ڕۆژنامەی "چاینا دەیلی"ـی چینی بڵاوی کردەوە: شاری شەنگهای کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ هەڵدانی سێ هەزار مانگی دەستکردی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت تا ساڵی 2030، لەم چوارچێوەیەشدا، لیژنەی شارەوانیی شەنگهای بۆ ئابووری و تەکنەلۆژیای زانیاری، لە میانی کۆنفرانسێکی پیشەسازیدا لە ناوچەی "سۆنگجیانگ"، پلانی کارکردنی بۆ داهێنان و پەرەپێدان لە کەرتی ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکان بۆ ساڵانی (2027-2030) خستەڕوو.
پلانەکە چوار ئەولەوییەتی ستراتیجی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە: بەهێزکردنی تواناکانی تەکنەلۆژیا، پتەوکردنی ژێرخان، باشترکردنی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانی ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکان، بەپێی پلانەکەش، پێشبینی دەکرێت قەبارەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا لە شەنگهای تا ساڵی 2030 بگاتە 80 ملیار یوان (هاوتای 12 ملیار دۆلاری ئەمەریکی).
لە میانی کۆنفرانسەکەدا، چاو هۆلین، سەرۆکی فەخریی پەیمانگەی پەیوەندییەکانی چین ئاماژەی بەوە کرد: "ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی تۆڕی زانیاریی هاوبەشی نێوان زەوی و بۆشایی ئاسمان و بەهێزکردنی تەواوکاریی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جیهان".
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا 256 مانگی دەستکرد بۆ تۆڕی مانگە دەستکردەکانی "کیانفان" (Qianfan)ـی سەر بە شەنگهای هەڵدراون و پلان دانراوە تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەیان بۆ (324) مانگی دەستکرد بەرز بکرێتەوە.
شاری شەنگهای خاوەنی ژێرخانێکی دەوڵەمەندی پیشەسازییە لە بوارەکانی ئۆتۆمبیل، دروستکردنی کەشتی، فڕۆکەوانی، دەرمان، خزمەتگوزارییە دارایی و لۆجستییەکان، دروستکردنی نیمچەگەیەنەرەکان، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، هەروەها لە کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی 2025، شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە سەردانێکیدا بۆ شارەکە ڕایگەیاندبوو کە پێویستە شەنگهای ببێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژی.







