سەرچاوەیەکی بەشدار لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بە ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکانی کەنداو داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە لە هێرشکردنە سەر ئێران خۆی بەدوور بگرێت، ئەمەش لە ترسی ئەوەی تاران هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبیی کەنداو جێبەجێ نەکات لە ئەگەری هەر پەلامارێکی سەربازی بۆ سەری.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن و لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، لەنێویاندا جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA)، داوای کردبوو هێرشێکی هاوبەشی ئەمەریکی و ئیسرائیلی بکرێتە سەر ئێران و زانیاریی هەواڵگریی نوێشی پێشکەشی واشنتن کردبوو.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ لە ڕێکەوتی 9ـی تشرینی دووەمدا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەز دەبێتەوە. جێی ئاماژەیە قەتەر نێوەندگیریی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترەمپ پێیوایە هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران هێندە وێرانکەر و کاریگەرن کە پێویست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە ناکات، بەڵام هاوکات جەختیشی کردەوە کە سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ ڕێگریکردن لە تاران لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.







