ئەمەش دەقی دیدارە تایبەتەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-
پێشکەشکار:
بینەرانی بەڕێز، سڵاوتان لێ بێت لە دیدارێکی تایبەت، ناوازە و چاوەروانکراو، لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرەتای زۆر سوپاس کاک مەسرور سوپاس بۆ ئەم دیدارە.
پێشکەشکار:
لێرەدا دەبێت بگوترێت کە تۆ خاوەنی شوێنپەنجەیەکی دیاریت، ئەمەی دەیڵێم پیاهەڵدان نییە، بەڵکو راستییەکە وەک رۆژنامەنووسانی عەرەبی نیشتەجێی هەولێر ئەم دەستکەوتە گەورانەی شاری هەولێر بە روونی دەبینین، چونکە هەرکەسێک بێتە ئێرە، بەتایبەت ئەگەر دوای ماوەیەکی درێژ سەردانی بکات، باوەڕ بەوە ناکات کە دەیبینێت. راستییەکی پڕۆژە زەبەلاح هەن، رێگاوبان، باڵەخانەی بەرز ، ژێرخانێک کە پلان و کاری لەسەر دەکرێت، ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەو هەوڵە گەورەیەوەیە کە دەیدەیت. بۆیە ویستم سەرەتا پیرۆزباییت لێبکەم پێش ئەوەی دەستبکەین بە کێشە سیاسییەکان و ئەو نیگەرانییانەی دەوری ئەم هەرێمەیان داوە، بۆیە پیرۆزتان بێت، زۆر سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە. جەنابی سەرۆکوەزیران، باسی هەموو ئەم پێشکەوتنە، گەورەیە دەکەین، بەڵام لە ناوچەیەکی هەمیشە گرژ و پڕ لە ئاڵۆزیدا.
ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان، وەک مۆدێلێک لە جیهانی عەرەبیدا دەردەکەوێت، بەڵام هەندێک شت روودەدەن کە خەڵک دەخەنە گومانەوە، بەتایبەت ئەوەی لەم دواییانەدا روویدا لە بابەتی حکوومەت و پێکهێنانیدا، لە بابەتی لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی کە دەڵێت دەیەوێت هەرێمی کوردستان بکاتە دوو بەشەوە، چی روودەدات؟
مەسرور بارزانی
خۆشحاڵم لەگەڵتانم و سوپاس بۆ سەرنجەکانت. بێگومان، ئەو پێشکەوتنەی لە کوردستان دەیبینن، بەرهەمی خەباتی چەندان ساڵ و دەیەی گەلەکەمانە. پێزانین بۆ ئەو پێشمەرگانە و کەسوکاری شەهیدانە و هەموو ئەوانەی لەم ساڵانەدا گیانیان بەخشی بۆ دروستکردنی ئەمەی ئەمڕۆ دەیبینن. من بەشداربووم و شانازی دەکەم. بێگومان ئەوەی کردمان لە دڵەوە بوو. من هەمیشە خۆم بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و ئەم خاکە دەزانم.
رەگمان لەم خاکەدا قووڵە. بۆیە ئەوەی دەیکەین، لە دڵەوەیە و بە پاڵپشتیی تیمەکەمە، بێگومان، تێگەیشتنی خەڵکیش رۆڵی هەیە، لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە، گرنگترین شت ئەوەیە گەلەکەمان لە بەهای خۆیان بگەن و پێگەی خۆیان و بێگومان، مافەکانیان بیربهێنرێتەوە وەک نەتەوەیەک، کە شایستەی چین. زۆر دڵخۆشم بەوەی بەدەستمانهێناوە. بەڵام گرنگترین خاڵ لەم کاتەدا ئەوەیە چۆن بتوانین، دەستکەوتەکانمان بپارێزین. ئەوەی باستان کرد لەسەر پێشهاتی دابەشکردنی کوردستان، بێگومان سەرکەوتوو نابێت، چونکە کەس ماف و دەسەڵاتی ئەوەی نییە کوردستان دابەش بکات. کوردستان بەرهەمی، شەهیدان، پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلەکەمانە زۆر ماندووبووین بۆ ئەم دەستکەوتانە، کەسیش ناتوانێت کوردستان لەسەر بنەمای ئاواتی خۆیان یان کارنامەیەکی گوماناوی دابەش بکات.
پێشکەشکار
جەنابی سەرۆکوەزیران، ئایا ئێستا دانوستان هەیە بۆ لەخۆگرتنی دۆخەکە؟ یان شتەکان گەیشتوونەتە ئاستی ناکۆکیی کۆتایی نێوان پارتی و یەکێتی؟
مەسرور بارزانی
هەمیشە هیوا هەیە. هەرگیز دەرگامان دانەخستووە و ئەوەی کردوومانە هەرگیز دژی هیچ کەسێک نەبووە. ئەگەر زۆر راشکاو بم، پێم وانییە کاردانەوەکە زۆر عەقڵانی بووبێت، با بگەڕێینەوە بۆ دواوە. دوو ساڵ لەمەوبەر هەڵبژاردنمان هەبوو. پەرلەمانمان نەیدەتوانی کۆببێتەوە، چونکە ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکوومەت هەبوو. کار گەیشتە ئەوەی رکابەرەکانمان سکاڵایان لای دادگای فیدراڵی تۆمارکرد پەرلەمان وحکوومەت هەڵبوەشێنرێنەوە. لە قۆناخێکدا بووین کە شەرعییەتی خۆمان کەوتبووە ژێر پرسیار. بۆیە دوو بژاردەمان هەبوو: یان پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانمان، یان رووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامی کاردانەوە ناعەقڵانییەکانی رکابەرەکان. بێگومان، بەرپرسیارێتیی ئێمە بوو، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی لەسەرمان، بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی هەیە، کە هەنگاو بنێین و پەرلەمان کارا بکەینەوە، کە ئەمەش دژی هیچ کەسێک نەبوو. ئەو کاردانەوەی بینیمان زیادەڕۆیی بوو لە تێڕوانینی هەندێک کەس لەسەر ئەوەی دۆخەکە چۆن بێت. بێگومان، شەرعییەتی هەرێمەکەمان و دامەزراوەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی دیموکراسی. نەک بنەمای پێوەرەکانی تێڕوانینی کەسێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی کە شتەکان چۆن بن. بۆیە ئەوەی کردمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان بوو، بۆ دڵنیابوونەوە بوو لەوەی شەرعییەت و رەوایی کوردستان لە جێی خۆیدایە، ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر دەنگدەرانمان کە دەنگیان داوە بەو ئەندام پەرلەمانانە بۆیە مەبەستی ئێمە، رەخساندنی ژینگەیەک بووە تا پەرلەمان دەست بەکارەکانی بکاتەوە، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت بەردەوام بن و پێشڤەچوون هەبێت. بێگومان، دەرگاکان کراوەن، هیوادارم بتوانین دانوستاندنەکان دەستپێبکەینەوە لەگەڵ هەر کەسێک کەباوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و داهاتووی کوردستان هەیە.
