شێرزاد حەجی، کارمەندی بەشی هاتووچۆی ئامێدی بە "کوردستان تیڤی" ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر ڕێگای گشتیی نێوان پارێزگای دهۆک و ناحیەی سەرسنگ، لە سێڕیانی "کورا بەرێ تەحتێ" لەسەر شەقامی شەهیدان، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی (هاڤاڵ تایبەت و ئۆپڵ ئاسترا) پێکیاندادا.
ناوبراو گوتی: لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا 7 کەس (5 پیاو و 2 ئافرەت) بریندار بوون؛ بەڵام برینەکانیان سووکن و دەستبەجێ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراون. هەروەها زیانێکی زۆری ماددیش بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
هاتووچۆی ئامێدی داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و لە کاتی لێخوڕیندا هێمن و لەسەرخۆ بن، تاوەکو لە ڕووداوی هاوشێوە بەدوور بن و گیانی خۆیان و سەرنشینەکانیان پارێزراو بێت.







