ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەم، لە دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسیدا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی ڕامی نووری، جێگری سەرۆک و مونا نەبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان، پێشوازییان لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی دیپلۆماسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوە یاساییەکان بۆ کاراکردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جەخت لە پاراستنی پێگە و قەوارەی دەستووری و شەرعیی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
د. ڤاڵا فەرید لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە گوێرەی ماددەکانی (46، 47 و 48) لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992 (هەموارکراو) و پەیڕەوی ناوخۆ، و ئەم هەنگاوەی بە پێویستییەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەقەڵەم دا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دواکەوتنی دوو ساڵە لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا، جگە لە پەکخستنی پڕۆسەی یاسادانان، مەترسیی لەسەر پاراستنی شەرعییەتی قەوارەی هەرێم دروستکردبوو.
سەرۆکی پەرلەمان داوای لە سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان کرد بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەرەکییەکانیان لە چاودێری و یاساداناندا، و ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەرجەم پێکهاتەکاندایە.
لەلایەن خۆیانەوە، جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان جەختیان لە کاراکردنەوەی دەزگای یاسادانان کردەوە وەک گەرەنتییەک بۆ مسۆگەرکردنی مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان.
هاوکات، کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستخۆشییان لە دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمان کرد وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی، و خواستی خۆیان بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە.







