محەمەد دانش (1945 – 12/9/2015)
دەنگێکی دڵنشین و فرەبەهرەی دەست و پەنجەڕەنگین!
هونەری مۆسیقا و گۆرانی مێژوویەکی کۆن و دێرینی هەیە و بە بەشێکی گرنگی هونەری نەتەوەکەمان دادەنرێت. ئەم هونەرە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵ، گۆڕانی بەخۆوە بینیوە و کاراکتەری ئەم بەشە زیندووەی هونەری موزیک و گۆرانی (گۆرانیبێژ، خۆشخوان، ژەنیار، شاعیر و ئاوازدانەر)ە کە هەر هەموویان وابەستەن بە یەکەوە و بەردەوام ئاوێتەی یەکتر بوون، لە پێناو خوڵقاندنی بەرهەمی نوێ و دانانی کاریگەری لەسەر هەست و نەستی بیسەر و گوێگر.
هەرچەندە نەتەوەی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ و موزیکژەنی لێهاتوو و بەتوانایە و هەمیشە خۆبەخشانە کاریان کردووە و لە خەمی پاراستن و بەرەوپێشبردنی هونەری موزیک و گۆرانیدا بوون، بەڵام بەداخەوە هونەر لەنێو نەتەوەی کورددا تا ئێستا نەبووەتە پیشە تا بتوانرێت بژێوی ژیانی هونەرمەند بەگشتی دابین بکات و تەنها خۆی بۆ هونەرەکەی تەرخان بکات.
هونەرمەندانی کورد لە هەموو بوارەکانی هونەردا بەگشتی بە دڵسۆزی و عەشقێکی پاکەوە لە خزمەتی هونەری نەتەوەکەیاندا بوون، بەڵام سەختی، چەرمەسەری و هەوراز و نشێوەکانی بازاڕە جەنجاڵەکەی ژیان و کەمدەرامەتی و دەستتەنگی هۆکار بووە کە هونەرمەند نەتوانێت هەموو ژیان و کاتەکانی تەرخان بکات بۆ گەشەپێدانی هونەرەکەی؛ بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە هونەرمەندی کورد تا ئەو جێگەیەی دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت کەمتەرخەم نەبووە و بە ئەمانەتەوە هەردەم لە خزمەتی هونەرەکەیدا بووە و کاری بۆ کردووە.
یەکێک لەو هونەرمەندانەی ناوچەی موکریان، جیا لە بەهرەی دەنگخۆشییەکەی، خاوەنی چەندین خەسڵەتی جوانی هونەرییە، وەک: گۆرانیبێژ، موزیکژەن، ئاوازدانەر، شێوەکار، و دەستڕەنگینی لە دروستکردنی ئامێرەکانی موزیکدا (عود و سەنتوور).
ئەو خۆشخوان و بەهرەمەندە دەست و پەنجەڕەنگینە هونەرمەند (محەمەد دانش)ە.
محەمەد دانشی هونەرمەند زادەی ناوچەیەکی بەنرخ، بەپیت و دەوڵەمەندی وەک موکریان و شارە شیرین و کوردپەروەرەکەی (مەهاباد)ە؛ نەوەی (قادری عەبدوڵڵا تۆقە) تارژەنی هونەرمەندی گەورە (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی: 1882 – 4/2/1937) بێ و هاوڕێ و هاوەڵی گەورە هونەرمەندی قەتار و بەستەی ڕەسەنی کوردی (محەمەدی ماملێ: 2/6/1925 – 23/1/1999) و هونەرمەندان (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی: 1930 – 8/6/1991)، (خەلیلی سدیقی: 1930 – 22/1/1970)، (عەزیز شارۆخ: 1938)، (قادری سەیاحی: 4/6/1943 – 17/4/2022) و قوتابیی هونەرمەند (جەعفەری مینایی: 1941 – 23/2/2026، ژەنیاری ڤیۆلۆن) بووبێت، بێگومان دەبێت خۆشخوان و هونەرمەندێکی بەسەلیقە و دڵسۆز بۆ هونەری نەتەوەکەی هەڵکەوێت. هونەرمەند لەنێو ژینگەی جوانی شارەکەی و دەنگ و سۆز و چریکەی ئەو هونەرمەندانە و دەست و پەنجەی ساز و تارژەنینی هونەرمەندانی ناوچەکەی کەڵکی لێوەرگرتوون، و خۆیشی ئەو بەهرە هونەرییە لە ناخ، سینە و هەستیدا هەبووە، کە بێتە مەیدانی هونەر و خزمەت بە موزیک و گۆرانیی نەتەوەکەی بکات.
