ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەم، لە درێژەی هەڵمەتەکانی لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، بە سەرپەرشتیی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بە یاوەریی هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی، بڕی 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگرین کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەناوبردران.
لەو بارەیەوە، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر دووپاتی کردەوە کە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە یارییە ئاگرینەکان و جۆرەکانی ڤەیپ بە شێوەی نایاسایی و بەبێ مۆڵەتی فەرمی بە تەواوی قەدەغەیە چونکە جگە لە زیانە تەندروستییە مەترسیدارەکانیان، دەبنە هۆی دروستکردنی پشێوی، بێزارکردنی هاووڵاتییان و مەترسیی گەورەی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی نەخوازراو لە سنوورەکەدا.
هەروەها قایمقامیەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتەکانی پشکنین لە نێو بازاڕ و کۆگاکاندا بەردەوام دەبن، هۆشداریشی دا کە هەر کەس و لایەنێک سەرپێچی لە ڕێنمایییەکان بکات و بازرگانی بەو کەرەستانەوە بکات، ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.






