتانەیان بە "درۆی نەژادپەرستانە" ناوبرد کە ئامانج لێی ترساندنی ئۆپۆزسیۆنە لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵیاندا. هاوتەریب، وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش بە تەواوی تۆمەتەکانی لیکۆدی ڕەتکردەوە و بە بانگەشەی "پێکەنیناوی، مەترسیدار و چەواشەکارانەی ناوخۆیی" لەقەڵەمی دان.