هونەرمەندی شاری مەهاباد (محەمەد خەلیل قادر) ناسراو بە (محەمەد دانش)ی دەنگبێژ و عودژەن، وشەی «دانش» کە بووەتە پاشگری ناوەکەی و ناسناوی هونەری لە کوردستاندا، بە واتای «زانست» دێت.
هونەرمەند لە ساڵی (1945) لە گەڕەکی (سەربەردەش)ی شاری مەهاباد چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
بەر لەوەی ڕۆبچینە نێو دنیای هونەری خۆشخوانی و ژیانی تایبەتیی هونەرمەند محەمەد دانش، بە پێویستی دەزانم کە بەرچاوڕوونی بخەمە بەر دیدەی خوێنەری خۆشەویست سەبارەت بە باپیری هونەرمەند (قادری عەبدوڵڵا تۆقە) کە هونەرمەندێکی زۆر کارامە و لێهاتوو بووە لە ژەنینی ئامێری (تار)، ئەو توانا و بەهرەیەی لە ژەنینی ئامێری تاردا گوێگر و ئامادەبووانی سەرمەست کردووە؛ لەو سەردەمەی باپیری هونەرمەند، دەبێت کێ ڕێنوێن، هاندەر و ڕێنیشاندەری (قادر عەبدوڵڵا)ی باپیری محەمەد دانش بووبێت تا ببێتە ئەو ژەنیارە بەناوبانگە؟
هونەرمەند محەمەد دانش دەڵێت:
«باوکی دایکم، واتە باپیری خۆم بە نێوی (قادر ئەولیا) کە بە عارفی ناسراوە، لە زەمانی (ڕەزا خانی پەهلەوی) کە ئەو کاتە (قەرەپەپاغ)ەکان لە ڕووسیا دوورخرابوونەوە و بۆ (محەمەدیاری نەغەدە) هێنابوونیان، موزیکژەنێکیان بە ناوی (ئەندڕۆڤ) لەگەڵدا بووە کە ئامێری (تاری قەوقازی) ژەندووە. میرزا حاکمی سەرداری ماوەیەک ئەو قادر ئەولیا تارژەنەی بۆ لای (ئەندڕۆڤ)ی تارژەن ناردووە بۆ ئەوەی جوانتر فێرببێ و وەستایانەتر ئامێری تار بژەنێ، دواتر لای ئەو ژەنینی تاری قەوقازیش فێربووە» (1).
هونەرمەند محەمەد دانش لەو دیدارەدا باپیری، واتە باوکی دایکی، بە (قادر ئەولیا) ناوبردووە و خۆیشم لە نزیکەوە کە لە هونەرمەند محەمەد دانشم بیستووە بە (قادری عەبدوڵڵا تۆقە) ناوی بردووە؛ دیارە هەردوو ناوەکە دروستە.
لە سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی پێشوو بە گەشتێک هونەرمەند (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی) دەچێتە شاری مەهاباد و ئاهەنگ ساز دەکات. کاک (محەمەدی حەمە باقی) سەبارەت بەو سەردانە بۆمان باس دەکات:
«لە ساڵی (1932) هونەرمەندی گەورە و دەنگزوڵاڵ (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی) لە شاری سنەی ناوچەی ئەردەڵان بە گەشتێک ڕوو دەکاتە ناوچەی موکریان و لە شاری مەهاباد بۆ ماوەی (40) ڕۆژ دەمێنێتەوە. سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لە هاوینی ئەو ساڵەدا لە باخی (میرزا شەریفی حاجی ڕەشید) بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانی بۆ خەڵکی هەژار، کەمدەرامەت و تەواوی چین و توێژەکانی ئەو شارە خوێندووە. قادری عەبدوڵڵا تۆقە ئەوەندە شارەزا، لێزان و بەتوانا بووە بە تارەکەی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی گوێبیستی دەنگی سەید ئەسغەری کردووە» (2).