پێشکەشکار
جەنابی سەرۆکوەزیران، باسی دیموکراسی دەکەیت، پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە دەمەوێت لێت بکەم، ئەویش ئەوەیە راستە باسی پڕۆژە و ژێرخان و رێگاوبان دەکەین، بەڵام ئەم مۆدێلە، مۆدێلی هەولێر، من سەرۆک مەسعوود بارزانی و قسەکانی ساڵی 1991ـیم بیر دێتەوە، دیدگاکە روون بوو، داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد ، هەڵبژاردنێک دەربڕی ئیرادەی گەل بێت، لە شوێنێکدا کە هەڵبژاردنی راستەقینەی تێدا نییە، ئایا ئەمڕۆ بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە نیگەرانیت لەسەر ئەو مۆدێلە؟ یاخود ئەم مۆدێلە بەردەوام دەبێت و تا کۆتایی بەرگریی لێدەکەیت؟
مەسرور بارزان
دیموکراسی دەپارێزین. دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەپارێزین. بێگومان، ئەوەی کردوومانە شتێکە لە بنەڕەتدا ئاسان نەبوو. بۆیە پاشەکشە ناکەین تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک باوەڕی بە دیموکراسی نییە. با راستگۆ بین، بۆچی هەڵوێست دژی ئەم پرۆسەیە هەیە؟ هەڵبژاردنمان کرد، هەڵبژاردنیش ئەنجامی هەبوو. بێگومان دەبێت رێز لە ئەنجامەکان بگیرێت، ئەگەر کەسێک ئەو ئەنجامەی بەدەستنەهێنا کە چاوەڕێی دەکرد، مانای ئەوە نییە دەبێت تەواوی پرۆسەکە پەکبخات، تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنێکدا باش نەبوو. دەبێت ئەنجام قبووڵ بکەن. قبووڵکردن رێزگرتنە لە دیموکراسی. رێزگرتنە لە ئیرادەی خەڵک دەتوانن لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە بکەن. دەتوانن بەشێک بن لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی حکوومەت، یاخود لە ئۆپۆزیسیۆندا بمێننەوە. لە زۆربەی جیهاندا دیموکراسی بەم شێوەیەیە. بەڵام ئەگەر بۆچوونی خۆیان هەبێت و بڵێن یان بە قسەی ئێمە دەبێت یان هیچ، شتی وا قبووڵکراو نییە، ئەمە رێگەیەک نییە بۆ پێشڤەچوون و خزمەتی گەل. لێرەدا، پێموایە زۆر روون بوو کە یەکێتی، بەداخەوە، بەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ لایەنێکی دیکە پێکیهێنا، لە رێگەی پرۆسەی دیموکراسی نا، بەڵکو بە بەکارهێنانی هێز رووبەڕوومان بوونەوە و بە شێوەیەک پەرلەمانیان پەکخست یان پەرلەمانیان بە بارمتە گرت بۆ دوو ساڵ و رێگەیان نەدا کار بکات. ئەمە چارەسەر نییە و خزمەت بە پڕۆسەکە ناکات. لە سەرەتادا، کاتێک دوو ساڵ پەرلەمانمان نەبوو، ئەوان سکاڵایان بوو پەرلەمان نییە. بۆیە، دەبێت بچین و پەرلەمان هەڵبوەشێنینەوە. ئێستا کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، دیسان سکاڵا دەکەن کە پەرلەمانێکی کارا هەیە و ناتوانین قبووڵی بکەین و دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە. دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە. ئایا لەگەڵ پڕۆسەی دیموکراسین یان دژی وەستاون؟ بە هەر شێوەیەک بێت، پێموایە کاردانەوەیان زۆر هەڵە بوو. با ئەوەشتان بیربخەمەوە = ئەوان بوون هەڵوێستێکی زۆر نەرێنییان بەرامبەر نووسینەوەی دەستووری کوردستان وەرگرت کە لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە دەبێت لە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆمان هەبێت. کەواتە رێگەنەدان بە بوونی هیچکام لەم دامەزراوە شەرعییانە و پشتگیریکردنیان، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەجێندایەکی تایبەتیان هەیە و دەیانەوێت پەیڕەوی بکەن و لە کاتی نەبوونی دامەزراوە شەرعییەکاندا پەرە بە دۆزی خۆیان بدەن،ئەمە قبووڵکراو نییە. زۆربەی گەلی کورد قبووڵی ناکات. بێگومان، شەرعییەتیش بە دەنگی خەڵک بەدەست دێت. ئەوانەی پشتیوانیی خەڵکیان هەیە، شەرعییەتیان هەیە.
پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆکوەزیران، لە درێژەی ئەو قسەیەی دەتگوت وا باو بووە کە پارتی دیموکرات سەردەکەوێت لە هەڵبژاردندا و زۆرینە دەهێنێت بەڵام، ئەمە پرسیارێکە چەندان جار لە کاک مەسعود بارزانیم کردووە کە دەیگوت دەگەڕێینەوە پەنجا بە پەنجا. لێم دەپرسی بۆچی؟ دەیگوت بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ روونەدات. ئایا ئەم ستراتیژ و سیاسەتە کۆتاییهاتووە، کە پارتی هەمیشە سازش بکات و پابەند بێت بە پرەنسیپی پەنجا بە پەنجا و لە شەڕ دوور بکەونەوە؟ پرسیارێکی قورسیشم هەیە کە مێشکی خەڵکی سەرقاڵ کردووە ئایا بە هەر شێوەیەک بێت شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان روودەدات؟
مەسرور بارزانی:
وەڵامە سادەکە نەخێرە. پێش هەموو شتێک، با باسی هەڵبژاردن بکەین. بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت؟ بە شێوەیەکی گشتی هەڵبژاردن دەکرێت بۆ ئەوەی براوەیەک هەبێت و کەسێکیش هەبێت کە لەوانەیە نەیباتەوە. پێیان ناڵێم دۆڕاو چونکە ماوەیەکی دیاریکراو هەیە کە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت. ئەگەر ئەمجارە نەیبەیتەوە، مانای ئەوە نییە جارێکی دیکە نایبەیتەوە. دابەشبوونی 50 بە 50 دەربڕی سرووشت یان جەوهەری دیموکراسی وەک خۆی نییە. دەزانن، دەکرێت، هەڵبژاردن دەکرێت و ئەنجامی هەیە، دەبێت رێزی لێبگیرێت. ئەگەر کەسێک 50%ـی دەنگەکانی نەبێت، بێگومان ناتوانێت داوای مافی پیادەکردنی 50%ـی حکوومەت یان دەسەڵات بکات. بە درێژایی ساڵان، پارتی براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە، و زۆر سازشکاریش بووە. ئامادە بووە سازش بکات و زیاتر بداتە رکابەران و ئەو لایەنەی دەیویست ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانیدا. ئەمجارە، بابەتەکە ناکۆکیی نێوان دوو حزب نییە، بەڵکو لەسەر شەرعییەتی تەواوی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر پەرلەمانمان وەک دامەزراوەیەکی شەرعی نەبێت، واتە تەواوی پرۆسەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە بابەتەکە ئەوە نییە کام حزب کورسیی زیاتری هەیە. بەڵکو پاراستنی خودی دامەزراوەکەیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی دیکە، ئایا شەڕی ناوخۆ دەبێت، هیوادارم وا نەبێت. سەرۆک مەسعود بارزانی، هەمیشە گوتوویەتی نابێت هیچ شەڕێکی ناوخۆی کورد هەبێت. هەروەها بانگەوازم بۆ هەموو کوردستان ئەوەیە دەبێت لە شەڕ لەنێو خاک یان حزبە کوردییەکان دوورخەینەوە، نابێت پێشمەرگە رووبەڕووی یەکتر ببنەوە. هەمیشە ناکۆکیی سیاسی دەبێت. هەمیشە رووبەڕووی جۆرێک لە ئاڵنگاری دەبینەوە. بەڵام هیوادارم هەمووان تێبگەن کە دەبێت ئەو خاڵە تێپەڕێنین لە کاتی ناکۆکیی سیاسیی باسی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بکرێت. دەبێت تێپەڕین لەوەی رووبەڕووی یەکتر ببینەوە بە سەربازی ئەگەر ناکۆکی سیاسیمان هەبێت.
پێشکەشکار:
کۆتا پرسیارم پێش ئەوەی بچینە سەر تەوەری پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، لە سۆشیال میدیا دەنگۆیەکمان بینی، کە بە دەنگۆی دەزانم چونکە لێرە دەژین، بەڵام وەک دەزانیت پڕوپاگەندەی زۆر بڵاودەبنەوە و دەڵێن ئێوە خەڵکتان دەستبەسەر کردووە لە هۆتێلەکان بە زۆر منداڵتان رفاند و هەڕەشەتان لە خێزانەکان کردووە ئەم هەواڵانە لەکوێوە دێن؟ جەنابی سەرۆکوەزیران دەمەوێت ئەم خاڵەمان بۆ روون بکەیتەوە.
مەسرور بارزانی
ئەمە قسەی بێمانایە، بێمانا. زۆر کەس هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن. هەست دەکەن بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو خەڵکەی دەنگی پێداون، هەست بە شەرمەزاری دەکەن کە ناتوانن ئەرکی خۆیان وەک نوێنەر جێبەجێ بکەن بۆ بێن و نوێنەری خەڵکەکەیان بن لە پەرلەمان. جگە لە ئەندامانی پارتەکەمان و هاوپەیمانەکانمان، ئەندامانی حزبەکانی دیکەش هەن، لەوانەش یەکێتی و نەوەی نوێ و ئەوانی دیکە، دەیانەوێت بێن و بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بکەن و کارای بکەنەوە و شانازیی رزگارکردنی ئەم دامەزراوەیەیان هەبێت. ئێمە ستایشی کارەکەیان دەکەین. لەژێر هیچ جۆرە فشارێکدا نەبوون. ئەمە تەنیا تۆمەتە چونکە پارتەکانی دیکە نەیانتوانیوە رێز لە پیشە و پێگەی ئەندامانی پەرلەمان بگرن. بێگومان ئەوان بڕیاریاندا رێگە راستەکە هەڵبژێرن و بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە. ئەوەی گوتت تەواو پێچەوانەی راستییە، ئەوان خەڵکیان هەراسان دەکرد، چونکە زۆر کەسی دیکە هەبوون دەیانویست بێن و بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بکەن. هەراسانیان کردن، ئەندامانی خێزانەکانیان دەستبەسەر کرد. هەڕەشەی سزای توندیان لە خۆیان و خێزانەکانیان کرد، ئەگەر بەشداری بکەن، بەڵام کاتێک نەیانتوانی رێگری لە تەواوبوونی رێژەی یاسایی بکەن و بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆببێتەوە، ئەوکات دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆ و تۆمەتە بێمانایانە کرد. ئەم قاسانە لە تۆمەتی زۆر هەرزان بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان بترازێ هیچی دیکە نین. دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە هەر کەسێک لەو دانیشتنەدا بەشداربوو بەوپەڕی باوەڕ بە پڕۆسەکە و بڕیاری خۆیان هاتوون.
پێشکەشکار
من ویستم ئەم پرسیارە بکەم و وەڵامەکەشی دەزانم، چونکە نیشتەجێی هەولێرم و لێرە دەژیم. لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسی کەناڵی شەمس، باشترین شت لەبارەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هەست بە ئارامی دەکەین. هەست بە دەزگا هەواڵگرییەکان ناکەین، هەست بە ترس و هەڕەشە ناکەین. هاوپیشەی ئافرەتمان هەن دەڵێن هەندێک جار کاتژمێر دووی شەو لە هەولێر پیاسە دەکەن و هەست بەوپەڕی ئارامی دەکەن. بەڵام ویستم جەنابتان ئەم بابەتە روون بکەنەوە، چونکە ئامانجیان تێکدانی ئەم سەقامگیری و ئارامییەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەیبینین.
کەواتە جەنابی سەرۆکوەزیران، ئایا ئامادەی هەندێک سازش بکەیت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت؟
مەسرور بارزانی:
پرسەکە پەیوەندیی بە خودی منەوە نییە، پەیوەندی بە پرۆسەکەوە هەیە. هەموومان بەشێکین لەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکی دیموکراتیمان دەستپێکردووە و پێویستە رێز لە ئیرادەی خەڵک بگرین. لە کۆتاییدا، خەڵک بڕیار دەدات چ جۆرە حکوومەتێکیان پێویستە و چ جۆرە داهاتوویەکیان دەوێت بۆیە ئێمە تەنیا دەتوانین رۆڵی خۆمان بگێڕین. ئێمە گوتوومانە ئامادەین زۆر بە دەستکراوەیی مامەڵە بکەین لە پێشکەشکردنی پێشنیازەکانمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارکردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان، بە هیوای ئەوەی ئەو ئەندامانەی کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، بێنە پێشەوە و حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنن. ئێمە ئامادەین لەگەڵیان کار بکەین و زۆر نەرمی بنووێنین. بەڵام بێگومان هەموو شتێک سنووری هەیە و پێویستە هەموو شتێک لە چوارچێوەیەکی گونجاودا بێت. بێگومان دەبێت رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت.
