ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، ڕایگەیاند: ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا نمەباران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەست پێدەکات و پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکان و سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە، کە هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورەبرووسکە. پێشبینی دەکرێت زۆرترین ڕێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بێت، هاوکات ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە شەودا زیاتر لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی هەرێم ڕاشیگەیاند: پلەی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 23 | سلێمانی: 20 | دهۆک: 20 | هەڵەبجە: 22 | زاخۆ: 19 | چەمچەماڵ: 21 | ئاکرێ: 21 | گەرمیان: 27 | پیرمام: 19 | حاجی ئۆمەران: 15
بۆ سبەی هەینی 6ی تشرینی دووەم، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی، ناجێگیریی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت، لە کاتەکانی بەیانیدا سەرەتا پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و بەرەو کاتەکانی ئێوارە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت بڕێکی بەرچاو لە باران لە سەنتەر و سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان ببارێت، ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرەش بۆ شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە درێژەی دەبێت. پلەی گەرما 1 بۆ 2 پلەی دیکەی سیلیزی نزمتر دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
هەولێر: 20 | سلێمانی: 18 | دهۆک: 18 | هەڵەبجە: 21 | زاخۆ: 17 | چەمچەماڵ: 20 | ئاکرێ: 20 | گەرمیان: 27 | پیرمام: 17 | حاجی ئۆمەران: 13