بەندە، ئەو هونەرمەندەم لە ڕێی بەرهەمە هونەرییەکانیەوە، بەتایبەتی گۆرانییەکانی (ئەمیرەکەم) و (غەریب غەریب) و چەند گۆرانییەکی دیکەوە بە کاسێت دەستم کەوتبوو و بە دەنگ و هونەرەکەی ئاشنا بووم. بەختیش یاوەرم بوو لە دوو کاتی جیاوازدا لە نزیکەوە بە دیداری شاد ببم و دیداری لەگەڵدا ساز بکەم و چەند زانیارییەک دەربارەی ژیانی هونەری و چۆنیەتیی دووبارەکردنەوەی گۆرانیی (ئەمیرەکەم) کە بۆ یەکەم جار هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد: 1932 – 17/8/2004) خوێندوویەتی، وەربگرم. دیداری یەکەمم لەگەڵ هونەرمەند محەمەد دانش لە سەرتاشخانەی ڕەزازی لە شاری سلێمانی لە ڕێکەوتی (16/1/2002) لە خزمەتیدا بووم و دوای سەرتاشین و جوانکردنی قژی چەند پرسیارێکم ئاراستە کرد. دیداری دووەمم، حەوت ساڵ دواتر لە شاری هەولێر لە ڕێکەوتی (25/11/2009) لەگەڵ هونەرمەندی ژەنیار (ئازاد قەرەداخی) و هونەردۆست (تاهیر کرمانج) بوو؛ لەو دوو دیدارەدا باسی هەندێک لە کارە هونەرییەکانی، پێوەندیی خۆی و هونەرمەندانی هاوڕێی، و خۆشحاڵیی بەو سەردان و بانگهێشتانەی بۆ باشووری کوردستان بۆ کردین.
هونەرمەند لە شاری مەهاباد دەخرێتە بەر خوێندن و لە قۆناغی سەرەتاییدا درک بە دەنگخۆشیی دەکرێت و لە لایەن مامۆستای هونەرەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، بە دەنگە خۆشەکەی سروود و گۆرانیی پێ دەخوێنن و لەنێو هاوڕێ قوتابییەکانیدا بە منداڵێکی دەنگخۆشی قوتابخانەکەی ناو دەردەکات. دەستپێکی کاری هونەریی محەمەد دانش دەگەڕێتەوە بۆ پۆلی سێیەمی سەرەتایی؛ لە لایەن مامۆستای سروود و هونەری قوتابخانەکەی داوای لێ دەکرێت کە سروود و گۆرانی بخوێنێ. دانشی هونەرمەند بە دەنگە خۆشەکەی لە مەراسیم، یاد و چالاکییە هونەرییەکانی قوتابخانەکەی بە خوێندنی گۆرانی و سروود بەشداری کردووە.
دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی، درێژە بە خوێندن دەدات و قۆناغی ناوەندیش تەواو دەکات.
هونەرمەند کاتێک لە قۆناغی ناوەندی دەخوێنێت، لە لایەن سوپای ئەو سەردەمەی ئێرانەوە ئێستگەیەکی (بێسیم) لە شاری مەهاباد دادەنرێت؛ هەردوو هونەرمەند (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی: 1930 – 8/6/1991) و (بیوک خانباغی) سەرپەرشتیاری ئەو ئێستگە ناوچەییە دەبن. هونەرمەند محەمەد دانش ڕوو دەکاتە ئەو ئێستگەیە و لە بڵندگۆی ئەو ئێستگەیەوە دەنگ و هونەرەکەی بە شاری مەهاباددا بڵاودەبێتەوە.
هونەرمەند دوای تەواوکردنی خوێندن تا پۆلی سێیەمی ناوەندی دەستبەرداری خوێندن دەبێت، بەڵام بەرەو جیهانی هونەری موزیک و گۆرانی هەنگاو هەڵدەگرێت. هونەرمەندانی بەتوانا و دەنگخۆش و هونەری ڕەسەن و هەروەها سروشتە جوانەکەی مەهاباد کاریگەرییەکی زۆر لەسەر محەمەد دانش دادەنێن و زۆرتر لە دنیای هونەر نزیک دەبێتەوە.