مەسرور بارزانی:
وەک گوتم، پرۆسەیەک هەیە، ئێمە ئامادەین و هیوادارین لەم ماوەیەی لەبەردەستماندایە، بتوانین لەگەڵ هەمووان کار بکەین بۆ ئەوەی چارەسەرێک و رێگەیەکی ئاشتییانە بدۆزینەوە، بێ ئەو گرژییە زیادە و ناپێویستەی کە ئەوان دروستیان کردووە. هیوادارم ئەوان بەخۆیاندا بچنەوە و باوەڕیان وابێت یەکڕیزیی کوردستان بۆ هەمووان باشترین بژاردەیە. بۆ هەموومان، بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش، تا بتوانن بێن و لەگەڵ ئێمە کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ. ئەمە ئامانجی ئێمەیە، بەڵام بێگوومان، پرۆسەکە ناوەستێت ئەگەر کەسێک نەیەوێت لۆژیکییانە هەڵسوکەوت بکات.
پێشکەشکار
دەچمە سەر پرسی بەغدا، کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا راستییەکەی گەورەترن، کێشەی کۆنن. لە سەردەمی مانەوەم دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئەوسا کە لە عێراق بووم، پێموابوو ئەم کێشانەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کورستان بۆ هەمیشە کۆتاییان هاتووە، بەڵام بەداخەوە کێشەی بێکۆتا هەن. بە بڕوای تۆ هۆکاری راستەقینە چییە؟ ئایا بەهۆی کەسەکانەوەیە یان عەقڵیەتی بەغدا؟ بۆچی ئەم کێشانە تا ئێستا چارەسەر نەکراون؟
مەسرور بارزانی:
ئێمە دەستوورێکما هەیە، لە دەستووردا عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، کورستان بەشێکە لەم سیستمە فیدراڵییە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و ماف و ئەرکی دیاریکراوی هەیە. پێویستە ئەو مافانە بە تەواوی رێزیان لێ بگیرێت. پێموایە کێشە سەرەکییەکە لە عەقڵییەتی ئەو کەسانەدایە هێشتا لە فیدراڵیزم تێناگەن یان قبووڵی ناکەن. بە هەردوو شێوەکە، هاوکاری پرۆسەکە ناکەن بۆ چوونە پێشڤەچوون یان جێبەجێکردنی دەستوور وەک پێویست. نابێت بە ئارەزووی خۆت بەش و مادەکانی ناو دەستوور هەڵبژێریت کە خزمەت بە لایەنێک دەکەن و ئەوانی تر پشتگوێ بخەیت. پاکێجێکە. پاکێجێکە لە سازشکردن. هەموومان دەنگمان بەم دەستوورە دا چونکە باوەڕمان بە تەواوی پرۆسەکە و هەموو دەستوورەکە بوو، نەک تەنیا بەشێکی دەستوور. دەبێت ئەمەش لە بەغداش رێزی لێ بگردرێت. پێموایە کێشە سەرەکییەکە لە عەقڵییەتدایە، هەر کاتێک قبووڵی بکەن و پەسەندی فیدراڵیزم بکەن، کێشەکانمان بە ئاسانی چارەسەر دەبن.
پێشکەشکار
رێزدار سەرۆکوەزیران لە هزری عەرەبدا کاتێک دەڵێیت فیدراڵی، زۆربەیان بە دابەشبوون تێدەگەن.. ئایا کاتێک کورد قسە دەکات، کورد خەونی بە نیشتمانێکی سەربەخۆوە هەیە؟ رەنگە ئەمەش کاریگەری لەسەر عەقڵیەتی عەرەب هەبێت کە ئێستا کورد داوای فیدراڵی دەکات، چونکە دەیانەوێت جیاببنەوە، یان عێراق دابەش بکەن. دەکرێت بۆمان روون بکەیتەوە، لە چ بنەمایەکەوە کورد ئەم داوایە دەکەن؟ ئایا کاتێک داوای فیدراڵی دەکەن مەبەستیان دابەشبوونە؟
مەسرور بارزانی:
فیدراڵیزم دابەشبوون نییە، دابەشکردنی وڵات نییە. لە بنەڕەتدا بریتییە لە وەرگرتن یان هاوبەشیکردنی بەرپرسیارێتی. کاتێک عێراق بۆ یەکەم جار دەستووری نووسرایەوە، ئێمە بە ئارەزوومەندانە چووین و قبووڵمان کرد و گفتوگۆمان کرد لەسەر سیستمێک بۆ تەواوی وڵات، کە فیدراڵیزم بوو. بۆیە بژاردەی خۆمان بوو ببینە بەشێک لەم سیستمە فیدراڵیە. ئەمە دابەشبوون نەبوو، چونکە بە دیفاکتۆ و ئەمری واقع ئێمە هەرێمێکی سەربەخۆ بووین، پێش نووسینەوەی دەستوور، ئێمە بە ویستی خۆمان چووینە ناو وڵاتەکە
و باوەڕمان وابوو کە بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش، دەتوانین هەموومان پێکەوە وڵاتێکی زۆر باشتر بنیاد بنێین، وڵاتێک تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان، هەموو بەشەکانی وڵات، هەموو کۆمەڵگە جیاوازەکانی وڵات رێزیان لێ بگیرێت و مافەکانیان گارەنتی و دەستەبەر بکرێن. پێویستمان بە گارەنتییە بۆ داهاتوویەکی باشتر کە هیچ کەسێک، ئەجێندایەک، یان پارتێک یان نەتەوەیەک یاخود گرووپێکی تایفی باڵادەست نەبێت و
مافی ئەوانی تر پێشێل بکات کە ژمارەیان کەمترە. بێگومان، عێراق هی هەمووانە و دەبێت مافی یەکسانمان هەبێت. فیدراڵیزم ئەو گارەنتییانەت پێدەدات کە مافەکانت پارێزراون. پێویستە ئەرکەکانت جێبەجێ بکەیت، بەڵام مافەکانت گەرەنتی بکرێن. ناتوانیت هەڵاوێر بکەی و بەدوای چارەسەری بەدیلدا بگەڕێیت بۆ
دەستوور، ئەو مافە دەستوورییانەی لە خودی دەستووری عێراقدا چەسپێنراون. بۆیە پێموایە بۆ ئەوانەی بڕوایان بە دەستوور نییە، خەتای خۆیانە، ئەوان خراپ تێگەیشتوون و تێڕوانینی هەڵەیان هەیە و تێناگەن لەوەی،فیدراڵیزم چەند بەهێزە بۆ وڵات تا وڵاتێکی زۆر بەهێزتر بنیات بنێت کاتێک بە ویستی خۆتان پێکەوە کار دەکەن. وێنای وڵاتێک بکە کە تێیدا هەست دەکەیت وڵاتی خۆتە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشت هەیە و دەتوانی پێکەوە بن و پێکەوە بەهێزتر بن. بەڵام ئەگەر هەست بکەیت هەمیشە هێزێکی باڵادەست هەیە کە دەیەوێت بچووکت بکاتەوە یان بە چاوی کەمەوە سەیرت بکات، ئەمە کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە و لە درێژایی ساڵاندا بەردەوام روویداوە. پێموایە مێژوو پڕە لە پەند و وانە. هەر کەسێک لە مێژوو فێر نەبێت، ناچارە دووبارەی بکاتەوە. پێموایە لەم دۆخەدا، باشترین شت بۆ عێراقی ئەمڕۆ رێزگرتنە لە دەستوور و
خودی فیدراڵیزم، پاشان کارکردنە پێکەوە بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی باشتر.
