ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری خوێندەوە و ڕایگەیاند: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین سبەی چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 11:00 لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاریی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: "هیوادارین هەموو لایەک ئەم بەرپرسیاریەتییە مێژووییە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و ئیرادەی دەنگدەران هەڵبگرن و بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن".
هاوکات مونا نەبی قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕایگەیاند، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی و ئەرکی یاسایی، سبەی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبن و بە تەواوی لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەماندان.
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو پەرلەمانتار ڕامی نوری سیاوەش و د. جیمس حەسدۆ هیدۆ، نوێنەرانی مەسیحییەکان لە هەولێر و دهۆک دووپاتیان کردەوە، کە ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا ئامادە دەبن.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕێبین محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان داوای لە پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان کرد لە کۆبوونەوەی سبەینێدا بەشدار بن و گوتی: "ئەوەی خۆی بە خەمخۆری هەرێمی کوردستان بزانێت و لە هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەماندا بێت، بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات".
هەروەها لە ڕاگەیەنراوێکدا فراکسیۆنی بەرەی گەل لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: بە باوەڕبوونمان بە ڕێزگرتن لە مافی دەنگدەرانمان فراکسیۆنەکەمان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان بەشدار دەبێت و هەڵوێستمان ڕاشکاوانەیە و دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە.