— لە هونەرمەندم پرسی: هەنگاونانتان بۆ نێو دنیای هونەر لە سەرەتادا کاریگەریی کێتان لەسەر بوو؟
لە وەڵامدا هونەرمەند محەمەد دانش ئاماژەی پێدا:
«من بەهۆی بنەماڵەکەمەوە کە باپیرم تارژەنێکی بەناوبانگی شاری مەهاباد بوو و لە کاتی هاتنی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بۆ شاری مەهاباد باپیرم هاوکاری بووە و تاری بۆ ژەنیوە، ئەوە لە لایەک؛ لایەنێکی دیکە پێش ئەوەی بچمە ڕادیۆی مەهاباد، کاریگەریی ڕادیۆی کوردیی بەغدام لەسەر بووە و خۆم بە قەرزاری ئەو ڕادیۆیە دەزانم، گوێگرێکی بەردەوامی ڕادیۆی کوردیی بەغدا بووم. لە ڕێی ئەو ڕادیۆیەوە ئاشنا بووم بە دەنگی زۆر لە هونەرمەندانی گەورەی باشووری کوردستان. بۆ نموونە لەو کاتەوە گوێگری بووم کە بەیانیان پەخشی ئەو ڕادیۆیە ئارمەکەی (قاسپەقاسپی کەو) بوو؛ کە دەڵێم قەرزاری ئەو ڕادیۆیەم چونکە ئاشنای دەنگ و هونەری گەورەی ئەو مامۆستایانە بووم و کاریگەرییان لەسەر داناوم: (مامۆستا عەلی مەردان: 1904 – 24/7/1981)، (تایەر تۆفیق: 1922 – 20/10/1987)، (سێوە: 1891 – 9/12/1963)، (شەماڵ سائیب: 1931 – 7/11/1986)، (باکووری: 5/11/1928 – 2/11/2022)، (حسێن عەلی: 1925 – 18/7/1991)، (ڕەسوڵ گەردی: 1922 – 17/10/1994)، (کەریم کابان: 24/2/1927 – 14/1/2016)، (محەمەد ساڵەح دیلان: 1927 – 28/10/1990)، (فوئاد ئەحمەد: 1932 – 17/8/2004)، (جەلال کۆچەر: 1943 – 3/3/1993) و ...تاد».
هونەرمەند محەمەد دانش لە ساڵی (1963) ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو (فاتیمە) پێکدەهێنێت و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە (10) کچ و کوڕە؛ لەنێو جگەرگۆشەکانیدا کچ و کوڕێکی دەنگیان خۆشە و توانای گۆرانی خوێندنیان هەیە، کوڕەکەی جیا لە بەهرەی دەنگخۆشی، شارەزایی باشی هەیە لە ژەنینی ئامێرەکانی (ڤیۆلۆن، عود و ئۆرگ).
دوای ئەوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد لە ساڵی (1971) لە شاری مەهاباد دادەمەزرێت، لەم ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە نوێیەدا هونەرمەند (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) سەرپەرشتیی دەکات و هونەرمەند (بیوک خانباغی) وەک کارمەند دادەمەزرێت.
هونەرمەند محەمەد دانش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی و گەشەپێدانی هونەرەکەی، لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد وەک کارمەند دادەمەزرێت. ئەم هونەرمەندە فرەبەهرە و دەست و پەنجەڕەنگینە (شێوەکار، عودژەن، گۆرانیبێژ، دروستکەری ئامێری عود و سەنتوور، فیتەری ئۆتۆمبێل) ماوەی (27) ساڵ لەو ئێستگەیە درێژە بە کار دەدات و کارە هونەرییەکانیشی پێش دەخات.
هونەرمەند لە ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد، لە ساڵی (1971) دەست بە تۆمارکردنی گۆرانییەکانی دەکات؛ یەکەم کاری تۆمارکردنی مەقامێکە بە ناوی (براگیان)، جیا لەوەی وەک دەنگبێژێک و چڕینی مەقامەکە، هونەرمەند بە ئامێری عودەکەشی بەشداریی ژەنین بووە. دووەم کاری گۆرانییەکە بە ناوی (مەلەنگێنە)، و سێیەم گۆرانی کە بووەتە هۆی ناساندنی لەنێو خەڵکیدا گۆرانیی (ئەمیرەکەم) بووە.
سەبارەت بە گۆرانیی (ئەمیرەکەم) لێم پرسی: چۆن بڕیارت دا کە ئەو گۆرانییە بڵێیتەوە، کاتێک هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) زۆر بەجوانی و ئەدایەکی شیرین و پڕچێژی هونەری خوێندوویەتی؟!