پێشکەشکار
سەرۆکوەزیرانێکی نوێی گەنج، باکگراوندێکی ناسیاسی و بازرگانی هەیە. عەلی زەیدی، شتانێک دەڵێت پێمان خۆشە. باوەڕی بە بڕیار و بژاردەی دەوڵەت هەیە، نەک میلیشیا، یەک سوپا. سەرەتا ئێوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کۆبوونەوە، ئایا پێتوایە بەهۆی کەسایەتیی عەلی زەیدی و نەبوونی پاشخانی سیاسی و تائیفییەوە، پێشڤەچوونێک رووبدات؟ وەک گوتمان باکگراوندێکی سیاسی یان تایفی نییە. هەست دەکەیت پێشڤەجوونێک هەبێت لەو پەیوەندییە گرژەی هەمیشە هەیە لەسەر مووچەی هەرێمی کوردستان؟ ئەو پەیوەندییانەی هەمیشە گرژن، دەربارەی مووچە و مافەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کێشەکانی رابردوو؟
مەسرور بارزانی:
هەرگیز کێشەکان پەیوەندییان بە خودی کەسەکانەوە نییە. بێگومان رێزێکی زۆرمان بۆ سەرۆکوەزیران زەیدی هەیە و بۆ سەرجەم سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە. بۆیە کێشەی کەسایەتی یان پرسی کەسی نییە. بەڵکو پەیوەستە بە مافی وڵاتەکەمان و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا. چاوەڕوانین مافەکانمان رێزیان لێ بگیرێت و کێشەی هەڵپەسێردراو هەن پێویستە چارەسەر بکرێن. بێگومان پشتگیریی تەواومان بۆ سەرۆکوەزیران زەیدی دەربڕیوە، بە هیوای دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان و رەخساندنی ژینگەیەکی زۆر باشتر و دۆخێکی لەبارتر بۆ تەواوی وڵات. زۆر بەهیوایین کە بتوانین بگەینە رێککەوتن. بێگومان تا ئێستا هێشتا، ئەم کێشانە ماون چارەسەر بکرێن و هێشتا چارەسەر نەکراون. ئێمە بەهیوایین. بۆیە نامەوێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتوو بکەم. بەڵام نیەتمان زۆر روونە، پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانێکە کە دەستوور جێبەجێ دەکات وەک خۆی، هەروەها رێزگرتن لە مافەکانی حکوومەتی هەرێم لە عێراقی فیدراڵدا.
پێشکەشکار:
بۆ تەواوکردنی ئەو بابەتە، ئەمڕۆ ئەمریکییەکان لە عێراق کشانەوە و دەڵێن پێویست بە گرووپی چەکدار ناکات دوای کشانەوەیان، بەڵام لە لایەکی دیکە دەگوترێت کورد نیگەرانن لە نەمانی پاراستنی ئەمریکییەکان. ئایا نیگەرانن و هەست بە دوودڵی دەکەن لە نەمانی ئەمریکییەکان لە عێراق، کە هەمیشە لە ئەمریکییەکان کە هەمیشە هاوپەیمانتان بوون ؟
مەسرور بارزانی:
جێی دڵتەنگییە، بەڕاستی، کە هاووڵاتییانی یەک وڵات نیگەران بن لەوەی هێزێکی سەربازی زاڵ بێت بەسەریاندا و پێویستیان بە هێزێکی دەرەکی بێت بیانپارێزێت. بەڵام بەداخەوە، دەیان ساڵە دۆخەکە بەم جۆرەیە. ئەوە لە رابردوودا بوو. بێگومان، زۆر سوپاسگوزاری پشتیوانیی ئەمریکییەکانین بۆ کوردستان و هەموو عێراق، بەڕاستی. عێراق لە لێواری رووخاندا بوو کاتێک داعش دەستی گرت بەسەر زۆر ناوچە و چەندین پارێزگای وڵاتەکەدا. سەرەتا پێشمەرگە بوو داعشی وەستاند و پاشەکشەی پێکرد، دواتر بەشەکەی دیکەی عێراق بە هێزە ئەمنییەکانی هاتنە مەیدانەکە و بە هاوبەشی شکستمان هێنا بە داعش. بۆیە ئەوە ئەزموونێکی زۆر باش بوو نیشانیدا چۆن هەماهەنگی و هاوکارییکردنی یەکتر سوود بە هەمووان دەگەیەنێت. بێگومان زۆر سوپاسگوزاری ئەمریکییەکانین، بەڵام با پێت بڵێم، دۆزەکەمان، رەگی لە مێژوودا داکوتاوە. ئێمە دۆزێکی زۆر پیرۆزمان هەیە، کە دۆزی کوردە لە عێراقدا. بێگومان، پێویستمان بە پشتیوانیی دۆستەکانمانە. پێویستە ئەمریکا ئەمریکا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان پشتیوانیمان بکەن. بەڵام بێگومان هیوادارین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، و بەغداش، وەک قەوارەیەکی نامۆ سەیری کوردستان نەکات، بەڵکو وەک بەشێکی وڵاتەکە کە لە راستییەکەی بڕبڕەی پشتی سەقامگیری، و گەشەی ئابووریی عێراقیشە، ئەمەش ئەوەیە کە نیشانمانداوە. کوردستان لە هەموو ئەم ساڵانەدا سەلماندوویەتی چەند گرنگە بۆ سەقامگیریی ئەم وڵاتە، چەند گرنگە بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی ئابوورییەکەی و چەند گرنگە بۆ سەقامگیریی سیاسیی وڵاتەکە. بێگومان، ئێمە بەشێکین لەم پرۆسەیە. بەشێکین لەم وڵاتە و هیوادارین ئەم نیگەرانییانە بە باشی چارەسەر بکرێن و هیچ نیشانەیەک لە هیچ جۆرە نیگەرانییەک، لەلایەن خەڵکمانەوە نەمێنێت چونکە هەندێک ئاماژە هەن کە خەڵکی ئێمە بە بینینیان دڵخۆش نابن. بۆیە هیوادارم ئەو ئاماژانە نەمێنن و چیتر نەبنە کێشە.
