بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم دراوە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە هەردوو کەرتی حکوومی و تایبەتدا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی باری کەشوهەوا و ڕێژەی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، دەسەڵات دراوەتە زانکۆکان و پەیمانگەکان بۆ ئەوەی بەپێی هەڵسەنگاندنی مەیدانیی خۆیان و لە کاتی پێویستدا، بڕیار لەسەر ڕاگرتنی دەوام لە سنوورەکەیاندا بدەن.