هونەرمەند محەمەد دانش:
«کاتێک بۆ یەکەم جار گوێبیستی ئەو گۆرانییە بووم، هونەرمەند فوئاد ئەحمەد ئەوەندە بە هەست و شەوقەوە ئەو گۆرانییەی خوێندبوو، هۆنراوەکەی، ئاوازەکەی و دەنگی ئەو هونەرمەندە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم دانا و بڕیارمدا منیش بە شێواز و بە ئەدای دەنگی خۆم جارێکی تر بیخوێنمەوە و لە یەکێک لە بەرهەمەکانمدا بڵاوی بکەمەوە. ئەوە بوو ئەو کارەم کرد و بڵاوبووەوە و پێی ناسرام. ئیدی ئەوە خەڵکە ئازیزەکەیە بڕیار دەدەن کە چۆنم خوێندووە؛ خۆم دەڵێم زۆر باشم خوێندووە، لەبەر ئەوەی لەژێر کاریگەریی دەنگە خۆشەکەی هونەرمەند فوئاد ئەحمەددا خوێندوومە حەتمەن باشم خوێندووە».
لێرەدا دەبێت ئاماژە بە گۆرانیی (ئەمیرەکەم) بدەم: تێکستی ئەو گۆرانییە هی مامۆستا و شاعیری کوردپەروەر (مەجید ئاسنگەر: 1932 – 2012)، ئاوازی هونەرمەندی موزیکژەن و فۆتۆگرافەر (جەمال داوود: 1929 – 18/1/2013) و خوێندنی هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد: 1932 – 17/8/2004)ە.
هونەرمەند محەمەد دانش بەهرەی دەنگخۆشییەکەی خۆڕسک و کاریگەریی بنەماڵە، دەوروبەر و ئەو ژینگەیە بووە کە تێیدا ژیاوە و گەشەی کردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن بە ئامێری عود ئاشنا بووە و لەلای کێ فێربووە؟
هونەرمەند لە وەڵامی پرسیارێکی مامۆستا و هونەرمەند (وریا ئەحمەد: 19/4/1947 کۆیە)دا باس لەوە دەکات کە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە چی پێ وتراوە و چۆن خۆی فێری ئەو ئامێرە کردووە:
«بەر لەوەی بچمە ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد، خولیای دەنگوباسی ئامێری عود بووم. کاتێک چوومە ئێستگە عودێکم لە مامۆستا (ئەنیسی) کارمەندی ئێستگە کڕی بە (600) تمەن، مووچەی دوو مانگی ئێستگەم بە عود دا. کاتێک بردمە ماڵەوە، هاوسەرەکەم چوو بانگی نەنکمی کرد و گوتی: دایەخانم، واتە (ژنی قادری عەبدوڵڵا تۆقەی تارژەن)، فەرموو ئەوە میرزا محەمەد بووەتە چاوەش! کەچی نەنکم گوتی: هەی لەبەر ئەو دەست و پەنجەیەت بمرم، هەر بە دەست و پەنجەی میرزا قادر دەچێ. ئەو قسەیەی نەنکم بۆ من فەرامۆشی بوو، دواتر ماچی کردم و ئەوەندەی تر لەسەر ئەو کارە گەرمی کردم.
دواتر چوومە (کڵاس – خول)ی ئاغای (جەعفەری مینایی) بۆ فێربوونی مۆسیقا، مانگی بە رامبەر (30) هەزار تمەن، ئەمە ساڵی (1348ی هەتاوی) بە رامبەر (1969ی زایینی). ئەو مامۆستای فێرکردنی ئامێری (کەمان) بوو؛ ئەوان چەند برایەکن هەموویان کلاسیان هەیە و کەمان دەژەنن و خەڵکی فێری ژەنینی ئەو ئامێرە دەکەن. نزیکەی ساڵێک لای ئەو هونەرمەندە لەسەر فێربوونی موزیک بەردەوام بووم تا ڕەزمی (6/8)م خوێند! وانەی (نۆت)ی پێ دەگوتین، بەڵام سۆلفێژم نەخوێند. هەر ئەو ساڵە بەشداریی کلاسی فێربوونم کرد و دواتر لە ماڵەوە پرۆڤەم دەکرد» (3).
