بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا، بۆ ماوەی مانگێکە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمەریکا بە تەواوی وەستاوە، وڵاتانی کەنەدا و ڤەنزوێلا لە پێشەنگی لیستی دابینکەرانی نەوتی ئەمەریکان.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە: تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە (10) وڵاتی سەرەکییەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە پێنج ملیۆن و 407 هەزار بەرمیل بووە، بە بڕی (107) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبوونەوەی تۆمار کردووە.
بەپێی داتاکان، وڵاتی کەنەدا بە تێکڕای سێ ملیۆن و 902 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە پێشەنگی لیستی هەناردەکارانی نەوتە بۆ ئەمەریکا، هەروەها ڤەنزوێلا بە (571) هەزار بەرمیل دووەم گەورە دابینکەری نەوتە، بەڕازیل بە (183) هەزار بەرمیل لە ڕیزبەندی سێیەمدایە و عەرەبستانی سعوودیەش بە (176) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی چوارەمی گرتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بۆ ماوەی مانگێکە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمەریکا گەیشتووەتە سفر و لەو ماوەیەدا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی عێراق لە بازاڕی ئەمەریکادا هاوردە نەکراوە.