پێشکەشکار:
ئایا گەشبینیت حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بتوانێت کە سوپای عێراق یەکبخات بۆ ئەوەی سوپایەکی عێراقی هەبێت و چەک لە دەستی میلیشیاکان وەربگرێتەوە، یاخود پێتوایە ئەم هیوایە زەحمەتە بێتەدی؟
مەسرور بارزانی:
هیوادارم بتوانێت، بەڵام ئاسان نییە. بەڵام با هەندێک روونکردنەوە بدەم. کە دەڵێین سوپای عێراق، سوپای عێراق هەیە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش هەن. لە دەستووردا، هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێزی شەرعین کە دەبێت رێزیان لێ بگیرێت. لەم حاڵەتەدا پێشمەرگەمان هەیە کە هاوتای سوپای عێراقن و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق. کەواتە ئێستا کە قسە دەکەین سوپای عێراق یەکگرتووە. مەبەستم ئەوەیە کەس ناڵێت سوپای عێراق یەکگرتوو نییە. نامەوێت لەسەر بنەمای گریمانە هیچ لێدوانێک بدەم. بەڵام ئاخۆ سەرۆکوەزیران دەتوانێت هەموو ئەو هێزانەی کە لە رووی دەستوورییەوە بە شەرعی دانانرێن، بخاتە ژێر سەروەریی یاسا، هیوادارم بتوانێت، و پشتیوانی لێ دەکەین بۆ ئەوەی بیکات. بەڵام بێگومان، ئەرکێکی زۆر سەختە. ئاسان نییە، ئاسان نییە چونکە کارنامەی دیاریکراو هەن، و هەندێک جار دەترسم کە چارەسەری جیاواز، پێشنیاز بکرێن و ئەو پێشنیازانەش خزمەت بە ئامانجەکە نەکەن. بۆیە پێموایە دەبێت سەرۆکوەزیران زۆر وریابێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسانەدا، بەڵام هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و پشتیوانی دەکەین لە گەڕاندنەوەی سەروەریی یاسا بۆ تەواوی وڵات.
پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆکوەزیران کە باسی میلیشیاکان دەکەین، ئێمەش لە لوبنان گیرۆدەی چەکی دەرەوەی دەوڵەتین دەشزانین کە ئەم میلیشیا یان ئەم گرووپانە دڵسۆز و سەر بە ئێرانن ئێمەش ئەمڕۆ لە نێوەندی شەڕێکی ئەمریکی ئیسرائیلی ئێرانیین، لەوانەیە پەرەبسێنێت یان گەورەتر بێت ئەم شەڕە چۆن کاریگەری لەسەر هەرێمی کودرستان دانا، بەتایبەت کە هەندێک لەو گرووپانە بە ئاشکرا مووشەک و درۆنیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرد
لە ماوەی شەڕەکەدا، بە بیانووی بوونی پێگەی ئەمریکی یان بنکە لە کوردستان، ئەم شەڕە چۆن کاریگەری لەسەر هەرێمیکوردستان دانا؟ ئاییندەی نزیک چۆن دەبینیت، ئایا هێشتا بێلایەنن سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستان؟
مەسرور بارزانی:
کوردستان ماندووە لەوەی بەشێک بێت لە هەر شەڕێک. دەمانەوێت گەلمان بە ئاشتی بژی. ئەم پەیامەمان هەمیشە گەیاندووە. نامانەوێت ببینە بەشێک لە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک، بەڵام مافی تەواوی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین گەر هێرشمان کرایەسەر. بەداخەوە، هێرشی زۆر کراوە، زیاتر لە 1,050 هێرشی مووشەکی و درۆن کراوەتە سەر کوردستان، هەندێکیان دژی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام ئەوانی دیکە دژی، کوردستان و بێگومان هەندێکیشیان دژی کەمپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوون. بێگومان، ئێمە، پێمانوایە ئەمە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵە دڵنیابێتەوە لەوەی هیچ یەک لەم هێرشانە لەناو خاکی عێراقەوە نەکرێن. بەڵام بەداخەوە، 50% یان لەوانەیە زیاتر لە 50%ـی ئەم هێرشانە لە ناوخۆی عێراقەوە کراون. بێگومان، گرووپی بەرپرسیار هەن و ئەم گرووپانە دەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکرێت. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، حکوومەتی فیدراڵ لە کوێیە؟ گەر حکوومەتی فیدراڵ کۆنترۆڵی ئەم گرووپانەی لەدەستە، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات. ئەگەر کۆنترۆڵی ئەم گرووپانەی لەدەست نییە، ئەوا بۆشاییەکی گەورەی بەرپرسیارێتی و سەروەریی یاسا هەیە لە، لەم وڵاتەدا کە پێویستە رووبەڕووی ببینەوە و چارەسەر بکرێت. بێگومان ئامانجی ئێمە، ئەوەیە کە یارمەتیی حکوومەتی بەغدا بدەین، حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی کۆنترۆڵی هەموو ئەو هێزانە بکات کە بوونیان هەیە و دەبێت هەمووان پابەندی یاسا بن و ببنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هەر شتێک لە دەرەوەی ئەم هێزە ئەمنییانە بێت، ئەوا، نابێت هیچ جێگەیەکی لە وڵاتدا هەبێت.