کاتێک کە باسی ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد دەکرێت، نابێت ڕۆڵ، ئەرک، ماندووبوون و لێهاتوویی هونەرمەند (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) لەبەرچاو نەگرین کە چ ئەرکێکی کێشاوە لە خزمەتکردن بە هونەر، ئەدەب، زمانی شیرینی کوردی و هەروەها هونەرمەندانی ناوچەی موکریان. بەر لەوەی ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد دابمەزرێت، هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی چونکە خۆی کارمەند و بێژەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی (ورمێ) بووە، بە هەوڵی دڵسۆزانەی خۆی زۆر لە هونەرمەندانی ناوچەی موکریانی بردووەتە تەلەفزیۆنی ورمێ و گۆرانییان تۆمار کردووە. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، لەگەڵ کردنەوەی ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد، هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی چالاکانەتر کاری کردووە لە پێناو گەشەکردنی ئەو ئێستگە و تەلەفزیۆنە؛ خۆی بێژەر بووە و ئامادەکاری بەرنامە بووە، ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە لە بەرنامەی (چیرۆکی شەو)دا کە یەکێک بووە لە بەرنامە باش و پڕچێژەکانی ئێستگە و تەلەفزیۆن. هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەرنامەی چیرۆکی شەوی بە هاوکاریی ئەم هونەرمەندانە بردووەتە بەڕێوە: (پەرتەویان، ڕەحیمی ئیعزازی، حوسێنی کەفاشی، بەهمەنی مەتڵوب، عەلی خزری، حوسێنی ڕەهبەر، حەسەن شەریفی، ستارە چیتیان و بیوک خانباغی). لەو سەروەختەدا هونەرمەند محەمەد دانش کارمەندی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد بووە و شارەزایی لە ژەنینی ئامێری عوددا پەیدا کردووە، هاوکات تیپێکی مۆسیقا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد دروستبووە و زۆر لە هونەرمەندانی شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقییەدا بەرهەمەکانیان تۆمار کردووە، وەک: (محەمەدی ماملێ، عەزیز شارۆخ، قادری سەیاحی، ئەحمەدی ئیسلامی، ڕەشیدخانی فەیزینەژاد، ئیسماعیلی شاهی، مەلاحوسێنی عەبدوڵڵازادە، سەید ڕەحیمی قوڕەیشی، کامەرانی مەدەنی، جەماڵی موفتی... تاد).
هونەرمەند محەمەد دانش لە ئاهەنگ و تۆمارکردنی گۆرانییەکانی خۆیدا ئامێری عودی ژەنیوە و شارەزایی باشی پەیدا کردووە، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای ئێستگە و تەلەفزیۆن.
ئەندامانی تیپی ئۆرکێسترای ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد بریتی بوون لەم هونەرمەندانەی بە دەست و پەنجە جوانەکانیان خزمەتێکی زۆریان بە هونەر و هونەرمەندان کردووە:
قادری سەیاحی (کلارنێت و گۆرانیبێژ)
عەزیزی عابید (فلووت)
فارووقی مەتین (سەنتوور)
یوسفی ڕەبیعی (سەنتوور)
ڕەشیدخانی فەیزینەژاد (کەمان)
سمایلی شاهین (قانوون، ئاکۆردیۆن و پیانۆ)
بەهمەنی مەتڵوب (تار)
محەمەدی ساڵحی (کەمان)
مەحمود بلوور (عود) – ئەم هونەرمەندە نابینا بووە
محەمەد دانش (عود)
حوسێنی ڕەهبەر (زەرب) (4).
بە مەبەستی برەودانی زیاتر بە هونەرەکەی لە بواری گۆرانی خوێندن و ژەنینی ئامێری عود، دەچێتە دەرەوەی شاری مەهاباد و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و شەوئاهەنگی هونەرمەنداندا بەشدار دەبێت. هونەرمەند لە ساڵی (1977) لە شاری سەقز وەک ژەنیاری ئامێری عود بەشدار دەبێت لە ئاهەنگی هەردوو هونەرمەند (ناسری ڕەزازی: 1955 سنە) و (شەهید جەمالی موفتی: 1956 – 19/7/1981) لە ماڵی هونەرمەند (حەبیبوڵڵای نیکبین) سەرپەرشتیاری فەرهەنگ و هونەریی سەقز. دانشی هونەرمەند و فرەبەهرە، وەک ژەنیارێک لەتەک هونەرمەندانی هاوڕێی، بەشداری دەکات لە بەرنامەی (شەوی یەڵدا) کە لە ساڵی (1979) لە ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد بە بەشداریی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ (محەمەدی ماملێ، مەلاحوسێنی عەبدوڵڵازادە: 1923 – 26/11/1988، و عەزیز شارۆخ) و بە پێشکەشکاریی هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەڕێوەچووە. ئەم هونەرمەندە ژەنیارانەش بە دەست و پەنجە جوانەکانیان بەرنامەکەیان ڕازاندووەتەوە:
ڕەشیدخانی فەیزینەژاد (سەرۆکی بەشی موزیک و ژەنیاری ڤیۆلۆن یان کەمان)
محەمەد دانش (ژەنیاری عود)
بەهمەنی مەتڵوب (ژەنیاری تار)
فارووقی مەتین (ژەنیاری سەنتوور)
حوسێنی ڕەهبەر (ژەنیاری تەپڵ / زەرب)
بیوک خانباغی (شانۆکار و قسەخۆش) (5).
