سۆبیانین لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی تێلیگرام بڵاوی کردەوە کە ئۆکراینا لە شەوی ڕابردووەوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، نزیکەی 800 درۆنی ئاراستەی ناوچەی مۆسکۆ کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو ڕۆژی دووشەممەش لە چەند پەیامێکدا ئاماژەی بە خستنەخوارەوەی نزیکەی 139 درۆن لە ئاسمانی ناوچەکەدا کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرای کرد کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی تەنیا لە کاتەکانی شەوی ڕابردوودا، 1441 درۆنی ئۆکراینییان لە ناوچە جیاوازەکان خستووەتە خوارەوە.
وەزارەتەکە ڕۆژی دووشەممەش خستنەخوارەوەی 1336 درۆنی لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕاگەیاندبوو، لەنێویاندا سنووری مۆسکۆ و بەسەر هەردوو دەریای ڕەش و دەریای ئازۆڤدا. بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کۆی گشتیی ئەو درۆنانەی ئۆکراینا کە تێکشکێنراون گەیشتووەتە 2049 درۆن، ئەمەش بە بەرزترین ئاستی پێوانەییی ڕۆژانە دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە تاوەکو ئێستا.







