ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەم، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی تورکیا کرد و لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. فازڵ میرانی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمان و هیوای خواست تەواوی لایەنە سیاسییەکان کێشە و ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و پێکەوە بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ئەرمان تۆپچو هەنگاوی دەستپێکردنەوە و کاراکردنی پەرلەمانی بە شێوازێکی ئەرێنی نرخاند و هیوای خواست هەموو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ هاوکات بەردەوامیی ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستانی بە گرنگ زانی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باش و پتەودایە و لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەو پێشچوونی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت.