هونەرمەند محەمەد دانش، جیا لەو کارە هونەرییانەی کە لە ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد تۆماری کردووە کە نزیکەی (70) گۆرانی بووە، بەشداریی لە چەندین شەوئاهەنگدا کردووە بە ژەنینی ئامێری عود و بە چڕینی گۆرانی. یەکێک لەو ئاهەنگە خۆش و پڕ لە یادەوەرییانە، زەماوەندی یەکێک لە کوڕەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو (خەلیلی سدیقی: 1930 – 1970)یە لە ساڵی (1976) لە ماڵی (کەریمی تەڵایی: 1947 – 26/10/2021) تۆمارکراوە؛ لەو ئاهەنگەشدا هونەرمەند (ناسری ڕەزازی) لەگەڵ هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) چەند گۆرانییەک پێکەوە تۆمار دەکەن و تا ئەمڕۆش ئەو ئاهەنگە وەک ئەرشیف ماوە. جیا لە بەشداریکردنی هونەرمەند محەمەد دانش بە ژەنینی ئامێری عود، دوو گۆرانیش دەخوێنێ، بە ناوەکانی: (ئەمیرەکەم) و (ڤینۆس).
هونەرمەند لەو کاتەوەی بە ئامێری عود ئاشنا بووە و خۆشەویستییەک لەنێوان خۆی و ئەو ئامێرەدا دروست بووە، هەر ئەو خۆشەویستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هونەرمەند بە عەشقەوە لە عود بڕوانێت و بیری دروستکردنی بکاتەوە؛ لە سەرەتاوە تا ئەو کاتەی کە باری تەندروستی ڕێگەی پێنەداوە، (10 بۆ 15) ئامێری عودی دروستکردووە.
گۆرانییەکانی هونەرمەند محەمەد دانش
هونەرمەند محەمەد دانش خاوەنی دەنگێکی جوان و پاراوی کوردی و پڕ لە هەست و سۆز بووە، مۆسیقا و هونەرەکەی ڕەسەنایەتییان لێ دەچۆڕێت، دەنگ و هونەرەکەی بۆ نەتەوەکەی بووە و لە ماوەی ژیانی هونەریدا گەلێک بەرهەمی ناوازە و پڕچێژی هونەری تۆمار کردووە و خستوویەتییە سەر خەرمانی گەنجینەی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی.
هەرچەندە هونەرمەند محەمەد دانش لە سەرەتاوە لەژێر کاریگەریی دەنگی هونەرمەندانی باشووردا بووە کە لە ڕێگەی ڕادیۆی کوردیی بەغداوە گوێبیستیان بووە، و گۆرانیی ئەو هونەرمەندانەی دووپات کردووەتەوە بە ئەدا و شێوازی دەنگ و گەرووە هونەرییەکەی خۆی؛ هاوکات لە لایەن زۆرێک لە هونەرمەندانەوە ئاوازی بۆ دانراوە وەک: (شابازی شاهینپوور، ڕامینی یوسفی، سمایلی شاهی، تاهیری میرسەیدی، پەیمانی فەیزیابی، بەهمەنی مەتڵوب و هاشمی ڕەشادی) (6).
