بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی زاخۆ، ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەم، لە دەوروبەری کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بوونی تاوانێکی کوشتن لە سنووری گوندی "دۆلا" لە دەوروبەری شاری زاخۆ ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمە پسپۆڕەکانی بەڵگەی تاوان، نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی فریاکەوتن و چالاکییە مەدەنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد.
لە ئەنجامی پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە هاووڵاتییەک بە ناوی (ز. هـ. ع) تەمەن 36 ساڵ، بە فیشەکی چەکی جۆری دەمانچە پێکراوە و گیانی لەدەستداوە، دواتریش تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی زاخۆ کراوە.
پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە درێژەی بەدواداچوونەکاندا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا کراوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دەرچووە؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری تاوانەکە پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە و لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆسیەکە بەردەوامە.







