نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 114 دۆلار بەرز بووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی ئایاری ڕابردووەوە، هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆی سعوودی دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئایارەوە تۆمار کرد و گەیشتە (114) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی پێنجشەممەش بە ڕێژەی زیاتر لە 3% بەرز بووبووەوە و گەیشتبووە سەرووی (112) دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی نەوتی پێوەری "وێست تێکساسی ئەمەریکی" لە مامەڵەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا، (100) دۆلاری تێپەڕاند، هەروەها نرخی نەوتی "مۆربان"ـی ئیماراتیش کە وەک پێوەرێک بۆ نرخی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، زیاتر لە چوار دۆلار بەرز بووەوەوە و گەیشتە (114) دۆلار و (30) سەنت.
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" ئەم هەڵکشانە لەناکاوەی نرخی نەوتی بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی حووسی بۆ سەر بنکەکانی وزەی سعوودیە و دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سعوودیە (ئارامکۆ) لە چەند کێڵگەیەک گەڕاندەوە.







