ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە عێراق بە نیازە بڕی 16 ترلیۆن دینار لە وڵاتانی (عەرەبستانی سعوودی، کوەیت، چین، ئەڵمانیا و فەڕەنسا) بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە قەرز بکات، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هەناردەکردنی نەوت، عێراق هیچ پێویستییەکی بە وەرگرتنی ئەو جۆرە قەرزانە نییە، هاوکات ڕوونیکردەوە کە سیاسەتی حکوومەت لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی وردی داهاتە ناوخۆییەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی خەرجییە گشتییەکان و جێبەجێکردنی پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت و بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە زیادکردنی داهاتدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، حەیدەر عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکەی کە لەسەر بنەمای زیادکردنی سەرچاوە داراییە بەردەستەکان داڕێژراوە، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی دابینکردنی خەرجییەکان و پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییە داراییەکانی وڵات بکات.







