لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی. هاوکات لایەنی سویدی ستایشی ڕۆڵی گرنگ و قارەمانانەی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، هەروەها پێزانینی خۆیان بۆ ئاستی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی، بەتایبەت لە بوارەکانی هەماهەنگیی ئەمنی، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی داواکراوان.
لەلایەن خۆشیەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی ئاراستەی حکوومەت و گەلی سوید کرد بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەت بۆ لەخۆگرتن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردستان کە لە قۆناغە سەخت و مێژووییەکاندا سویدیان وەک پەناگەیەکی ئارام هەڵبژاردووە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و هاوکاریی دووقۆڵی کردەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سنووربەزێنەکان.







