ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕابگەیەنن و ئێستا سەرجەم ئامادەکارییەکان لە سنووری سێ شارەوانی لە قۆناغی کۆتاییدان.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕوونیکردەوە، پرۆسەکە بە شێوەی تیروپشک بەڕێوەدەچێت و زەوییەکان دەکەونە شوێنێکی گونجاوی شار و زۆربەیان کەوتوونەتە سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان هەولێر - دهۆک.
بەگوێرەی ئامارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ناوی 83 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و تا ئێستا لە چوارچێوەی هەشت قۆناغدا، زیاتر لە 50 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراون و کارەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی تا سەری ساڵی نوێ پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی کەورگۆسک، دارەشەکران، شەمامک و کۆیەش دەستپێبکات.







