ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ شێخ جەمال ئەلزاری، ئەمینداری گشتیی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی، دۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پەرەسەندنە ناوخۆیییەکانی وڵاتیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان و کارکردنی هاوبەش کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بەرژەوەندیی وڵات بکات.
دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە پێویستە عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان بەدوور بگیرێت و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بپارێزرێت.