هەروەها هەندێک لە بەرهەمەکانی لە ئاوازی خۆی بوون. ناودارترین گۆرانییەکانی بریتی بوون لە: (جەژنانەکەم، بڕوات بێ نازدارەکەم، من هەڵە بووم، ئەمبەر و ئەو بەر، ڤینۆس یان شیرینی، سروەی بەیان، قیبلەی دونیا و دین، غەریب غەریب، ئەمیرەکەم، مەلەنگێنە، کاتی بەیانە، پێشکەشت بێ ژیانم، نەجیبە، بەڵێن، بووکی دڵان، هەستە هەستە کیژی جوان، باخچەی ئاوات، دڵم مەستی، ئاواتی ژین، و پەپوولەی خەیاڵ «مەقام»، ئەی کیژی جوان «مەقام» و چەندینی تر). لەم ساڵانەی دواییشدا چەند گۆرانی و سروود و موناجاتی ئایینیی تۆمار کردووە، وەک: (تاسەی گەیشتن بە ماڵی خودا، گوڵزارێک چ ڕەنگینە، و شەوم لێ داهات).
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (1991)ی باشووری کوردستان و کرانەوەی سنووری دەستکردی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور، هونەرمەند محەمەد دانش چەند جارێک لە لایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی بانگهێشت کراوە و دیداری هونەریی لەگەڵدا سازکراوە، و لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە دەنگ و هونەرە شیرینەکەی بە گوێگر و بینەران لە باشووری کوردستان گەیاندووە.
لە دیداری دووەمدا لە ساڵی (2009) لە هونەرمەند محەمەد دانشم پرسی: سەبارەت بە پێوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هونەرمەندان لە ڕۆژهەڵات و باشووردا چۆنە بەگشتی، و هونەرمەندی گەورە (محەمەدی ماملێ) بەتایبەتی؟
لە وەڵامدا وتی:
«خۆم بە بچووکی تەواوی هونەرمەندان دەزانم و بێ جیاکردنەوە هەر هەموویانم خۆش دەوێت و ڕێزیان لێ دەگرم و هونەرەکەیان بۆ من جێی ستایش و حورمەتە، بەڵام مەبەستم ئەو هونەرمەندانەیە کە هەوڵ و کۆششیان بۆ خزمەتی هونەری نەتەوەکەیانە لە هەردوو دیو، واتە ڕۆژهەڵات و باشوور؛ هونەرمەندی زۆر چاک و بەتوانامان هەیە. سەبارەت بە هونەرمەندی گەورە کاک (محەمەدی ماملێ)، من و ئەو پیاوە جوانە، قەڵای گەورەی هونەری کوردی، مامۆستای بەستە و قەتار، پەیوەندییەکی برایانەمان هەبوو و بە مامۆستای خۆمی دەزانم؛ زۆر لە خزمەتیدا بووم، لە ئێستگە و تەلەفزیۆنی مەهاباد لە ئاهەنگ و شادییەکاندا، خۆشەویستییەکی زۆر لەنێوانماندا هەبووە. تا گەلی کورد بوونی هەبێت دەبێت شانازی بەو کەسایەتییە جوان و میهرەبان و هونەرمەندە گەورەیەوە کاک محەمەدی ماملێ بکات، خودا لێی خۆش بێت».
دانشی هونەرمەند و فرەبەهرە لەم ساڵانەی دوایی تەمەنیدا، دوای تۆمارکردنی ئەو گۆرانییە پڕچێژ و هەستە هونەرییانە، چەند ستایش و موناجاتی ئایینیی بۆ تەلەفزیۆنە ئیسلامییەکان لە باشووری کوردستان تۆمار کرد. دوای نزیکەی (45) ساڵ خزمەتکردنی هونەرمەند محەمەد دانش لە بواری چڕینی گۆرانی، مەقام و ژەنینی ئامێری عود، لە تەمەنی (70) ساڵیدا بەهۆی دووچاربوونی بە نەخۆشیی (شێرپەنجە)، بەداخەوە لە ڕێکەوتی (12/9/2015) خۆری تەمەنی ئاوا دەبێت و بۆ هەمیشە چاوەکانی دادەخات و ماڵئاوایی لە هونەر، خانەوادە و ئازیزانی دەکات. تەرمی هونەرمەند لە گۆڕستانی ناودارانی شاری مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردراوە.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک) – سلێمانی (2026)
سەرچاوەکان:
(1، 3، 4، 6): هونەرمەند محەمەد دانش، دیمانە: وریا ئەحمەد، گۆڤاری چلاواز، ژمارە (46)، کانوونی یەکەمی (2009)، لاپەڕە (36 و 38).
(2): پەڕتووکی «سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی»، نووسینی: محەمەد حەمە باقی، لاپەڕە (120 و 121).
(5): سایتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ.







