ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند: سەرجەم بەلەم و کەشتییە دەریاییە بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراون و شوێنەکانیان دیارە، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەمە دەستەیەکی پێشکەوتوو لە بەلەمە بێسەرنشینەکان دەگرێتەوە کە لە گەرووی هورمزدا دەورییە ئەنجام دەدەن بۆ پاڵپشتیکردنی سیستەمی بەرگریی ئەمەریکا.
سێنتکۆم سوپای پاسدارانی ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە بانگەشە هەڵبەستراوانەی ئێران لەم هەفتەیەدا چەندین جار دووبارە بوونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو سێ کەشتیی نەوتهەڵگر بە هۆی تێپەڕین بە ڕێڕەوێکی ڕێگەپێنەدراودا لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە.
ئەم پێشهاتانە بە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دێت سەبارەت بە جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە وەک ڕێڕەوێکی ستراتیجی بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی هەژمار دەکرێت و نزیکەی پێنج یەکی (20%) بەکاربردنی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ناکۆکیی سەرەکیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ڕێڕەوەکانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان چڕبووەتەوە، بە جۆرێک ئێران هەندێک لە ڕێڕەوە دەریاییەکان بە مەترسیدار و قەدەغەکراو ناودەبات و داوا دەکات کەشتییەکان هەماهەنگی لەگەڵ هێزی دەریایی وڵاتەکەیدا بکەن، لە بەرامبەردا ئەمەریکا پێداگری لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووەکە دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانی بەردەوامن لە پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و پاککردنەوەیان لە مینە دەریاییەکان.