پێشکەشکار:
دەبینین و دەبیستین ئەمریکا پشت بە کورد، بەتایبەت کوردی ئێران دەبەستێت و پشت بە سنووری هەرێمی کوردستان دەبەستێت بۆ کودەتا دژی دەسەڵاتی ئێران. بیستوومانە چەک بۆ کوردان هاتووە و بەکارنەهاتووە. باسی گەلێک پیلانگێڕی دەکرێت گوایە لە خاکی کوردستانەوە دەبن، جەنابی سەرۆکوەزیران دەتوانێت و راستیی ئەم بابەتەمان پی بڵێت؟
مەسرور بارزانی:
هەڵوێستی فەرمیمان زۆر روون بووە. کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک. رێگە نادات خاکی کوردستان دژی هیچ کام لە دراوسێکانی بەکاربێت. ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە. هەر شتێکی دیکە تەنیا دەنگۆ و تۆمەتە و زۆر کەس هەوڵدەدەن بەکاریبهێنن بۆ مەبەستی جیاواز. بەڵام هەڵوێستی فەرمیمان زۆر روونە. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم ململانێیە و رێگەش نادەین خاکەکەمان وەک هەڕەشە یان سەرچاوەی هەڕەشە بەکاربهێندرێت دژی هیچ کام لە دراوسێکانمان.
پێشکەشکار
پێوەندیی باش لەگەڵ ئێران هەیە؟ بە پێوەندیی باشی دەزانن، یان ئاستی پێوەندیی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران چییە؟
مەسرور بارزانی
هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دراوسێکانمان نییە، بە ئێرانیشەوە. بەداخەوە، هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران لە هێرشکردنە سەر کوردستان لە ماوەی ئەم جەنگەدا، زۆر جێگەی داخ بوو. داوای روونکردنەوەمان کرد. نەیانتوانی روونکردنەوەی باوەڕپێکەر بدەن کە بۆچی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. بێگومان، باشترین پەیوەندیمان دەوێت لەگەڵ ئێران و گشت دراوسێکانمان. بەڵام پەیوەندی دەبێت لە هەردوو لاوە بێت. دەبێت ئەوانیش ویستی ئەوەیان هەبێت پەیوەندیمان باش بێت. بەڵام نیەتی ئێمە زۆر روونە. پەیوەندییەکی باش، دۆستانە و هاوسێیانەمان دەوێت لەگەڵ ئێران.
پێشکەشکار
ناکرێت باسی سووریا و تورکیاش نەکەین. دەزانین پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا زۆر باشن. هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی بوونەتە عەرابێک، کە هەرچی لە تورکیا رووبدات پەنا بۆ مەسعود بارزانی دەبەن. هەر کێشەیەکیش لە سووریا بێت، پەنا بۆ مەسعود بارزانی دەبەن. ئەمەش لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، رۆڵێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان دا . زۆر سووری هەن کە هەرێمی کوردستان و هەولێر وەک پایتەختێکی سیاسی دەبینن وەک خەونێکی بەدیهاتووی خۆیان دەیبینن. من لە قامیشلۆ بووم، سوورییەکان جۆرێک باسی هەولێریان دەکرد وەک خەونێکی دەستپێنەگەیشتوو. پێت وایە سوورییەکان بتوانن فیدراڵییەک بەدیبهێنن لە سووریادا وەک فیدراڵییەکەی ناو دەستووری عێراق؟
مەسرور بارزانی
ئێمە ناتوانین پێیان بڵێین چ سیستمێک بۆ ئەوان لەبارترینە. دەبێت خۆیان بڕیاربدەن باشترین چییە بۆ هەموویان. بێگومان، نکۆڵی لە گەلی کورد لە سووریا ناکرێت. ئەوان بوون و مافی خۆیان هەیە، یەکسانی و دادپەروەرییان دەوێت. بێگومان، ئەو رۆڵەی سەرۆک بارزانی بە تایبەتی گێڕای لە رێگریکردن لە هەر ململانێیەک زۆر گەورە بوو. دوورخستنەوەی شەڕ دەستکەوتێکی گەورە بوو. ئێستا، هەنگاوی داهاتوو پێویستە بە دانوستاندنی نێوان کورد و دیمەشق بێت. بیستوومانە دیمەشق ئێستا رازییەبە پێدانی رەگەزنامە بەو کوردانەیبەداخەوە هەرگیز نەیانبوو، هەلی ئەوەی وەک هاووڵاتیی یەکسان ببینرێن. ئەمە هەنگاوێکە بەرەوپێش. ناڵێم هەموو مافەکانی کورد دەستەبەر دەبن، بەڵام بێگومان دەرفەت و هەنگاوێکی باشە. هیواداریشم، لە هەنگاوەکانی داهاتوودا بگەنە سیستمێک کە بۆ هەمووان باشترین بێت. تەنیا کورد نا، وەک دەزانین سووریا پێکهاتەی زۆری تێدایە. بۆیە پێویستە هەموویان هەست بە ئارامی و یەکسانی بکەن لە وڵاتدا.
پێشکەشکار
دەگەڕێمەوە بۆ هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆکوەزیران لەم ئەڵقەیەدا بەوە دەستمان پێکرد لە هەرێمدا روودەدات بۆ ئەوەی کەمێک لە سیاسەت و خەمە سیاسییەکان دووربکەوینەوە، بەڵام دەگەڕێینەوە سەر خواستەکان، دەزانم تۆ هەموو رۆژێک پرۆژەیەکی نوێ رادەگەیەنیت، رۆژانە سەرسام دەبین بە وەبەرهێنانی نوێ و بە ژمارەی گەشتیاران کە دێنە کوردستان، نەک تەنیا لە عێراق و لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوورەوە، بەڵکو لە دەرەوە و وڵاتانی عەرەبیشەوە و هەمووان ئەم سەرسوڕمانەیان هەیە هەندێک کەس دوبەیان بیردێتەوە کاتێک لە لووتکەی گەشەکردندا بوو، ئەمڕۆ باس لەوە دەکرێت هەولێر دوبەیە نوێکەیە، لەگەڵ جیاوازیی کولتوور و لەگەڵ جیاوازیی سروشتەکەدا بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی دادەمەزرێت و بینیمان هۆتێل یان ریزۆرتی موڤێنپیکت کردەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن دەتوانیت ئەم وەبەرهێنەرانە قایل بکەیت بێنە هەرێمێک لە ناوچەیەکی بەم ئەندازەیە ئاڵۆزدا؟
مەسرور بارزانی
