گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک وەزیرانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمەریکا ڕازی بووە بە دابینکردنی بەردەوامی نەختینە و بەم نزیکانەش کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار دەگاتە عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود داغر، ڕاوێژکاری پارێزگار و گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: هەوڵ و ڕێکارە دیپلۆماسییەکانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران لە ڕازیکردنی بانکی ناوەندیی ئەمەریکادا بۆ دابینکردنی بەردەوامی پارەی نەختینەی بیانی (کاش) سەرکەوتوو بوون، بڕیاریشە لەم نزیکانەدا کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش بە بەهای یەک ملیار دۆلار بگاتە عێراق.
مەحموود داغر ئاشکرای کرد، بەهای هەر بارێکی نوێ نزیکەی (500) ملیۆن دۆلارە، هاوکات بەردەوامیی هاتنی ئەم دراوە بیانییە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و نەهێشتنی ناهاوسەنگیدا.
بەپێی قسەی شارەزایانی بانکی ناوەندیی عێراق، پەیڕەوکردنی ئەم پلانە لە زیادکردنی نەختینەدا، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕاستەوخۆی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان و سەپاندنی سەقامگیری لە تەواوی بازاڕە ناوخۆیییەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا.







