ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لەسەر سکاڵای چەند هاووڵاتییەک و بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ک. م. م.) دەستگیر کردووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە (نورەدین) ناسراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەکە شەوانە دوور لە هەموو ئاداب و ڕەوشتێک، سووکایەتی و قسەی نەشیاوی بە هاووڵاتییان کردووە، هاوکات پێشتریش لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیر کراوە و سزای یاسایی دراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە هەر کەسێکی دیکە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبار هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.