متمانە. متمانە کلیلەکەیە. پێموایە متمانە بە من دەکەن. سەلماندووشمە کە نیەتم تەنیا خزمەتکردنی خەڵکە و رێزگرتن لە مافەکانیان. بێگومان، لەژێر سزادا بووین بەردەوام. بودجەکەمان هەرگیز لە کاتی خۆیدا یان بە تەواوی نەنێردرا. مووچەکانمان نەدەدرا. بەڵام نەوەستاین. نەماندەتوانی مل بدەین بۆ ئەم گوشارە ئابوورییەی خرابووە سەرمان. دەبوو بەرەوپێش بچین. دەبوو دڵنیابین لەوەی ئابوورییەکەمان گەشە دەکات خەڵکەکەمان گۆڕانکاری دەبینن، رۆژ بە رۆژ زیاتر خزمەتیان بکەین. ئەوان شایەنی خزمەتی زیاترن. بۆیە سەرنجم خستەسەر ژێرخان، لەگەڵ ئەوەی زۆرترین پێویستیی خەڵکە، خەڵک پێویستی بە هەموو خزمەتێکە، چ کارەبا بێت یاخود ئاو و گواستنەوە و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی رۆتین و بنبڕکردنی گەندەڵی، گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردە و کەرتی تەندروستی. بۆیە هەوڵمان بۆ هەموویان دا. بەداخەوە سندووقی داراییمان نەبوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەموو دیدگا و کارنامانە، کە بەشێکن لە ئەو ئامانجانەی هەمانبوون تا ئابوورییەکی لە هی ئێستا زۆر باشترمان هەبێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە سزامان لەسەر دانرابوو. هێشتاش دەبینین کە ئاستەنگ هەن، راستیەکەی هیچ هاوکارییەکمان لە کەسەوە وەرنەگرتووە. بەڵام شتێک کە دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە ئەوەیە لە هەموو ئەو کاتانەدا کە هیچمان نەبوو، هێشتا هیوامان هەبوو. بۆیە ئەگەر هیچم بۆ خەڵک پێ نەکرابێت، هەمیشە هیوام پێداون. ئەوەش بەڕاستی لەسەر پێی هێشتنەوە. سوپاسی کەرتی تایبەتیش دەکەم. کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە هاتنەپێشەوە و گرتنەئەستۆی بەرپرسیاریەتی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. زۆر جار پرسیار دەکرێت سندووقی ئەم هەموو پڕۆژەیە لەکوێ دەهێنن؟ ئێمە نایهێنین. کەرتی تایبەت دەیکات. تەنیا ئەوەیە چۆن میکانیزمی گونجاو دەدۆزیتەوە و کار لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکەیت بۆ رێزگرتن لێیان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان، ئەمە یەک. دووەم، دەبینن کە، هەندێک جار گازندە دەبیستین کە بۆچی لە هەندێک ناوچەدا پڕۆژەی زیاتر هەیە و لە هەندێک ناوچەدا پڕۆژەی ئەوەندە زۆر نییە. پشتیوانیی ناوخۆیی و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کەرتی تایبەتی ناوخۆ وەڵامەکەن. لە هەندێک ناوچەدا، کەرتی تایبەت زیاتر متمانە بە دەسەڵاتی ناوخۆ دەکات. بۆ نموونە، لە هەولێر و دهۆک ئەم گەشەسەندن و پێشکەوتنە دەبینیت، بەڵام لە هەندێک ناوچە نایبینیت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ کەرتی تایبەت ناچار دەکەن ببێتە هاوبەشیان و پشکیان پێبدات. بێگومان ئەوە یارمەتیدەر نییە. پشتیوانی ناکات. بۆیە پێموایە خراپیی حوکمڕانی، حوکمڕانیی ناوخۆیی تا رادەیەک بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەندێک جار بە هەڵە لێکبدرێتەوە یان بڕیاری نادروستی لەسەر بدرێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کاتێک متمانە دروست دەکەیت، بە دڵنیاییەوە دەتوانیت پشتیوانیی کەرتی تایبەت بەدەستبهێنیت و پێکەوە کار بکەن. ئەوەی ئێمە کردمان ئەمەیە. دڵنیاتان دەکەمەوە دەمانتوانی زۆر زیاتر بکەین ئەگەر پشتم بگیرایە لە ناوخۆ و ناوچەکەشدا، زیاتر لەوەی هەمانە.
پێشکەشکار
دوا پرسیارم، جەنابی سەرۆکوەزیران: کە ماوەیەک لە ژیانت لە ئەمریکا بوویت، پێموایە بە فەرهەنگی ئەمریکی کاریگەرت، نازانم راستم یان نا، بەتایبەت کە باسی دیموکراسی دەکەیت و بینیمان دیموکراتەکان بردیانەوە، ساڵی داهاتووش رەنگە کۆمارییەکان، سەرنجت لەسەر ژێرخانە و دەتەوێت هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی گەشەسەندوو بێت، ئەگەر لێت بپرسم، کام پڕۆژەیە جێی شانازیتە، باسی کولتووری ئەمریکیشت کرد، چونکە شتێک هەیە پێی دەڵێن (لێگەسی) مرۆڤ دەیەوێت دوای جێهێشتنی پۆستەکەی چۆن یادی بکەنەوە چیت لە خەڵکی کوردستان دەوێت؟ دەتەوێت چۆن یادی مەسرور بارزانی بکرێتەوە؟
مەسرور بارزانی:
دەمەوێت باوەڕ بکەن کە من بەوپەڕی دڵسۆزی و توانامەوە خزمەتم کردوون. خۆشحاڵی و رەزامەندیی ئەوان، گەورەترین پاداشتە بۆ من. هیچم لەوان ناوێت. دەمەوێت دڵخۆش بن. دەمەوێت ژیانێکی باش بژین. ئەوە گەورەترین پاداشتمە. بێگومان لە خەڵک فێر دەبیت. لە ئەمریکا بووم، لە ئەمریکا خوێندم، بەڵام زۆربەی ژیانم لێرە ژیاوم. کەواتە کاتێک هەست بە خەڵکەکەت دەکەیت، کاتێک لەگەڵیان دەژیت، داهاتوویان لەگەڵ بنیاد دەنێیت، ئامادەیت لەگەڵیان بژیت و بمریت، ئەمە ئەو پەیوەندییە دروست دەکات لە نێوان تۆ و خەڵکدا. دەمەوێت ئەو پەیوەندییە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر بێت. گەلەکەم باشترین سەرمایەن، باشترین دەستکەوت و هەموو شتێکی ئێمەن.
پێشکەشکار
جەنابی سەرۆکوەزیران، سوپاس بۆ ئەم دیدارە، خۆزگە کاتی زیاترمان دەبوو، زۆر شت هەیە بیڵێین، بەڵام بە هیوای دیدارێکی دیکە لەگەڵتان، بەو هیوایەین بە زوویی. سوپاس بۆ پێشوازیکردن و پێدانی ئەم دەرفەتە. بینەران، لەم دیدارە تایبەتەدا بووین لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی تا دیدارێکی دیکە.







