بۆ ساڵی سێیەم بەردەوام، د. جەگر حەرەکی، ئەندامی پەرلەمان و توێژەری ئەکادیمی، شوێنی پێشەنگی خۆی لە لیستی ۲٪ زانایانی باشترین جیهان لە بواری وزەدا، کە لەلایەن زانکۆی ستانفۆرد و دامەزراوەی ئەلزیڤێر (Elsevier) ئامادە دەکرێت، پاراستووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۱ی ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، د. جەگر حەرەکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ «کوردستان تیڤی» وتی: «شانازییەکی زۆرە کە بۆ ساڵی (۲۰۲۶) و هاوتەریب لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو توانیومە جێگای کوردستان لە بواری وزەدا لە نێوان ۲٪ زانایانی باشترین جیهان بەرز ڕابگرم. ئەم هەڵسەنگاندنە بەرهەمی پرۆژەیەکی هاوبەشی زانکۆی ستانفۆرد و دامەزراوەی نێودەوڵەتی ئەلزیڤێرە.»
ئەم زانایە کوردە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی ڕێگایەکی پڕ لە هەوڵ و ئەنجامدانی (۹۱) توێژینەوەی ئەکادیمیی قووڵە، کە ئامانجیان دۆزینەوەی چارەسەری کردارییە بۆ قەیرانەکانی بەشی وزە و پەرەپێدانی ژینگەیەکی بەردەوام. ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە دەستپێکردنی گەشتی زانستییەکەی لە هەرێمی کوردستان و گەیشتن بەو ئاستە نێودەوڵەتییە، بەڵگەی ئەوەیە کە توانای تاکی کورد سنوورناسی نییە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەی لە ڕێگەی کوردستان تیڤییەوە بۆ توێژەران و گەنجانی وڵات، د. جەگر جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە نەوەی داهاتوو دەبێت باوەڕی بە بەهرە و تواناکانی خۆی هەبێت و هەوڵ بدات بەهۆی زانستەوە ناوی نیشتمان لە ناوەندە بەرزەکانی جیهاندا بدرەوشێنێتەوە. ئەو هەروەها ئاماژەی کرد کە ئەم متمانە نێودەوڵەتییە بەرپرسیارێتییەکی قورستری دەخاتە سەر شانی بۆ ئەوەی بە خزمەتکردن بە زانست و کۆمەڵگا بەردەوام بێت.
شایەنی باسە کە ئەم پۆلێنکردنە ساڵانە لەلایەن زانکۆی ئەمریکیی ستانفۆرد و ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەلزیڤێرەوە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی بنکەدراوەی باوەڕپێکراوی «سکۆپوس» (Scopus)، بە مەبەستی ناساندنی کەسایەتییە کاریگەرەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پێشخستنی زانست و چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی مرۆڤایەتی هەیە، ئامادە دەکرێت.







