سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە 17ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای هەموارکراوی ژمارە 17ـی ساڵی 1993ی پارتەکان، فەرمانێکی بە واژۆی وەزیری ناوخۆ دەرکردووە کە تێیدا ناوی "هاوپەیمانیی نیشتمانی" گۆڕدراوە بۆ "هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی" و بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە نووسراوێکی دیکەدا کە لە 8ـی ئەم مانگە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراوە، وەزیری ناوخۆ داوای کردووە لەسەر داواکاریی فەرمیی پارتی (هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان)، سەرجەم بارەگاکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە هەولێر و سلێمانی دابخرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگاری هەولێر دوێنێ 18ـی مانگ بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، و ئەمڕۆش لە لایەن هێزێکی هاوبەشی نوێنەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، پۆلیس و ئاسایشەوە، فەرمانەکە جێبەجێ کرا و بارەگاکە داخرا.






