ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی لیوا نەزیر عاسم ئاغا، سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازیی عێراق و نوێنەری فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارولڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقی فیدراڵ، عەمید بەهجەت موحەمەدشەریف بارزانی بە فەرمی وەک ڕاگری کۆلێژی سەربازی زاخۆ دەستبەکار بوو، ئەوەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە ڕەزامەندیی هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆلێژی سەربازی زاخۆ کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاو کرایەوە، یەکەمجارە لە مێژووی ئەو کۆلێژەدا کە لە ساڵی 1996 لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی دامەزراوە، دەرچوویەکی کۆلێژەکە ئەو ئەرکەی پێ دەسپێردرێت، هاوکات عەمید بەهجەت بارزانی پاشماوەی ئەنفالە و باوکی و 14 کەسی دیکە لە خانەوادەکەی، لە مام و ئامۆزاکانی، بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتوون.
بەهجەت موحەمەدشەریف جەمیل بارزانی لە 2ـی ئابی 1979 لەدایک بووە، ساڵی 1998 چەکی پێشمەرگایەتیی کردووەتە شان، ساڵی 2003 لە خولی 8ـی کۆلێژی سەربازی زاخۆ وەرگیراوە، ساڵی 2005 بە پلەی ملازم دەرچووە و چووەتە ڕیزی سوپای عێراق و ساڵی 2006 گواستراوەتەوە بۆ کۆلێژی سەربازی زاخۆ. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سەربازییەکان لە کۆلێژی سەربازی زاخۆ، بەکالۆریۆس لە یاسا لە زانکۆی نەورۆز لە دهۆک و ماستەر لە یاسای گشتی لە زانکۆی سۆران.







